ڕۆڵی بەریتانیا لە لکاندنی باشووری کوردستان بە ئێراق -بەشی 01
ئینگلیز و مەلیک فەیسەڵ و کێشەی کوردستان
دوای ئەوەی زلهێزەکانی جیهان و لە سەرووی هەمووانەوە بەریتانیا، بڕیاری دابەشکردنی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی و داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و جوگرافیایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدەن، یەکێک لە بەرنامەکانیان هێنانە سەرکاری دەسەڵاتدارێکی گوێڕایەڵە بۆ ئێراق. دیارە لەو سەردەمدا و تا ئێستاش، ئێراق یەکێک لە ناوچە کێشە لەسەر و پڕ لە ڕووداو و ئاژاوەکانی ناوچە و جیهانە. لەو نێوەدا، یەکێک لە هۆکارەکانی ئاڵۆزیی کێشەی ئێراق، کوردستان و پارچەیەک لەو جوگرافیایەیە کە تا ئێستاش هەر بەو قەوارە سیاسییەوە نەنووساوەو و بە زۆر پێوەی لکێنداروە.
بۆ ڕوونتر بوونەوەی باس سەرەتا پێویستە باسی مەلیک فەیسەل بکەین.
فەیسەلی کوڕی حسێن، ناسراو بە مەلیک فەیسەڵی یەکەم، لە ئەساسدا خەڵکی حیجازی عەرەبستان بووە و باوکی لە میرانی عەرەبی مەککە و تایف بووە.
ئینگلیزەکان سەرەتا وەک دەسەڵاتداری سووریا دەستنیشانی دەکەن و دواتر بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری خۆیان بە دەستی ئەو و بە مەبەستی ڕاوەستان لە بەرانبەر تورکەکاندا، کە دەیانویست ویلایەتی مووسڵ و شاری #کەرکووک# داگیر بکەن و ناوچە نەوتییەکان لەژێر دەستیاندا بێ، مەلیک فەیسەڵ دەهێننە ئێراق و دەیکەنە پادشای ئێراق.
بەڵام وەکوو کریس کۆچێرا دەنووسێت مەلیک فەیسەڵ پاش ئەوەی دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێ هێند تامەزرۆی دەستەڵاتی زیاتر و پەرەدان بە دەستەڵاتەکەی دەبێت، کە زۆر گوێ ناداتە ڕاسپاردە و قسەی بەریتانییەکان و ئەوەش دەبێتە هۆی ناڕەزایەتیی ئەوان. هەر بۆیە چرچیل سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەنووسێ؛ لەو هەموو تێلگرافەی لەبارەی فەیسەڵەوە بە دەستم دەگات وەڕەز بووم. شەش مانگە پسوولەی خواردنی ڕیستۆرانتەکانی لە لەندەن دەدین و ئێستاش مەجبوورم هەموو ڕۆژی تێلگڕافی هەشت سەد وشەیی لە بارەیەوە بخوێنمەوە.
فەیسەڵ بەهێزی بەریتانییەکان هاتە سەر کار و تەنیا گرووپێک لە سووننەی ئێراق لایەنگری بوون و دوو گرووپی گەورەش لە ئێراقدا کە زۆرینەی دانیشتووانیان پێک دێنا لەگەڵی نەبوون؛ یەکەم شیعە مەزهەبەکانی باشووری ئێراق و دووەم کوردەکانی کوردستانی ژێر دەستی ئێراق یا پارچەیەکی کوردستان کە لە باکووری ئێراق هەڵکەوتبوو.
مەلیک فەیسەڵ بەتەمابوو لەو هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزا و خەڵکە لێک دژ و ناتەبایەی ئێراق، نەتەوەیەک سازکا و پادشایەتییان بە سەردا بکا. هەرچەند وەکوو دواتر بە کردەوە دەرکەوت، نەیتوانی لەنێوان ئەو هەموو دژایەتییانەدا تەبایی و یەکڕیزی پێک بێنێ و وەکوو #عادل باخەوان# لە پەرتووکەکەیدا دەنووسێ، مەلیک فەیسەڵ دەڵێت ئێراق وڵاتێکە پێکهاتوو لە دەیان نەتەوە و خەڵکی لێکدژ و پێکهێنانی نەتەوەیەک لەوانە نامومکینە.
