بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات، دەرفەتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان لە بەردەم کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ژاپۆنییەکاندا هەیە و دەرگایان کراوەیە بۆ وەبەرهێنەرە ژاپۆنییەکان. دزەیی وتیشی: پێکەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانیمان #داعش# لەناوبەرین، بەڵام هێشتا کارەکە تەواو نەبووە و هەڕەشەی داعشیش ماوە.
#سەفین دزەیی#، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی #حکومەتی هەرێمی کوردستان#، لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە #هەولێر#، بە بۆنەی یادی ڕۆژی نیشتمانی ژاپۆن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ژاپۆن توند و تۆڵ و بەهێزن لە دوو ڕۆژی ڕابردوو کۆبوونەوە و گفتوگۆیەکی باشمان هەبووە لەگەڵ باڵیۆزی ژاپۆن، کە باسمان لە چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانمان کردووە.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: پێویستمان بە ئاشتی و سەقامگیرییە، بەداخەوە ناوچەکە بەگشتی بە ئاڵۆزییەکدا تێدەپەرێت، هیوادارم ژیری بەسەر هێزی ڕەش و تیرۆر و تاریکیدا سەرکەوێت.
ئاماژەی بەوەدا، پێکەوە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانیمان داعش لەناوبەرین، هێشتاش کارەکە تەواو نەبووە و هەڕەشەی داعش ماوە و پێویست دەکات پێکەوە کار بکەین، بەڵام بەشێوازێکی جیاوازتر بۆ ئەوەی ڕێگە نەدەین هیچ جۆرە هێزێکی توندرەو و تیرۆر سەرهەڵبداتەوە.
سەفین دزەیی، وتی: لەڕووی ئابووریشەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و دەرفەتی زۆر باش هەن لە کوردستان بۆ کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن.
وتیشی: ئەمڕۆ #20-02-2024# لەگەڵ جایکا گفتوگۆیەکی زۆر باشمان هەبوو لەمبارەیەوە، دەرگامان کراوەیە بۆ کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ژاپۆنی و دەرفەتی زۆر باشیش هەن لە هەرێمی کوردستان. [1]