سکاڵانامەی ئێزدییەکان بە دژی خزمەتی سەربازی بۆ دەربارەی عوسمانی
هەندێک لەسەرچاوەکانی پەیوەندیدار بە ئایینی ئێزدییەوە، ڕەوتی چەوسانەوە و گوشارە ئایینی و سیاسییەکان بۆ سەر ئێزدییەکان دەگێڕنەوە بۆ سەردەمی عەباسییەکان. دەستەڵاتدارانی عەباسی لە سەردەمی دەسەڵاتداریی خۆیاندا، بە درێژاییی زیاتر لە پێنج سەدە، گوشاریان خستووەتە سەر ئێزدییەکان، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن بە پێچەوانەوە ئومەوییەکان لایەنگرییان لێ کردوون و ئەوانیش خۆیان بە لایەنگری خەلیفە یەزیدی کوڕی موعاویە زانیوە و شێخی ئێزدییەکانیش ئیزنی نەداوە کەس بە دژی یەزید قسە بکا. هەر بۆیەپێدەچێ دواتر شیعەکان کە زۆر دژی یەزید بوون، ناوی یەزیدییان بەسەردا بڕیبێتن.
لە سەدەی پازدەمەوە چەوساندنەوەی پلانداری ئێزدییەکان دەست پێ دەکا. دوای دەسەڵاتگرتنی عوسمانییەکان لە سەدەی حەڤدە و هەژدە و نۆزدەیەمدا، جینۆسایدیان دەکەن و لە چەند هێرشی گەورەدا، بە دەیان هەزار کەسیان لێ دەکووژن. هەر دوو ناوی یەزیدی و شەیتان پەرست لەلایەن موسوڵمانەکانەوە و بە مەبەستی سەرکوتی زیاتریان بەسەریاندا بڕاوە.
ژمارەی ئێزدییەکان لە سەدەی هەژدەیەمدا، دوو سەد و پەنجا هەزار کەس بووە. بە گشتی دوازدە هەزار سوارەیان هەبووە. لە سەدەی نۆزدەیەمدا، دوای کوشتارێکی زۆر کە لێیان دەکرێ، ژماریان دەگاتە دوو سەد هەزار کەس و هەشت هەزار سوارە، بەڵام پاش ئەوەش ڕەشەکوژیی ئێزدییەکان هەر بەردەوام دەبێت و لە سەدەی نۆزدەیەمدا، ژمارەی ئێزدییەکان بۆ پەنجا هەزار کەس دادەبەزێ. بەشێکی ئەو کوشتارە لەلایەن سولەیمان پاشا، والی بەغداوە کراوە و تەنانەت یەک ئێزدیی لەودیو چیای #شنگال# نەهێشتووە.
پاش ئەو عەلی پاشا والیی دیکەی بەغدا، ژمارەیەکی زۆری لێ کوشتوون. دواتر لە ساڵی 1837 دا ڕەشید پاشا لەگەڵ کۆمەڵیک لە کوردە موسوڵمانەکان هێرشیان دەکەنە سەر و زۆریان لێ دەکووژن.
کوشتاری ئێزدییەکان لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدا، لەلایەن عوسمانییەکانیشەوە هێندە پەرەدەگرێ کە وادەکات وڵاتانی ئەورووپایی بە دژی هەڵوێست بگرن. بۆ وێنە لە ساڵی 1847دا دیپڵۆماتێکی بەریتانیایی بە ناوی کۆنستانتینۆپۆل بە نزیک بوونەوە لە دەرباری بەرزی عوسمانی هەوڵدەدا ڕێگاچارەیەک بدۆزێتەوە. بەهۆی هەوڵی ئەوەوە دەرباری عوسمانی دان بە بوونی ئایینێکی جیاواز بە ناوی ئێزدیدا دێنی و بەهۆی ئەو جیاوازییەشەوە کە لە ئایینی ئێزدیدا جەختی لەسەر کراوە، ئەوان لە خزمەتکردنی سەربازی ئازاد دەکەن و بڕیار دەدرێ کە هیچ ئێزدییەک پێویست ناکات بچێتە سەربازی بۆ ئیمپڕاتۆری عوسمانی. هەر بەو مەبەستە و بۆ بەدەست هێنانی دڵنیایی، ساڵی 1849 کەسێک بە ناوی شێخ یووسف وەکوو نوێنەری ئێزدییەکان دەچێتە دەرباری عوسمانی و داواکە دووپات دەکاتەوە و پێشنیار دەکات کە ئەوان لە خزمەتی سەربازی (مەعاف) بکەن. سەرەتا دەوڵەتی عوسمانی داخوازییەکەیان قبووڵ دەکا، بەڵام لە ساڵی 1872دا ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێتەوە و سەرلەنوێ بە سەربازیان دەگرن.
