نووسینى: زیلان سارمەمى
سەرەتاى وتارەکەم دەمەوێ بە وتەی هەندێک لە ڕەخنەگرانی جیهان دەستپێبکەم کە دەڵێن زمان کەسایەتییە و کەسایەتیش زمانە.
بە درێژایی مێژوو نەتەوەی کورد چەوساوەی ژێردەستی داگیرکەران بووە، کە هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی دووان لە خەسڵەتە هەرە گرنگەکانیان داوە، کە ئەوانیش بریتین لە زمان و کولتوور، سەپاندنی زمانێکی جیاواز لەناو وڵاتێکدا زۆر لە جینۆساید دەچێت، لە ئێستادا بەبێئەوەی بەخۆمان بزانین جینۆسایدی زمانی خۆمان دەکەین بەهۆی بایەخ پێدان و پێشخستنى پەروەردە و خوێندن بە زمانى ئینگلیزی بەسەر پەروەردە و خوێندن بە زمانى کوردیدا.
وەک لە دەستپێکدا ئاماژەم پێدا؛ هەندێک لە ڕەخنەگران دەڵێن زمان ناسنامەیە و ناسنامەش زمانە، وەکوو بەڵگە؛ ئەو کەسانەی کە پەروەردەیەکی ئینگلیزییان هەبووە کاتێک لەگەڵ هاوڕێکانیان بە ئینگلیزی قسە دەکەن زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکەن، ئەگەر ئێمە ڕێگە بەمە بدەین لە داهاتوودا زمانمان دەبێتە بەشێکی ونبوو لە مێژووی کورددا، با وێنای بکەین کە نەوەی نوێ کاتێک بە ئینگلیزی دەپەیڤن و بیردەکەنەوە ئەوسا ناسنامەی کوردی لە پەنجا ساڵی داهاتوو، یاخوود بۆ چەند نەوەی داهاتوو، چی بەسەر دێت؟! دەمەوی بۆ ساتێک بیر لەوە بکەنەوە!
هەروەها زۆرکەس کە پەروردەی ئینگلیزییان هەیە، شەرم لە جۆری ئینگلیزییەکەی دایک و بابیان دەکەن، ئەگەر ئاشناییت بە چیرۆکی (the paper menagerie) هەبێت کە لەلایەن کێن لی یوو نووسراوە، باشتر لەم پرسە تێدەگەیت، ئەم چیرۆکە لە بارەی هەرزەکارێکی چینییە کە بەهۆی کاریگەریی نەژادپەرستی شەرم لە کولتووری خۆی دەکات، بە کوورتی چیرۆکەکە باس لە مێردمنداڵێک دەکات کە لەلایەن چەند کەسێکی هاوتەمەنی خۆیەوە بەهۆی کولتوورەکەیەوە گاڵتەى پێدەکرێت، بۆیە داوا لە دایکی دەکات واز لە زمانی چینی بهێنێت، بەڵام کاتێک دایکی ئینگلیزی بەکار دەهێنێ، شەرم لە ئینگلیزییەکەی دەکات، بۆیە واز لە قسەکردن لەگەڵ دایکی دەهێنێ، ئەگەر ئێمە ئاگادار نەبین ئەوە ئەو کوردانەی کە پەروەردەی ئینگلیزییان هەیە، وەک بەسەرهاتی ناو چیرۆکەکە شەرم لە کولتووری خۆیان دەکەن، بەداخەوە ئەمە دۆخی ئاسایی منداڵانی پەنابەرانە لە وڵاتە جیاوازەکاندا.
مەخابن بەهۆی چەندین جینۆسایدی جیاواز بە درێژایی مێژووی کورد، نەتەوەی کورد وردەوردە توانای بەکارهێنانی زمانی نەتەوەیی خۆی لەدەستدەدا و لەگەڵ پڕۆسەی هۆشمەندی لەگەڵ زمانی بەسەردا سەپێنراو ڕادێت، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بایەخدان بە زمانى دایک زمانى کوردى، لێرەدا بە پێویستى دەزانم کەوا ئاماژە بە وتەیەکى پاوڵ ماشاتایڵ وەزیری پێشووی هونەر و کولتووری باشووری ئەفریقیا بکەم کە دەڵێت: (با ئێمە منداڵەکانمان فێر بکەین خۆیان و میراتی نەتەوایەتییان خۆشبوێت، پێش ئەوەی زمان و کولتووری خەڵکی تریان پێبناسێنین)، هەروەها دەستەواژەیەکی عەرەبی هەیە کە (التقزم الثقافي) کە مانای ئەوەیە بەهۆی کولتوور و پەروەردەتەوە خۆت لە خەڵکى دیکە بە بچوکتر بزانیت، کە ئەمەش دەتوانرێ بە گرێی خۆبەکەمزانینی کولتووری لێکبدرێتەوە.
