سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام بەردەوامە لە پشتیووانیکردنی پەکەکە. هۆشداریشی دایە یەکێتی و وتی، دەتوانین بەرگەی زۆر بابەت بگرین، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر مانەوە و ئاساییشی نیشتمانیمان، دەرگاکانی لێبووردەیی تا کۆتایی دادەخەین.
لەکاتی گەڕانەوەی لە قاهیرە بۆ وڵاتەکەی ڕۆژی پێنجشەممە، 15-2-2024، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەڤانانی دایەوە کە یەکێک لەو پرسیارانە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە -سلێمانی و کۆبوونەوەکەی بوو لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دوبەی.
سەرۆککۆماری تورکیا وتی، ئێمە چەندین جار هۆشداریمان لەبارەی ئەو هەڵوێستە نەرێنییەی سلێمانی داوە. پێمان وتن؛ لەوێ چەند پێکهاتەیەک لە ناوچەکە دەبینین، دەرفەتیان پێ مەدەن. ئەگەرنا تەنیا دەمێننەوە.
لە 03-04-2023، کۆمپانیای تورکیش ئێیرلاینز گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە تاوەکوو ئێستا ڕاگرتووە؛ چەندین جاریش بڕیارەکە درێژکراوەتەوە. لەبارەی هۆکاری ڕاگرتنەکەوە تورکیا دەڵێت: چالاکییەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سلێمانی چڕبوونەتەوە و ڕێکخراوەکە دزەیکردووە بۆ نێو فڕۆکەخانە و ئەوەش هەڕەشەیە لە ئاساییشی گەشتە ئاسمانییەکان.''
لە دوایین بڕیاردا، تورکیا ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی، بۆ شەش مانگی دیکە و تاوەکوو 22ی 6ی 2024 درێژکردووەتەوە.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لەگەڵ هەولێر لە پەیوەندییەکانی زۆر باشدان و سەبارەت بە سلێمانیش وتی، سلێمانی، هەمیشە دەستمان بەسەریەوەیە و شوێنێکە هاو نەژادەکانی ئێمەی لێیە. لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا لەگەڵ هەولێر لە ئاڕاستەیەکی باشین و بەرەوپێش دەڕۆین. بەڵام سلێمانی، واتە ئیدارەی ی ن ک سەرەڕای ئەوەی چەندین جار ئاگادارمان کردوونەتەوە، بەداخەوە بەردەوامە لە پشتیووانیکردنی ڕێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکە/یەپەگە/پەیەدە.
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لەوە کرد لە دیدارەکەیان لەگەڵ مەسرور بارزانی لە دوبەی باسیان لەو بابەتە کردووە و ڕایگەیاند، لە دیدارەکەماندا ئێمە بابەتەکەمان خستە بەر باس و ئاگادارمان کردنەوە. با هیچ کەسێک چاوەڕێی هەڵوێستێکی جیاواز لە ئێمە نەکات. کاردانەوەی پێویستمان دەبێت. ئەم بابەتە فەرامۆش ناکەین و ئەو هەنگاوانە دەنێین کە لەدەستمان دێن. دەتوانین بەرگەی زۆر بابەت بگرین، بەڵام کاتێک باسەکە دێتە سەر مانەوە و ئاساییشی نیشتمانیمان، دەرگاکانی لێبووردەیی تاوەکوو کۆتایی دادەخەین و ئەوەی پێویستە دەیکەین.
ئەردۆغان هەروەها ڕایگەیاند، ئەگەر ئامانج لەو هەنگاوانە دوژمنداری بێت، کاردانەوە و ڕێکاری پێویستیان دەبێت، هەروەها سڵناکەنەوە لە هەنگاوی تووندتر.
ئەردۆغان بە گشتی وەڵامی پرسیارێکی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێراق و تورکیا دایەوە و وتی، تورکیا بەرانبەر دۆست، دۆستە. وەزیری دەرەوەمان هاکان فیدان، وەزیری بەرگریمان یاشار گولەر و سەرۆکی MIT ئیبراهیم کاڵن بەدوای یەکەوە سەردانی ئێراقیان کرد. ئەم سەردانانە ئەو کەشەیان ئارام کردەوە کە پێشهاتی نەرێنییان لە ئێراق درووستکردبوو. هەروەها پێشهاتی باش بوون لە بابەتی هەنگاوی ئەرێنی لە پەیوەندییەکانی تورکیا -ئێراق چ لەگەڵ حکومەتی ناوەندی و چ لەگەڵ باکووری ئێراق.
لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەردۆغان ڕایگەیاند، دوای نیشاندانی ڕاستگۆیی و مەردایەتی، بەتایبەتیش دوای ڕێگەنەدان بە درووستکردنی 'ستان'ی تیرۆرستان لە بنپاڵی سنوورەکانی باشوورمان، ئێمە هەموو جۆرە هەنگاوێک بە یەکەوە لەگەڵ دراوسێکانمان دەنێین. ئەو ڕێزەی ئێمە بەرانبەر یەکێتیی خاکی ئێراق و سووریا نیشانی دەدەین، هیچ کەسێک نیشانی نادات.
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، 06-02-2024، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک، سوپاسالاری ئەو وڵاتە گەیشتنە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.
ئەو دوو بەرپرسە تورکییە چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامدا، لەوانە لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی کۆبوونەوە. دواتریش لە هەولێر لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆبووەوە و بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت، لە کۆبوونەوەکە لەگەڵ یاشار گولەر باسی بڕیارەکانی تورکیا سەبارەت بە ڕاگرتنی گەشتەکانی تورکیا بەڕووی ئاسمانی سلێمانیدا کراوە.
ڕۆژی 04-02-2024، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی ڕایگەیاند، یەکێتی لە سلێمانی هاوئاهەنگی لەگەڵ پەکەکەدا هەیە و ئەم ڕاستییە لەمێژە لە ڕۆژەڤماندایە، بەتایبەتیی لە ڕووی هەواڵگریشەوە زۆر لە نزیکەوە چاودێریمان کردووە.
باسی لەوەشکرد بەرلەوەی ئەم بابەتە بۆ ڕای گشتیی ئاشکرا بکەن، زۆر هەوڵیانداوە ''بە هێمنی و بێدەنگی چ لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە بێت، یان لە ڕێگەی میتۆدە کارپێکراوەکانی هەواڵگرییەوە، چارەیان بکەن'' بۆ ئەمەش چەندینجار لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتیی لە سلێمانی دیدار و کۆبوونەوەیان کردووە.
هاکان فیدان وتی، لە هەر دیدارێکماندا بە ڕاشکاوی پێمان گوتوون دەمانەوێت سنوورێک بۆ پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پەکەکە دابنێن.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، 18-09-2023 بە درۆن هێرشکرایە سەر هۆڵێکی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵیی عەربەت. دوای هێرشەکە، دژەتیرۆری سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، سێ پێشمەرگەمان شەهید بوون و سێ ئەندامی دیکەیان بریندار بوون.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی سێشەممە، 19-9-2023، ڕاگەیێندراوێکی لەبارەی ڕووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێشهاتەکانی ئەو تەقینەوەیەی ڕۆژی 18-09-2023 لە فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی ڕوویدا، جێگەی سەرنجن. وا زانراوە لەکاتی تەقینەوەکەدا ئەندامانی گرووپی دژەتیرۆری سەر بە یەکێتی لەگەڵ تیرۆریستانی پەکەکە/یەپەگە ڕاهێنانیان کردووە.[1]