بەڵام هەر ئەو فەیسەڵەی لە حیجازەوە هاتبوو حوکمی وڵاتێکی دیکە بکات، لە یەکەم ساتەکانی هاتنییەوە، بەتەمای پێکهێنانی وڵاتێکی سەربەخۆی عەرەبی سوننە مەزهەب بوو و هیچ کام لە پێکهاتەکانی دیکە و بەتایبەت کوردی بە هەند وەرنەدەگرت.
فەیسەڵ هەم دەیزانی ڕەنگە ئینگلیزەکان دواتر لە کوردەکان بە دژی ئەو کەڵک وەربگرن و هەم دەیزانی ئەو پێگەیەکی بەهێزی لەنێو گەلانی ئێراقدا نییە و تەنیا لەنێو بەشێک لە سووننەکان پێشوازیی لێ دەکرێت. بۆیە یەکلاکردنەوەی باسی کوردی بۆ گرینگ بوو.
لەو سەردەمەدا یەکێک لە ڕاسپێردراو و دەمڕاستەکانی ئینگلیز لە ناوچەدا سێر پێرسی کاکس بوو. فەیسەڵ هەولدەدا لە ڕێگای کاکسەوە لەو کێشەیە بگا. هەر بۆیە لە کاکس دەپرسێ: ئایا بە ڕاستی دەتانەوێ کوردستان بەتەواوی لە ئێراق داببرێت و بە کوردانی باکوورەوە بلکێن، ئەگەر نا پلان و مەبەستتان لەو ناوچەیە چییە؟
کاکس وەڵامێکی ناڕوونی دەداتەوە دەڵێت:
بەریتانیا لە پاش کۆنفرانسی ماڕسی 1921 کە لە شاری قاهیرەی میسر بەڕێوەچوو، بڕیاری داوە دەوڵەتێکی کوردی پێک بێنێ، بەڵام ئەو لەسەر ئەو بڕوایە نییە دەوڵەتەکەی بیەوێت ناوچە کوردنشینەکانی ئێراق لە ئێراق داببڕێ، چونکە کوردەکان لە مەڕ جودا بوونەوە لە ئێراق لەگەڵ یەک ناتەبان و ناتوانن ڕێک بکەون.
ئەو وەڵامە دوودڵی فەیسەڵ زیاتر دەکات و لە ڕۆژانی داوتردا دیسان لەوە دەکۆڵێتەوە کە ئایا ئەو پادشای وڵاتێکی عەرەبییە یان وڵاتێک کە کوردستانیش بەشێک لەو وڵاتەیە .
لە دوای ئەوەی لە وەڵامەکانی ئینگیلزەکان دڵنیا نابێ، ئەوجار لە باری دەروونییەوە کایەیەکی نوێ لەگەڵ ئەوان دەستپێدەکات و دەیانخاتە دوو دڵییەوە.
ئەو دەیزانی لەو سەردەمەدا ئینگلیز لە ئارامیی و مسۆگەریی دەسەڵات و بەرژەوەندی خۆی لە ناوچەکەدا دەگەڕێت و نایەوێت هاوکێشەکانی لێ بشێوێ، هەر بۆیە ئینگلیزەکان لەگەڵ ئەو دردۆنگییە ڕووبەڕوو دەکاتەوە کە ئەگەر کوردستان جودا بێتەوە، ئەوە شەڕ ساز دەبێت و ئەوان دەبێت پشتیووانیی کوردستان بکەن. هەر بۆیە ڕاشکاوانە دە ڵێ: ئایا بەریتانیای گەورە و مەزن ئامادەیە بۆ بەرگری لە کوردستان لە بەرانبەر دەستدرێژیی دەرەکی خۆی تووشی شەڕێکی تازە بکا؟ ئەگەر ئامادەیە تا چ ماوەیەک ئەو شەڕە درێژە دەدا و ئەوەش لە ڕاستیدا هەم هەڕەشە و هەم سازکردنی دڕدۆنگییەکی نوێ بوو بۆ کاربەدەستانی بەریتانیا و هەر ئەو هەوڵانەی فەیسەڵیش بوو لە بەشێک لە چارەنووسی کوردی بەرەو خراپ بوون برد. لەبەشەکانی دواتر دا زیاتر لەسەر دەوامەی گۆڕانی سیاسەتەکانی بەریتانیا لەو سەردەمەدا دەنووسین.[1]