خوا کێو نەبینێ، بەفری تێ ناکا
بڵێم چی لەگەڵ چەرخی ئەفلاکا
سەیری کە چۆن چووین بەناخی خاکا
وا چاکە ئینسان لەم باسە ڕاکا
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
ئەگەرچی ئێمە قەومێکی زۆرین
بەڵام داخەکەم چەوت و خۆخۆرین
بۆیە وا لەژێر چەپۆک و زۆرین
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
بۆ کوشتنی یەک گورج و بەکارین
ڕۆژێ دەسمان بێ بڵح و زۆردارین
لە پێویستیدا وەک ژن هەژارین
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
ئەزانی بۆ چی وا کورد زەلیلە
بێ ناونیشان و هەمیشە دیلە
چونکە دوودڵ و خام و بەخیلە
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
لەم عەسرە کەوا عەسری بیستەمە
هەموو میللەتێ خاوەنی حوکمە
هەر کوردی نەگبەت وا لەژێر غەمە
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
مونەووەر زۆری هەر لەبەر نانی
وەتەن ئەفرۆشێ بەیەک تارانی
ئەخاتە ژێر پێ دین و ئیمانی
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
ئەشرافمان هەموو بێ ڕۆح و سستن
دەخیلە پشتیان هیچ پێ نەبەستن
هەموو ناکۆک و پارە پەرستن
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
قەومێ سەوییەی ئەگەر ئاوا بێ
مەحاڵە خاکی بەرز و ئاوا بێ
بۆ مردن باشە تەفر و تونا بێ
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
ئەمڕۆ بەبێ شک لەناو عالەما
هیچ قەومێ وەک کورد وا بەجێ نەما
ناوی وا لەناو خانەی عەدەما
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
ئێمەی کوژراوی دەستی نیفاقین
موحتاجی پارە و عیلم و ئەخلاقین
بۆیە وا پەستین، بێ ئیتتیفاقین
کاکە خوا ئیشی نابەجێ ناکا
تا کێو نەبینێ بەفری تێ ناکا
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس. [1]