مەها حەسەن لە جەنگی نەریتەکاندا.
عەلی حسێنی، (سەقز)
خوێندنەوەی ڕۆمانی کچانی #چیرۆکخوان# ی مەها حەسەن، ڕۆماننووسی کوردی عەرەبی نووسی ڕۆژاوایی، هەر وەها کوورتەیەک دەربارەی وەرگێڕانی ڕۆمانەکە بە وەرگێڕانی #سەباح ئیسماعیل#.
لە وڵاتانی عەرەبیدا، وا دەردەکەوێ میسر هەمیشە لە بوارگەلی هونەر وەکوو، مووزیک، شانۆ، سینەما و… ، هەر وەها لە ئەدەبیاتا، لەناو سەرلەبەری جیهانی عەرەبیدا پێشەنگ بووبێت. سووریا لەو وڵاتە عەرەبییانەیە کە ئێمە ڕەنگە ئەوەندەی میسر ئاگاییمان لێی نەبووبێت یان ڕەنگە بە بۆنەی ئاڤانگارد بوونی وڵاتی میسر لەناو وڵاتانی عەرەبدا، هەوڵە هونەرییەکانی وڵاتانی دیکەی عەرەبی وەکوو سووریا کەمتر دەرکەوتبێتن. من پێشتر لە ڕێگەی #جان دۆست# ەوە بە قەڵەم و داڕشتنەوەی شیاوی وریا غەفووری بۆ سۆرانی تا ڕادەیەکی بەرچاو لەگەڵ مێژووی سووریا و پێشینەی بەشی ڕۆژاوای کوردستان ئاشنا بووم؛ هەر وەها لە ڕێگەی ڕۆمانی عەشیقی وەرگێڕەوە بە وەرگێڕانی سەباح ئیسماعیل، کە هەندێک تیشک دەخاتە سەر مێژووی شام و لە قووڵایی سەدەگەلی پێشوودا سەفەری پڕ مەترسیی عەشیق و هاوڕێیانی لە شامەوە بۆ ڕۆم بە بەلەم نیشان دەدا، تا ڕادەیەک تەم و مژەکانم لەسەر سووریا بۆ ڕەوییەوە. بارودۆخی سووریا بە تایبەت لەم چەند ساڵەدا دواییەدا جۆرێکە کە تاکەکەس کەمتر چاوەڕوانی کاری هونەریی لێدەکات؛ ئەوەش بەو بۆنەیەوە کە جەنگ باڵی ڕەشی بە سەر ئەو وڵاتەدا کێشاوە.
مەها حەسەن یەکێک لەو دەنگە کوردە بە عەرەب بووانەیە کە ڕەنگە تەنانەت ناویشمان نەبیستبێ؛ ئەوەش هونەری وەرگێڕانە کە دەبێتە هۆی ئەوەی هونەرەکان بگوێزرێنەوە بۆ وڵاتانی دیکە و نووسەران لە سەرزەمینگەلی جۆراوجۆر خوێنەری خۆیان بدۆزنەوە و تەنانەت کارەکانیشیان بکەوێتە بەر ڕەخنە و توێژینەوە. ئەم خاتوونە ڕۆماننووسە لە (کچانی چیرۆکخوان) دا بە دەسەڵات و ئاگایی بە سەر دنیای کلاسیک و مودێڕندا مامەڵەی لەگەڵ بەردەنگ جۆریکە، کە زۆر جار وەک چەشنێ لە چاوشارکێ شیرازەی خوێندنەوەکە لە دەستی خوێنەر دەردێنێ بەڵام دیسان هەوڵ دەدا بیخاتەوە سەر هێڵی ڕاست و درێژە بە کارەکەی بدات. گۆڕینی خێراخێرای ڕاوی، بەشێکە لەم چاوشارکێیه. خوێنەر زۆر جار لێی دەشێوێ لەگەڵ کێدا ڕووبەڕوویە، ئەبدۆنە، ساباتۆیە، ئەنیسە، ئەلیسە، فریدایە، دالیدایە، کێیە