تورکیایی نوێ لە پاکتاوی ڕەگەزییەوە بۆ پاکتاوی زمانی و کولتووری؛ بەشی 02
=KTML_Bold=وینستۆن چێڕچیل و کێشەی زمانی کوردی=KTML_End=
سەردێڕی ئەم نووسینە سەرنجڕاکێشە. ئەو پرسیارە لای خوێنەر درووست دەکا، کە کێشەی زمانی نەتەوەیەکی وەک کورد، چ پەیوەندییەکی بە سەرۆک وەزیری زلهێزێکی گەورەی سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم، واتە بەریتانیاوە هەیە؟
ڕەنگە زۆر یەک لە ئێمە هەر بەخەیاڵیشماندا نەیە، کە کەسی وا کوردی ناسیبێ و گرینگیی بە زمانی کوردی دابێ. بەڵام بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژووی زارەکیی سیاسەتوانانی کورد، جاری وایە شتی دەگمەن و بابەتی دوور لە زەین دەدۆزینەوە.
وەکو دەزانین لە سەردەمی شەڕی جیهانیی دووەم و لە کۆنفرانسی دووەمی قاهیرەدا، سێ وڵاتی ئەمریکا و بەریتانیا و تورکیا بەشدار بوون. فڕانکلین ڕۆزڤێڵت سەرۆک کۆماری ئەمریکا، وینستۆن چێڕچیل سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و عیسمەت ینۆنۆ سەرۆک کۆماری تورکیا، لەو دانیشتنەدا کۆو بوونەوە. مەبەستیش ئەوە بوو، ئەو بابەتە تاوتوێ بکرێت کە ئایا تورکیا بۆ شەڕ لەگەڵ ئەڵمانیایی نازی، بچێتە ڕیزی وڵاتانی هاوپەیمانەوە یان نا. لە ئاکامدا وەکی مێژوو نیشانی دا، بە دژ دەرکەوتنی عیسمەت ینۆنۆ و بیانوو هێنانەوەی، تورکیا سەرەتا بێ لایەنیی ڕاگەیاند، بەڵام لە ئاکامدا و لە ساڵی 1945 دا، تورکیا بە لایەنگری لە هێزە هاوپەیمانەکان، بەشداریی شەڕی جیهانیی دووەمی کرد.
لەو دانیشتنەدا نۆمان مەنەمەجی ئۆغڵوو وەزیری دەرەوی تورکیاش ئامادە بووە. یازدە ساڵ دوای شەڕ و لە ساڵی 1956 دا مەنەمەجی ئۆغڵوو لە ڕێگای پڕۆفیسۆرێکی بواری یاسا بە ناوی تاهیر تانەری کە مامۆستا و دۆستی سیاسەتوان و ڕووناکبیری گەورەی کورد مووسا عەنتەر بووە، لەگەڵ مووسا عەنتەر یەک دەبینن و زنجیرە دانیشتنێکی دۆستانەیان دەبێت. مووسا عەنتەر لە بیرەوەرییەکانیدا و لە بەشی شەڕی جیهانیدا، ئەو باسەی گێڕاوەتەوە و پەیوەندیی داوەتەوە بە سیاسەتی زمانی لە تورکیا.
وەزیری دەرەوەی تورکیا کە ئەو کاتەی مووسا عەنتەری دیوە خانەنشین کراوە، دەڵێت: لە دانیشتنی قاهیرەدا، وڵاتانی هاوپەیمان داوا لە عیسمەت ینۆنۆ دەکەن بچێتە ڕیزی ئەوانەوە. ئەویش بیانوو دێنێتەوە کە سوپای تورکیا ئامادەی بەشداری لە شەڕ نییە و پێویستە لە پێشدا لەلایەن هاوپەیمانانەوە پڕ چەک بکرێ. بەڵام ئەوەش دەڵێتە چون چێڕچیل و ڕۆزڤێڵت بڕوایان بە تورک نەبوو، دەیانوت ئەی ئەگەر پڕچەکمان کردن و چوونە پاڵ ئەڵمانیا چی؟
دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری تورکیا، مل نادا بچێتە ڕیزی هاوپەیمانانەوە، مەنەمەجی دەڵێت: چێڕچیل و ڕۆزڤێڵت کێشەی کوردیان هێنایە ئارا و ویستیان بەو شێوەیە چاوترسێنمان بکەن.
