قەڵای دمدم و سەرهەڵدانی کوردان
شادی
قەڵای دمدم یەکێکە لەو شوێنە مێژووییانەی کە بەهای بەردەوامی هەیە و بووەتە پەرستگایەک بۆ کورد.
قەڵای دمدم بە دووریی 18 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژاوای شاری #ورمێ# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکەوتووە و تەنانەت ئەمڕۆش کورد ئەو قەڵایە بە شوێنێکی پیرۆز دەزانێت. ئەم خۆڕاگرییە زۆرجار بە شەڕی کافر و موسڵمان ناوزەد کراوە، بەڵام ئەم بەرخۆدانە چیرۆکێکی هەڵبەستراو نییە، بەڵکوو ڕووداوێکی ڕاستەقینە سەبارەت بە خواستی گەلی کورد بۆ ئازادییە. ئەم یاخیبوون و خۆڕاگرییە مێژوویەکی گرنگی هەیە و هەروەها لاپەڕەیەکی لە مێژووی سیاسی کوردستاندا هەیە، کە دەسەڵاتداران و ستەملێکراوان بەرەنگاری یەک بوونەتەوە و کورد ملکەچی نەبووە.
قەڵای دمدم لەسەر گردێک بەو ناوەوە درووستکراوە. هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە قەڵاکە لە سەردەمی ساسانییەکان درووستکراوە و شازادەی کورد جارێکی دیکە ئاوەدانی کردووەتەوە.
لەسەدەی 17دا و لە ساڵی 1609 لە ناوچەی ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، میری کورد میرخان لەپ زێڕین (برادۆستی) لە دژی سیاسەتی سەفەوییەکان کە دەیانویست دیمۆگرافیای کوردستان بگۆڕن، خەباتی کرد. سەرکردە و قارەمانەکانی ئەم شەڕە بریتین لە میرخان برادۆستی، شا عەباس سەفەویی یەکەم، خان ئەبداڵخانی موکری، خاتوون خانم و مەحمود ئالەکانی.
لە سەردەمی سەفەوی و عوسمانیدا، تا ئێستا کوردستان هەمیشە گۆڕەپانی شەڕە توندەکان بووە، بەڵام کورد هەمیشە خۆی پاراستووە و سەرەڕای هەموو تێچوون و سەختییەکان، وەک نەتەوەیەکی خاوەن ناسنامە ماوەتەوە.
ئەمیرخان برادۆستی یەکێکە لەو کەسایەتییە بەناوبانگانەی کە ئەم ڕێبازەی پەیڕەو کردووە. هەر بۆیە ناوەکەی لە هەر چوار پارچەی کوردستان ناسراوە و گۆرانیبێژ و شاعیرانی کوردیش وەک پاڵەوانێکی نەتەوەیی باس لە خانی لەپزێرینی برادۆستی دەکەن. میرخان لە کاری چاودێریی ئەسپەکانی شا عەباس و تەنانەت شوانی و گاوانییەوە دەست پێدەکات، تا دەبێتە جەنگاوەرێکی ئازا و سەرکردەی دۆزی ڕەوای گەلەکەی.
میرخان لە عەشیرەتی برادۆستی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. لە کاتی شەڕی نێوان خۆی و ئێرانییەکان تەمەنی لەنێوان 45-50 ساڵدا بووە. دوای ئەنجامدانی کاری جۆراوجۆر، دواجار لە شەڕێکدا لەگەڵ ڕووسەکان لە سوپای سەفەویدا ئازایەتیی خۆی نیشان دا و لە کاتی شەڕەکەدا دەستێکی لەدەستدا. بەهۆی ئەم بارودۆخە و پێزانینی کارەکانی، شای ئێران مۆڵەت دەدات کە دەستێکی ئاڵتوونیی سووری بۆ درووست بکات هەر بۆیە بە ناوی خان لەپزێڕین یان چنگزێڕین ناوبانگ دەردەکا. لەنێو کوردیشدا وەک پێشەوا و ڕێبەر کەسێکی خۆشەویستە. بەهۆی ئەوەش پلەوپایەی لەنێو سەڕۆکە کوردەکاندا لە پلەی هەموو کەسانی هاوسەردەمی زیاتر بوو.
ئەم ڕێبازەی خانی لەپ زێرین گرتبوویەبەر ترسێکی گەورەی خستبووەوە دڵی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی سەفەوییەوە و ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە ورمێ و تەورێزەوە دەگەیشتنە شا عەباس سەفەوی لە ئەسفەهان، باسیان لە نیازی خراپی حاکمی کورد کرد.
بۆیە پرسی قەڵای دمدم ناسنامەی شەڕی کوردە لە دژی سەفەوییە بکوژەکان، بە ئامانجی پاراستنی شەرەف و شکۆمەندی و کەرامەت و هەست و ناسنامەی نەتەوەیی و خاکی وڵاتێک بە ناوی کوردستان.
هەر بۆیە مرۆڤ دەتوانێت بڵێ دەنگی هاواری قارەمانانی کورد و خانە کوردەکان کە دەیانوت ڕۆژ ڕۆژی مانەوە و شەرەف و تێکۆشانە، لە مێشک و یادەوەریی مێژوودا مایەوە. دەنگی کچ و بووکەکانی کورد کە بە هەلهەلەوە خۆیان لە قەڵای دمدم فڕێ دەدەنە خوارەوە بۆ ئەوەی کەرامەتیان نەشکێت، لە گوێی هەموو ئێمەی کورددا زیندووە.[1]