ڕیوایەت دەکات؟! ڕۆماننووس پەیتاپەیتا ئاوازی دەق دەگۆڕێ و پۆلی فۆنی و هەمەدەنگی تەکنیکێکی جیانەکراوە لەم ڕۆمانەیە. هەر ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی بەردەوام بەردەنگ هەست بە نوێبوونی لەحن بکات و نەگۆڕیی دەنگ و تۆن نەبێتە هۆی ماندوو بوونی. خوێنەر هەست بە بێ دەرەتانییەکی خۆش لە بزاڤی ڕستە و وشەکاندا دەکات و هەر چرکە ئەگەری ئەوە هەیە کاراکتەرێک بە دزەخشکێ، ناوی گۆڕاو، یان تەنانەت ڕەگەزی شاراوەوە بێتە دەنگ؛ ئەم تەکنیکەش دەبێتە هۆی ئەوە کە خوێنەری لە بزاڤی دێڕدا نغرۆ بوو، بەردەوام دەبێت هەوڵ بدات سەرە داوەکان پێکەوە گرێبداتەوە و دەروویەکی نوێ بۆ تێگەیشتن بدۆزێتەوە. ئەمەش، سارتەر وتەنی، بێجگە لە بەشدار بوونی چالاکانەی بەردەنگ لە پڕۆسەی دەقدا و هەر وەها چەشنێ لە شهوود و دۆزینەوە بەچی تر دەتوانرێ بهێنرێتە ئەژمار. بە گشتی لە کەسایەتی پەروەریدا، خاتوونی ڕۆماننووس زۆر جار نیوە سیمایەک لە کەسایەتی نیشان دەدا و پاشان ونی دەکات و ئەگەری ئەوە هەیە پاش ناوبڕێک بانگێشتی بکاتەوە. بەڕای من ئەمەش دەکەوێتە خانەی تازەگەریی ڕۆمانەوە. دالیدا، حەلیم، عەزیز و … وەک بروسکە دێن و تێدەپەڕن. جاری وا هەیە نووسەر کەسایەتییەکان لە چینی کراس، توێی پێخەف یان لەژێر مێزی ئاشپەزخانە و … جێدەکاتەوە و هەوڵدەدرێ لە شوێنگەل و شتگەلی جۆراوجۆرەوە دەنگی زیندوو بەرز بێتەوە.
لە نوێگەری لە بواری ناوەرۆکەوە، مەها حسەن زۆر شت دەربارەی تایبەتمەندیگەلی ڕەگەزی مێ دەدرکێنێ و هەر وەها بە شێوەیەکی بوێرانە و تا ڕادەیەک ڕووهەڵماڵراوانە لاپەڕەگەلێک لە ئەشق و سێکس ئاڕاستە دەکات و ئەو شتانەی کە بۆ کۆمەڵگەیەکی ڕۆژهەڵاتی هێشتا هێڵی سوور دەژمێردرێن دێنێتە بزاڤی دەقەوە. کەسایەتیی سەرەکیی ڕۆمانەکە کە ئەبدۆن بێت لەگەڵ ساباتۆ بە شێوازێکی نیمچە سێکسە و هەر وەها جارجار بە سێکسی چڕوپڕی ناو خەو، لێک دەئاڵێنێ. نووسەر ڕەوتی گێڕانەوەکە جۆرێک لێ دەکات کە سێکسی ڕەبەق دەستەبەر نەبێیت و بە ئامێر بوون بۆ سێکس بە دیاردەیەکی نەشیاو بەئەژماردێنێ. سەرەتا ڕەگەزی نێر براوەی یارییەکەیە و ساباتۆ ئامادە نابێت سێکسی ڕەبەق بەکردەوە دەربێنێت. پاشان دوای ئەوەی کە خانمی نووسەر دەقەکە بۆ ساباتۆ تەواو دەکات بۆخۆیشی ئامادە نابێت سێکسەکە ئەنجام