ئەو گۆڕانکارییە لەلایەن ئێزدییەکانەوە قبووڵ ناکرێت و هەر لەو ساڵەدا بەشێکی زۆر لە گەورە پیاوان و کەیخودا و دەستڕۆیشتووەکانی ئێزدی سکاڵانامەیەک بۆ دەسەڵاتدارانی عوسمانی دەنووسن و لە چواردە خاڵدا، هۆکارەکانی خۆیان بۆ عوسمانییەکان ڕوون دەکەنەوە کە بۆ نابێ ئەوان بچنە خزمەتی سەربازی. بەشێک لە گرینگترین خاڵەکانی ئەو سکاڵانامەیەی ئێزدییەکان ئەوانەن کە لەژێرەوە دەیانهێنین، هەڵبەت کۆی ئەو خاڵانە لە پەرتووکی ئەنستاس ماری کەرملی کە دکتۆر نەجاتی عەبدوڵڵا وەریگێڕاوە، بە تەسەلی هێنراون و لێرەدا تەنیا کوورتەی هەر خاڵێک دەنووسرێ بۆ ئەوەی ڕوون بێتەوە کە پاساو و هۆکاری خاوەن پلەکانی ئێزدی چ بووە بۆ ئەوەی خۆیان جودا کردووەتەوە لە ئایینەکانی دیکە و پێیان وابووە نابێ ئەوان وێڕای خەڵکانی تر سەربازی بکەن؛
1. هەموو ئێزدییەک دەبێت. ساڵی سێ جار وێنەی مەلیک تاوس زیارەت کا، دەنا کافر دەبێت.
2. هەموو کەسێکی ئێزدی دەبێت. ساڵێک جارێک زیارەتی شێخ ئادی بکات، دەنا کافر دەبێت.
3. هەموو ئێزدییەک پێویستە بەیانیان بچێتە شوێنێک هەتاوی لێ هەڵدێ و نابێ کەسی سەر بە ئایینەکانی دیکەی لێ بێ دەنا کافر دەبێت.
4. هەر ئێزدییەک پێویستە هەموو ڕۆژێک دەستی برای ئاخیرەتی خۆی ماچ بکات دەنا کافر دەبێت.
5. ئێزدییەکان تەحەمولی ئەوە ناکەن موسوڵمانان کاتی سپێدە بڵێن ئەعوزوبیللاهی و دواترەکەی. ئەگەر کەسێکی ئێزدی ئەوە ببیستێ ئاخیوەر و خۆشی دەبێت. بکووژێ دەنا کافر دەبێت..
6. کەسێکی ئێزدی کە دەمرێ دەبێت. ئێزدییەک، برا یان خوشکی دینی، یەکێک لە قەولەکانی ئێزدییانی لەسەر بخوێنێت دەنا کافر دەبێت.
7. هەر ئێزدییەک دەبێت. خۆڵی بەرپێی شێخ ئادیی لە گیرفاندا بێ و هەموو سپێدەیەک لێی بخوا، دەنا کافر دەبێت.
8. هەر ئێزدییەک کە بە ڕۆژوو دەبێت. دەبێت سبەینیان بچێتە ماڵی شێخەکەی و ئێوارانیش بچێ و بە شەرابی ماڵی شێخەکەی ڕۆژووی بشکێنێ.
9. هەر ئێزدییەک نیشتمانی خۆی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بەجێ بێڵێ تەڵاقی دەکەوێ و نە ژنەکەی خۆی دەچێتەوە لای و نە دەبێت کەسیش ژنی بداتێ.
10. هەر ئێزدییەک برا و خوشکێکی دینیی هەیە و ئەگەر جلی تازەیان کڕی، دەبێت برا و خوشکی دینی بۆ یەکەم جار ئێخەکەی بۆ بکەنەوە ئە گەر وانەکا کافر دەبێت.
11. هەر ئێزدییەک جلی نوێی بۆ کرا دەبێت. بە ئاوی پیرۆزی شێخ ئادی تەبەڕوکی بکا.
12. کراسی شین نابێ لەناو ئێزدییەکان لەبەر بکرێ و بە شانەی کەسانی موسوڵمان و کریستیان نابێ سەر دابهێنرێ.
13. هیچ ئێزدییەک نابێ بچێتە ئاودەست و گەرماوی موسوڵمانان و بە کەوچک و پیاڵەی ئەوان بخوا و بخواتەوە و ئەگەر ئەو کارانەی باس کرا بی کا ئەوە کوفری کردووە.
14. خواردنی ئێزدی و ئایینەکانی دیکە جیاوازە بۆ وێنە ئێمە گۆشت ماسی و کوولەکە و بامیە و فاسۆلیا و لەهانە و خاس ناخۆین.
لەبەر ئەو هۆیانە و زۆر هۆی دیکە ناتوانین بچینە خزمەتی سەربازی.
هەندێک لەو ناوانەی ئەو سکاڵانامەیەیان واژۆ کردووە بریتین لە حسێن میری شێخی ئێزدیان، شێخ ناسر شێخی ڕووحانی ئێزدی، پیر سولەیمان، موختاری ئاوایی ڕەشان و زۆر کەیخودا و موختاری دیکە.[1]