ئێمە وەکوو کورد لەدایک بووین و دەبێت شانازی بە کوردبوونی خۆمانەوە بکەین، پێویست بەوە ناکات لە بەرانبەر نەتەوەی تردا خۆمان بە بچووک بزانین، هەندێک کەس دەڵێن ئەگەر پەروەردەیەکی ئینگلیزیمان هەبێت ئەوە داهاتووەکی گەشترمان دەبێت و زیاتر پێشدەکەوین، بەڵام من پرسیارتان لێدەکەم کە وڵاتانی دیکەی وەکوو فەرەنسا و ئەڵمانیا کە پەروەردەیان ئینگلیزی نییە ... کەچى هێشتا لە وڵاتە هەرە پێشکەوتووەکانی دنیان؟ زانست پشتبەستوو نییە بە زمان، چونکە لە ئاستی گەردوونیدا دەتوانین پەیوەندی بکەین لە ڕێگەی زانیاری و زانین و پشکنینەوە، زمان دەتوانێت سوودبەخش بێت بەڵام نابێت بهێڵین دەسەڵاتی بێگانە زاڵ بێت بەسەر بیرکردنەوەماندا، وشەی بەنرخی وەکوو (کەستەک، خڕکە، داسولکە، قەیناغ، شەغرە و ...) و چەندین وشەی تریش لەناو زمانی کوردی ون بوونە، ئەمەش بەهۆی هەڕەشەی داگیرکاری پەروەردەیی یان ئیمپرالیزمی زمانەوانییەوە، یا بە ڕێگەپێدانی تێکەڵبوونی کولتووری خۆماڵی لەگەڵ دنیای ئینگلیزی، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی قڕکردنی کولتووری خۆمان، (نالی) کە باوکی ئەدەبی کوردییەوە زۆر باش لە گرنگیدان بە زمانى کوردى گەیشتووە، هەر بۆیە دەڵێت:
(کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆکردییە، خۆکوردییە
هەرکەسێ نادان نەبێت خۆی تالیبی مەعنا دەکا).
کە مانای ئەوەیە کەس بە زمانی کوردی نەڵێت زمانی دەستکرد، بەڵکوو ئەوەی دانا بێت خۆی لە ماناکانی تێدەگات.
ئامانج لەم دێڕەدا ئەوە بووە کە بەرگری لە زمانی کوردی بکات، کە ئەم بەرگرییە بۆ کورد هەمیشە وەک جەنگێکی بەردەوام بووە، هەروەها بە جیهانى ڕابگەیەنێت کە کوردی دەتوانێت زمانی هونەر و ئەدەب بێت، ئێمە سرووشتی مرۆڤانەی خۆمان لە دەستدەدەین ئەگەر ئەم پێوەرانە فەرامۆش بکەین کە ڕۆژێ لە ڕۆژی پێیان ژیاوین، بە ڕامان لەم بابەتانەی کە باسمان کردن، باوەڕت وایە چیمان لە دەستداوە لەم ژیانە نوێیەی کە هەڵمانبژاردووە؟ لە بەرانبەر ئەو ژیانە دێرینەی کە هەمان بوو، ئێمە ئێستا لە پڕۆسەی لەدەستدانی ڕابردوومانین، ئەگەر ئەم پڕۆسەیە بەردەوام بێت تەنانەت داهاتووش لەدەستدەدەین، بیربکەنەوە ئەگەر پەرە بە زمانمان نەدەین و لە ناوی ببەین، لە داهاتوودا چ شتێک پێناسەی ئێمە دەکات وەکوو کورد.
تێبینی: ئەم وتارەم ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتى 21-02-2019 ، لە ژمارە (5699)ی ڕۆژنامەى (خەبات) و ژمارە (3032)ی ڕۆژنامەی (هەولێر)دا بڵاوبووەتەوە. و لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی زمانی دایک لە ئەکادیمیای کوردی خوێندوومەتەوە.
زیلان.[1]