پەڕڵەمانتارێکی پێشووی مەهەپە: گەلێک بەناوی کورد نییە و هەمووی ڕۆڵەی تورکن
کۆسار عوسمان
پەڕڵەمانتارێکی پێشووی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (#مەهەپە# ) لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لەبارەی کوردانی باکووری کوردستان قسەیکرد، هەموو کوردی بە تورک ناوبرد و ڕەتیکردەوە شتێک بەناوی گەلی کورد هەبێت.
بەرنامەکە ڕۆژی شەممە، 10-2-2024، لە کەناڵی Akit tv بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێشکەشکرا. ئەگەرچی تەوەری بەرنامەکە تایبەت بە گەلی کورد و مێژووی کورد نەبوو، بەڵام ئەحمەد چاکار، پەڕڵەمانتاری پێشووی مەهەپە لە باسە سەرەکییەکە لایدا و ڕەخنەی لە میوانێکی دیکەی تورک گرت کە گوتبووی گەلی کورد. ئەحمەد چاکار لەمبارەیەوە وتی: لەو ناوچەیەدا خەڵکێک هەن کە بەڕەچەڵەک کوردن و بە زمانی کوردی قسەدەکەن، بەڵام ڕۆڵەی ڕەسەنی تورکن. تەنانەت لەو زمانە کوردییەی ئەواندا 5000 وشەی تورکی هەیە. گەلێک نییە بە ناوی کورد. کورد بەشێکی دانەبڕاوی گەلی تورکن و ڕۆڵەی ڕەسەنی تورکن. گەلێکی جیاواز لە ئارادا نییە. جیاکردنەوەی کورد لە ئێمە بێنامووسییە، بێشەرەفییە و سپڵەییە.
ئەو پەڕڵەمانتارەی پێشووی مەهەپە پێیوایە دەستەواژەی گەلی کورد لەگەڵ یاسا، کۆمەڵناسی و دەروونناسی ناگونجێت، هەروەها وتی: ئەمە لەگەڵ ڕاستییەکانی مێژووش ناگونجێت. چۆن دەبێت باسی لە گەلێکی جیاواز بکرێت و بگوترێت گەلی کورد؟ تەنانەت ئەمەش تاوانە.
ئەحمەد چاکار هەروەها ڕایگەیاند پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هێرشی کردووەتە سەر ئەو گوندانەی بە ڕەسەن کوردن، بەڵام خۆیان لەو گوندانە لاداوە کە گوایە ئەرمەنی بوون و دواتر بوونەتە کوردنشین.
ئەم گوتانەی ئەحمەد چاکار نەک لەگەڵ مێژووی کورد ناکۆکە، بەڵکوو لەگەڵ لێکۆڵینەوە و وتەی مێژووناسە تورکەکانیش یەکناگرێتەوە؛ ئیلبەر ئۆرتایڵی، نووسەر و مێژوونووسی تورک لە بەرنامەیەکی کەناڵی خەبەرتورک وەڵامی پرسیارێکی لەمبارەیەوە دایەوە و وتی: کوردەکان و ئەرمەنەکان زۆر پێش تورکەکان هاتوونەتە ئەنادۆڵ. مێژووی نووسراوی ئەرمەنەکان لە سەدەی چوارەم دەستپێدەکات، بێگومان ئەوان پێش ئەو کاتەش لێرە بوون. کوردەکانیش زۆر دەمێکە لێرەن، تەنانەت دیاریکردنی کاتی نووسینی ئەوان، هێندە ئاسان نییە.
ئەمە یەکەمین لێدوانی لەمجۆرە نییە لەلایەن بەرپرسانی مەهەپە سەبارەت بە کورد. مەهەپە پارتێکی نەتەوەپەرستی تورکپەرستە. ئاکپارتی کە ئێستا هاوپەیمانی مەهەپەیە، ئەم جۆرە لێدوانانە لە بەرپرسانی ئاکپارتی نابینرێت، بگرە لەنێو ئاکپارتیدا کورد پۆستی باڵای لە حزب و حکومەتدا پێدراوە.
ئەردۆغان: وشەی کورد و کوردستان لە گوتەکانی غازی مستەفا کەمال و دۆسییەکانی پەڕڵەمان هەیە
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ساڵی 2013 سەرگەرمی پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد بوو و ئەو کاتە جەهەپە و مەهەپە دژایەتییان دەکرد. ئەردۆغان لە وتارێکیدا لە پەڕڵەمانی تورکیا وتی: ئەمڕۆ مەهەپە و جەهەپە دژایەتی ئەمە دەکەن. با بڕۆن دۆسییەکانی سەرەتای دامەزرانی پەڕڵەمان بخوێننەوە، ڕووبەڕووی هەموو ئەو شتانە دەبنەوە کە ئێستا دژایەتی دەکەن. لە سەرووی هەمووشیانەوە لە گوتەکانی غازی مستەفا کەمال دەیبینن. دەبینن کە وشەی کورد لەم پەڕڵەمانە بەکارهێنراوە. وشەی کوردستان لە دۆسیەی ئەم پەڕڵەمانە دەبینن.
پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ڕۆژی 9-2-1969 لەلایەن ئاڵپئارسڵان یورکێش دامەزراوە. درووشمی ئەو پارتە سێ مانگی هیلالی ڕەنگ سپییە لەنێو بازنەیەکی سووردا. مەهەپە پارتێکی ڕاستڕۆیە و ئایدۆلۆژیاکەی نەتەوەیی تورکچییە. مەهەپە لە کۆی 600 کورسیی پەڕڵەمانی تورکیادا 49 کورسیی هەیە. [1]