بدات؛ کە واهەستدەکرێت نووسەر ئاگایانە بەرگی بەرندەی خستبێتە دەستی ڕەگەزی مێ و ئەو هۆشدارییە بە ڕەگەزی مێ بدا کە خۆ لە بەئامێربوون بپارێزن. ساباتۆ دوای وەرگرتنی دەقی ڕۆمانەکە تا ڕادەیەکی بەرچاو لەسەر بە کردەوە دەرهێنانی سێکسەکە جەخت دەکاتەوە؛ خاتوونی نووسەر لێرەدا ڕۆحییەی هەمە سێکسە و کەڵەشێر ئاسای ڕەگەزی نێر بە باشی بەرجەستە دەکاتەوە. لە سەرەتادا تەنانەت بۆ ڕەگەزی مێیەکەش ناوی ئەبدۆن هەڵدبژێرێ کە بەتەواوی نێر و مێیەتییەکەی ڕوون نەبێت، ڕەنگە بیەەوێت ئەوە بڵێت؛ من تەنیا دەمەوێ نووسەری پەرتووکەکەت بم و تێپەڕبوونی کات ئەمە دەردەخات کە سێکست لەگەڵ دەکەم یان نا. لە لایەکی تریشەوە هەوڵی زۆری ئەبدۆن لە ماوەی درێژەکێشانی پڕۆسەی نووسینەکەدا بۆ بەکردەوە دەرهێنانی سێکس تا ڕادەیەک لەگەڵ ئەم بیرۆکە ناتەبایە بەڵام بە گشتی بزاڤی دەقەکە ئەوەمان پێ دەڵێت کە بە ئامێر بوون بۆ سێکس دیاردەیەکی جوان نییە.
مەها حەسەن بە سەر هەموو هەوڵدان بۆ نوێگەری، تێکۆشاوە ڕۆمانەکە پێیەکیشی لە کلاسیکدا بێت. بە نیشاندانی ئەشقی بێگەردی فریدا و حەلیم، دەیەوێت دیاردەی ئەشق بە شێوەیەکی پاک و بێخەوش بنوێنێت و ئەو حەقیقەتەمان پێ بڵێ کە لە سەردەمی تەکنۆلۆژیاشدا ئەم دیاردەیە دەتوانێت هێشتا بێگەرد بێت. باوکی فریدا هەموو هەوڵی ئەوەیە کە فریدا بنێرێ بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا بە شێوازێکی ئاکادیمیک کاری هونەری درێژە پێبدات بەڵام فریدا وتەکانی باوکی نادیدە دەگرێت و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەڵێت من حەلیمی شوانم هەبێت هیچم ناوێ. بڕوای وایە کە داهێنانی سەرەکییش لە قوتابخانە و زانکۆ و شوێنی بەربەستکراودا بە دەست نایە بەڵکوو مرۆڤ دەبێت پایەکی لە سرووشتا بێت. لێرەدا نووسەر بەجوانی گوزەران کردن و ژیان لێک جیادەکاتەوە و پێمان دەڵێت ژیانی سەرەکی ئەوەیە کە مرۆڤ چیی پێخۆشە بەدەر لە شارۆچکەوەتی خانەوادە و کۆمەڵگە ئەنجامی بدات و تەنانەت هێڵە سوورەکانیش تێپەڕێنێ. سەرەنجام فریدا تەنیا بۆ ئەوەی مەترسی بۆ حەلیم دروس نەبێت ناچار دەبێت سەفەر و ژیان لە هەندەران قبووڵ بکات. لە گەڕانەوەشدا یەکەم شت کە هەوڵی بۆ بدات، ئەوەیە کە بۆ دۆزینەوەی حەلیم دەچی بۆ گوندی سوورەخاک بەڵام هەوڵەکەی ناکام دەبێت.