ئەوەی خوارەوە دەقی قسەکانی چێڕچیل و عیسمەت ینۆنۆ و وەزیری دەرەوی تورکیا و هاوڕێکانی چێڕچیلە لەبارەی کوردەوە:
چێڕچیل دەڵێت: باشە پاشا تۆ کوردی دەزانی؟
عیسمەت پاشا وەڵامی پێ نادرێتەوە و مەنەمەجی وەزیری دەرەوەی تورکیا دەڵێت: قوربان ئێمە کوردی نازانین، لای ئێمە بە کوردی قسە ناکرێ، زمانێکی ئاواش لە تورکیا نییە.
پاش ئەوە چێڕچیل کە چەند ڕۆژهەڵاتناس و زمانناسی لەگەڵ خۆی بردووە، ڕوو دەکاتە ئەوان و لێیان دەپرسێ ئایا ئەو قسەیە ڕاستە کە زمانی کوردی لە تورکیا نییە. کەسێک کە چێڕچیل پرسیارەکەی لێ کردووە دیارە پێشتر خۆی ئامادە کردووە و دەڵێت: چۆن ئەو زمانە نییە گەورەم. ئەو زمانە هەیە و بەڵکوو زمان و ئەدەبیاتێکی زۆر دەوڵەمەندیشە. گەر بتانەوێت هۆنراوەێکتان لە دیوانی مەلای جزیری کە شاعیری ئەو زمانەیە بۆ دەخوێنمەوە.
چێرچیل پێی دەڵێت بیخوێنەوە. ئەویش هۆنراوەیەک دەخوێنێتەوە و دەڵێت ئەوە هۆنراوەی کوردی بوو گەورەم. ئینجا چێرچیل دەڵێت بۆمان بنووسەوە و بۆشمان بکە ئینگلیزی. دواتر دەستوور دەدا بیکەنە فەڕەنسی و تورکییش. لە ماوەیەکی کوورتدا زمانناسەکە هەر لەو کۆنفرانسەی قاهیرەدا هەموو ئەو کارانە دەکا. دواجار چێڕچیل دەڵی جا جەناب وەرە پێم بڵێ لەو سێ زمانە بۆ ئەوەی هەمان هەستی زمانە ئۆرجینالەکەی تێدا دەرببڕدرێت، ئایا وەرگێڕ ناچار بووە چەند وشەی بێگانە بە زمانەکەی خۆی تێدا بەکاربهێنێت؟
دەست دەکەن بە ژماردنی وشە بێگانەکان. لە وەرگێڕانە فەڕانسییەکەدا هیچ وشەی بێگانەی تێدا نەبووە. لە ئینگلیزییەکەدا چوار پێنج وشەی بە بنەچینە لاتینی تێدا بووە. لە کوردییەکەدا سێ چوار وشەی عەرەبی دۆزرایەوە و بەڵام کە دەچنە سەر وەرگێڕانە تورکییەکە، جگە لە ئامرازەکانی لکاندن هیچ وشەیەک نابیننەوە تورکی بێ، بەڵکوو هەموو عەرەبی و فارسی و وشەی زمانە ئەورووپاییەکان بوون.
وەزیرەی دەرەوە دەڵێت: چێڕچیل هەر چوار وەرگێڕانەکەی لە بەردەم داناین و وتی: شەرم نییە بەڕێزینە. سەیر کەن ئەوە دەوڵەمەندیی زمانی کوردییە و ئێوەش دەڵێن ئەو زمانە نییە.
نۆمان مەنەمەجی ئۆغڵوو دەڵێت: لە ماوەی وەزیری دەرەوە بوونم دا هیچ ڕۆژێک هێندی ئەو ڕۆژە بەسەر خۆمدا نەشکاومەوە و بێزار نەبووم .
گرینگیی ئەو بەشە لە بیرەوەرییەکانی مووسا عەنتەر، لە چوارچێوەی بیرەوەری دێنێتە دەرێ و دەبێتە بەشێک لە مێژووی زارەکیی کورد و ناوچەکە قسە و باسی لەسەر بکرێ. لە لایەک ئەو قسانە کەسێک کردوونی کە خۆی وەزیری دەرەوەی تورکیا بووە لە کابینەی عیسمەت ینۆنۆدا؛ ئەو قسانەی سەردەمێک کردووە کە ئێستاش زەبروزەنگ لەسەر زمانی کوردی لەوپەڕی خۆیدابووە، واتە وەزیری دەرەوەی تورکیا ساڵی 1956 ئەو قسانەی گێڕاوەتەوە، لەپاش ئەو ڕێکەوتەش تا دەیان ساڵی دیکە بە هەزاران کورد لەسەر زمانی کوردی زیندانی کران و کوژران و ئەشکەنجە دران، ئەو باسە شتێکمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە کاربەدەستانی تورک، تا کاتێک لەسەرکار بوون بڕوایان بە بوونی یەک زمان لە تورکیا بووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوان خۆیان لە هەموو کەس باشتر زانیویانە زمانی دیکە و یەک لەوان زمانی کوردی لە تورکیا هەیە و بە ملوێنان کەس قسەی پێ دەکەن. ئەی بۆچی هەر نکۆڵییان لێ کردووە؟ ڕوونە ئایدۆلۆژیای کەماڵیستی و تورکچێتی بەرادەیەک ڕەگەزپەرستانە و نامرۆڤانە بووە کە هەموو واقیعەکانی داپۆشیوە .
بابەتێکی دیکە کە دەتوانین لەو مێژووە زارەکییەی هەڵێنجین ئەوەیە کە کورد تا ئەو سەردەمیش لە کێشە سیاسییەکاندا ڕۆڵی گرینگی هەبووە. واتە بابەتی مشتومڕی نێوان زلهێزەکانی جیهان بووە لەسەردەمێکدا کە شەڕی جیهانی لە ئارادایە. لەو سەردەمە هەستیارەدا، ئەوان لەسەر میزی وتوێژەکانیان کوردیان وەک کارت بەکار هێناوە بۆ ئەوەی بتوانن لایەنی هاوپەیمانانی پێ بەهێز بکەن.
بابەتی گرینگتر کە دەبێت ئاماژەی پێ بکرێت ئەوەیە کە ئەگەرچی بەر لە شەڕی جیهانی و لە کاتی شەڕەکەشدا، کەسانی وەک چێڕچیل و ڕۆزڤێڵت ئاوا بە باشی باسی زمانی کوردییان کردووە و کوردیان ناسیوە، بەڵام لە پاش شەڕ و دابەشکرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. گۆڕانی نەخشەی ئەو ناوچەیە، ئەوان لە بەرژەوەندیی ئەو زمان و کولتوورەی لە کۆنفرانسی قاهیرە دا، داکۆکییان لێ کردبوو هیچ هەنگاوێکیان هەڵنەهێناوە. ئەوەش دەتوانێت زۆر هۆکاری هەبێت. یەکیان ئەوەیە کە تورکیا ساڵی 1945 کاتێک دەزانێت پارسەنگی هێز بەلای هاوپەیماناندا دەشکێتەوە، دەچێتە ڕیزی هاوپەیمانانەوە. دواتریش ئەوە هاوپەیمانانن کە نەخشەی ناوچەکە دەگۆڕن و بێگومان سات سەودایان لەگەڵ تورکیا کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە یاریکەرانی سیاسیی کورد لەو سەردەمەدا ڕەخنەیان لەسەرە کە نەیانتوانیوە بە پێی بارودۆخ و پێویستی سیاسی بکەن. واتە هەم وڵاتانی ڕۆژاوایی بە دوور لە ڕاستییەکان بڕیاریان داوە و ئەوەی بۆیان گرینگ بووە تەنیا بەرژەوەندیی خۆیان بووە و هەم کورد نەیزانیوە بەرژەوەندیی خۆی چۆن دەستەبەر بکا و هەم دوژمنانی کورد لەوپەڕی بیر تەسکی و ڕەگەزپەرستیدا، سیاسەتی حاشاکردن لە شوناس و زمانی کوردییان ڕەچاو کردووە.[1]