ناونیشانی بابەت: حوزنی موکریانی.. لە مێژوونووسییەوە بۆ شیعری سەربەست و نیشتمانی
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر. #حسێن حوزنی موکریانی#، وەک کەسێکی ڕووناکبیر و مێژوونووسی دیاری #کوردستان# و جیهان دەرکەوتووە و زۆربەی وڵاتان گەڕاوە، جگە لە زمانی شیرینی کوردی، شارەزایی لە چەند زمانێکی بیانیدا هەبووە. لە ساڵی 1926 چاپخانەی لە شاری #ڕواندز# داناوە و دەستی کردووە بە چاپکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە و تا ئێستاش شوێنەواری چاپخانەکەی لە شارەکەدا ماوە.
لەبارەی ئەم مێژوونووسە، دکتۆر #مارف خەزنەدار#، لە پەرتووکی مێژووی ئەدەبی کوردیدا دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی حسێن حوزنی موکریانی لەباری نووسین و مێژوو و کاری مۆرهەڵکەنی ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، لە هەمانکاتیشدا دەستی لە نووسینی شیعر و هۆنراوەدا هەبووە، کەچی حوزنی خۆی بە شاعیر نەناساندووە، نموونەی چەند شیعرێکی نیشتمانیشی بڵاو کردوونەتەوە.
$حوزنی لە شیعرێکیدا دەڵێت:$
خراپییەکی کە تۆ لە منی دەبینی
دوو پیتە، پێت دەڵێم با دانەمێنی
یەکێ کوردم، دووەم ڕاستە وتارم
لەوەم زیاتر نییە، سووچی نەهێنی
لەوێ ڕۆژێوە بەدەبەخت و کەنەفتم
کە هاتمە شارێکی وا مەرگە ژینی
گرفتاری غەم و دەردێکی وابووم
نییە ڕزگاری تۆ مەرگم ببینی
لەدەست کوردان برا ژینم بەڵایە
خۆراکم تاڵە کارم دڵ برینی
غەم و دەرد و بەڵا و گێچەڵ و شەڕ
بە ڕێژەن دێ بەسەرما دەمکەوینی
وەها (داماو)ی دەستە جەهلی کوردم
کەنەفتی ناهومێدیم کەس نەبینی
هەروەها لە شیعرێکی دیکەیدا، هەر بە هەناسەی شیعری پێشووی دەڵێت:
ئەگەر ڕووت نەدار و بێ کەوا بم
وە ئەگەر برسی و گرفتاری هەوا بم
لە خوێش و نیشتمان ئاوارە مابم
لەدەست یار و نەیاران سەر شێوا بم
لەژێر جەور و جەفا و تۆمەت ڕزا بم
لەنێو تاریکی کونجی غەم خزا بم
وەکوو مەم بەندی زنجیری بەڵا بم
وەکوو بێژەن لە چاڵاوی قووڵا بم
ئەسیری زڵم و ئیستیبدادی وا بم
لە خاکی خۆم غەریب و بێ نەوا بم
لەنێو بێگانە داماوی غەزا بم
بە خزم و کەس و باب و برا بم
ئەوەم پێ چاترە نەک سەر نەوی کەم
لەپێش گەرەی نەزان گەردەن کەچی کەم
لەم شیعرەدا ئەستووریی بیروباوەڕی حوزنی ئەوەیە، هەرچیی ڕۆژگار لە دژیدا بیکات، هەموو کردەوەیەکی ئەوانەی خۆیان بە گەورە دەزانن زیانی پێ بگەیەنن، سەریان بۆ شۆڕ ناکات و نابێتە پیاوی ئەوان.
ئەمانەی سەرەوە چەند نموونەیەکی شیعری حوزنی بوون، بەپێی نووسراو و سەرچاوە مێژووییەکانیش، خاوەن چەندین نووسین و شیعری دیکە بووە.
$سەرچاوەکان:$
- لاپەڕەکانی (446- 447- 449) پەرتووکی مێژووی ئەدەبی کوردی- دکتۆر مارف خەزنەدار.
– پەرتووکی (سەرجەم بەرهەمی حسێن حوزنی) بەرگی دووەم.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!