لە شوێنی ڕوودانی ڕۆمانەکەشدا دیسان خاتوو مەها سەر لە خوێنەر دەشێوێنێ. ئەگەرچی جارجار وا دەردەکەوێ شوێنی ڕووداوەکان فەڕەنسا بن بەڵام بە تێکەڵکردنی هەندێک هێما و نیشانە و ناو و … خوێنەر وا هەستدەکات کە بە شێوەیەکی جادوویی شوێنەکان ئەگەری گوێزانەوەیان هەیە. لە قاوەخانەی شارەزادا سەرەتا وا دەردەکەوێ شوێنی ڕووداوەکە فەڕەنسا بێت بەڵام هەندێک ناو و نیشانە دەبنە هۆی ئەوە خوێنەر هەست بکات وڵاتێ وەکوو ئێران گوێزرابێتەوە بۆ شوێنی ڕووداوەکە. دیسانیش کەسەکان ئەوەندە برق ئاسا خۆیان دەنوێنن کە بەردەنگ سەری لێ دەشێوێ. هەموو ئەم سەر لێ شێواندنانەش لە ڕووی ئاگاییەوە کراون تاوەکوو فۆرمی ڕۆمانەکە نوێگەریی تێدا لەبەرچاو گیرابێت.
بەشی (هونەرمەندەیلێک لەپێناو ئاشتیدا) سەرنجی بەردەنگ زۆر ڕاناکێشێت؛ خوێنەر وا هەستدەکات نووسەر بە شێوەیەکی دەسکرد هەوڵی گرێدانی سەری گوریسەکانی پێکەوە داوە. نووسەر وەک ئەوەی بیهەوێ ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی بدا، دەسکردانە هەوڵدەدا عەلیا و ئەلیس پێکەوە بناسێنێت و ڕاکێشی وڵاتی میسریان بکات و پاشان بپەرژێتە سەرشۆڕشی میسر و بە تاریف لێدانەوە گوزارشی بکات؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە هۆشیارانە چ پێش ئەو بەشە لە ڕۆمانەکە و چ دوای ئەوە خۆی لە قەرەی ڕووداوەکانی سووریا نەداوە. ئەمەش تا ڕادەیەک لەگەڵ ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێت هونەر دەبێت لە خزمەتی ژیان و ئازارەکانی مرۆڤدا بێت، ناتەبایە.
$چەند پەیڤێ دەربارەی وەرگێڕانی ڕۆمانەکە:$
بە بڕوای من سەباح ئیسماعیل ئافڕاندنی دووبارەی دەقەکەی بە شێوەیەکی شیاو و لێزانانە بەکردەوە دەرهێناوە هەر بۆیە توانیویەتی ڕۆحی کوردی بکات بە بەری دەقی نووسەرێکی کوردی عەرەبی نووسدا. لە هەموو بەشەکانی ڕۆمانەکەدا خوێنەر وا هەستدەکات ڕۆحی کوردیی بزربووی نووسەر گەڕێندرابێتەوە بۆ دەقەکە. ئەگەرچی نووسەر لە پێشەکیدا ئاماژە بە نەنکە حەلیمەی و گوندە کوردییەکەی لە دەڤەری عەفرین دەکات بەڵام لە ڕەوتی ڕۆمانەکەدا ئەو هێماگەلە گوم دەبن. زمانی وەرگێڕ هۆکارێکە بۆ ئەوەی بزربوونی ئەو هێماگەلە نەبنە هۆی غەریبی کردنی خوێنەری کورد لە بزاڤی دەقەکەدا؛ وەرگێڕ بە زمانێکی پوخت و لەکڵ دەرهاتوو ئەو ڕۆحە کوردییە دێنێتەوە ناو دێڕەکان. زۆر بە کەمی هەست بە خوێندنەوەی دەقێکی وەرگێڕدراو دەکرێ؛ وەرگێڕ یارمەتیی خوێنەر دەدا وەک دەقێکی سەرەکی مامەڵە لەگەڵ دەقەکە بکات. لەم وەرگێڕانەدا بە گشتی هەوڵ بۆ کۆکردنەوە و لە وڵاشم دەرچوونی زمانی کوردی دراوە کە بە هێنانەوەی نموونەگەلێ دەمەوێ ئەم تێکۆشانە بنوێنم. “ئەبدۆن بە خەتێکی ورد بەڵام جوان و خوێنراو دەینووسی” ئەگەری ئەوە هەبوو بوترایە: ئەبدۆن ورد و جوان دینووسی و خەتەکەی بە باشی دەخوێنرایەوه. هەڵبەت دانانی وشەی “خوێنراو” وەک “خوانا”ی فارسی پەیوەندیی بەوەوە هەیە چەندە پێشوازیی لێبکرێ و قبووڵ کردنی گشتی گرینگە. “لە و ئاهەنگەدا سەندرێلا لەگەڵ میردا سەمای نەکرد، بەڵکوو کاتێک میری لە داڵانە تەنگەکە وەستاند، تەماشای کرد و هەموو هێزی ئاڕاستەی کرد.” بە جێگەی ئەوە بڵێ هەموو هێزی خۆی ئاڕاستەی ئەو کرد دەڵێت: هەموو هێزی ئاڕاستەی کرد. “شیراز بە دەم وابزانم دەیەمین جگەرەیەوە بوو، بزەی هاتێ و پێیوتم.” دەیتوانی بڵێ: شیراز وابزانم لە کێشانی دەیەمین جگەرە دابوو کە پێیوتم؛ بەڵام خۆی لە درێژکردنەوە هەڵبواردووە. بە ڕای من ئەمانە کۆشینێکن بۆ کوورتکردنەوە و لە وڵاشم دەرچوونی زمان. هەوڵی لەم چەشنەش لە وەرگێڕانەکدا بە زۆری دەبینرێن. هەڵبەت بەڕای من لە تێکۆشان بۆ خڕکردنەوی زمانی کوردیدا هەندێک وشە و دەستەواژە درووست بوون کە سەختە بڵێین کێشەدار نین. “تەماشای کاتژمێرەکەمم کرد، ئاماژەی بە دوانزە کەم دە خولەک دەدا.” ئەمە یان پێناسەی زمانی سەرچاوەی پێوە دیارە یان ڕەنگە لە پیت چنییدا هەڵە کرابێت؛ ئەگەر ئاگایانەش وەرگێڕ ئەم کارەی کردبێت، بەڕای من کێشەی هەیە. زۆر سانا دەیتوانی بڵێ: ئاماژەی بە دە خولەک بۆ دوانزە دەدا؛ کە لە قەبارە و ئەندازەدا هەر ئەوەندەی ڕستەکەی وەرگێڕە. “ئەوان دەمانبیستن” هەڵبەت ڕستەی لەم چەشنە لە چەند شوێنێکدا دووپات بوونەتەوە؛ وەکوو خوێنەر بۆم سەختە قبووڵی بکەم بە جێگەی ڕستەی لە دەنگمان تێدەگەن، لەو ڕستەی سەرەوە کەڵک وەرگرم؛ کە وابزانم ئەوەش کاریگەریی زمانێکی تری بەسەرەوەیە. “ئەزبەرکردن” لە فارسییەوە وەرگیراوە زۆر سانا دەکرا “لەبەرکردن” بێت. “دڵی بە کوتەکوت کەوت.” دەیتوانی بڵێ: دڵی کەوتە کوتەکوت. ئەم شێوە بەکارهێنانەش نزیکە لە فارسی. هەڵبەت بەخۆشییەوە شتی لەم چەشنە زۆر کەمن.
$سەرچاوەکان:$
1.اری و نە بە ڕمان نو، ترجمەی منوچهر بدیعی
2.#جیهانی ڕۆمان# ، دوکتۆر هاشم ئەحمەدزادە
3. ڕۆمانی کچانی چیرۆکخوانی مەها حەسەن بە وەرگێڕانی سەباح ئیسماعیل.
[1]