(تەعریب) سیاسەتێک بە دژی باشووری کوردستان
ڕۆژ قادری
ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان لە ئێراق، هەر لە کاتی دامەزرانی ئەو وڵاتە لە ساڵی 1923 هەتا 2003ی زایینی، لە ڕاستای ئاسمیلاسیۆن و سڕینەوەی شوناسی خەڵکی دیکەی جگە لە عەرەب، بەتایبەتیی کوردەکان، سیاسەتێکیان پێڕەو کردووە کە بە سیاسەتی بەعەرەبکردن بەناوبانگە. ئەم سیاسەتە لە سەردەمی مەلیک فەیسەڵ، پاشای ئێراق، بە پڕۆژەی ئاویاریی حەویجە لە پارێزگای #کەرکووک# و نیشتەجێکردنی عەشایەری عەرەب لە ناوچەکە، دەستی پێ کرد و دواتر لە سەردەمی دەسەڵاتی حیزبی #بەعس# لە ئێراق، بە شێوەیەکی ئاشکرا و بەبێ لەبەرچاوگرتنی مافەکانی مرۆڤ و بە کەڵکوەرگرتن لە هێزی زبر، بەردەوام بوو.
باشووری کوردستان بەهۆی سەرچاوەی دەوڵەمەندی ژێرزەوی، بەتایبەتیی نەوت و هەروەها سەرچاوەی دەوڵەمەندی ئاو و خاک کە بەستێنی ئاساییشی خۆراک دابین دەکات، لە درێژایی حکوومەتە پاشایەتی و کۆمارییەکانی ئێراق، تووشی یارییەکی مەترسیداری گۆڕانی شوناسی ئێتنیکی و حەشیمەتی بووە کە لەلایەن دەوڵەتی ناوەندیی ئێراق و لە بەرژەوەندیی عەرەب، پێڕەو دەکرێت، سیاسەتێک کە لە کۆڕی زانستی و سیاسی بە بەعەرەبکردن بەناوبانگە.
لە داهێنانەکانی ڕژێمی بەعس، هەوڵدان بۆ بەعەرەبکردنی بەردەوامی ناوچە کوردییەکان بوو و ئەمە سیاسەتێکە کە دوای گەڕانەوە بۆ دەسەڵات لە ساڵی 1968ی زایینی، دیسانەوە پێڕەوی کرد. هەر لە سەرەتاوە، سوپا دانیشتووانی کوردی لە ناوچەکانی (سوق الجیشی) (واتە ناوچە سنووری و نەوتییەکان) وەدەر نا. گوندە کوردییەکانیان بۆمباران کرد و ئاگریان دا و بە بۆڵدێزر تەختیان دەکردن. تەنیا لە ناوچەی کەرکووک، زیاتر لە 40 هەزار کورد لە ماڵ و موڵکی خۆیان وەدەر نران. هەروەها لە دەشتی #هەولێر#یش سیاسەتی بەعەرەبکردن بەڕێوە دەچوو.
عەلی حەسەن ئەلمەجید، ئامۆزای سەدام حسێن، کە بە عەلی کیمیایی بەناوبانگ بوو، سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کوردییەکانی باشووری کوردستان، بەتایبەت کەرکووکی بەم جۆرە وەسف کردووە: حەزم لێیە سەبارەت بە دوو بابەت قسە بکەم؛ یەکەمیان بەعەرەبکردنە و دووەمیان ناوچەگەلێکە کە لەنێوان ناوچە عەرەبییەکان و ناوچەی خودموختار هەڵکەوتوون. خاڵێک کە سەرنجی ئێمەی لەسەرە، کەرکووکە. کاتێک کە من هاتم، کۆی عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک، 51 لەسەدی دانیشتووانی کەرکووک نەدەبوون. من بەر لە هەر شتێک شەست میلیۆن دینارم خەرج کردووە تا دۆخەکە ئاوەهای لێ هاتووە. ئێستا پرسەکە بەتەواوی ڕوونە، ئەو عەرەبانەی کە هێنراونەتە کەرکووک، هێشتا 60 لەسەدی حەشیمەتەکە پێک ناهێنن. دواتر ڕامانگەیاند کە کوردەکان مافی کارکردن لە کەرکووک و دەوروبەری و گوندەکان و تەنانەت ناوچەکانی دەرەوەی ناوچەی خودموختاریان نییە....
سیاسەتی بەعەرەبکردنی ناوچە کوردییەکان لە ئێراق، هەمیشە لە ئارادا بووە. لە هەندێک کاتدا ئەم سیاسەتە هاوکات لەگەڵ ئۆپەراسیۆنی سەربازی جێبەجێ کراوە کە لەودا زۆرێک لە گوندە کوردییەکان کاول و وێران کراون و خەڵکی ئەو گوندانە لە ئۆردوگا ناچارییەکان لەژێر کۆنترۆڵی چڕدا نیشتەجێ کراون. سیاسەتی بەعەرەبکردن بە شێوەیەکی بەرچاو لەسەر کەمبوونەوەی حەشیمەتی کوردەکان کاریگەریی دادەنا. بۆ نموونە لە سەرژمێریی فەرمیی ئێراق لە ساڵی 1947دا، حەشیمەتی کوردەکان 30.9 لەسەدی حەشیمەتی ئێراق بووە، لە حاڵێکدا لە ئاماری فەرمیی ساڵی 1997 حەشیمەتی کوردەکان بووە بە 19.9 لەسەدی حەشیمەتی ئێراق.
وێڕای ئەوەی کە جێبەجێکردنی سیاسەتی بەعەرەبکردن لە باشووری کوردستان لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا بەرز و نزمیی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام دەتوانرێت جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتە لە چەند قۆناغدا پۆلێنبەندی بکەین کە بریتین لە:
1. قۆناغی 1925-1958: واتە لکاندنی ویلایەتی مووسڵ بە ئێراقەوە تا ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی لە ئێراق.
2. قۆناغی 1958-1963: دامەزراندنی سیستەمی حکوومەتی کۆماری لە ئێراق هەتا ڕووخانی حکوومەتی عەبدولکەریم قاسم.
3. قۆناغی 1963-1968: بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات لەلایەن لایەنگرانی ئیتنیکیی بەعس هەتا کودەتای دووبارەی بەعسییەکان.
4. قۆناغی 1968-1980: جێگیربوونی دەسەڵاتی بەعسییەکان هەتا دەستپێکی شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و ئێراق.
5. قۆناغی 1980-1991: سەردەمی جینۆسایدی کوردەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسی ئێراق هەتا ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان لە بەهاری 1991دا.
6. قۆناغی 1991 هەتا 2000: ئەم قۆناغە ساڵەکانی دوای ڕاپەڕینی خەڵکی باشووری کوردستان دژی ڕژێمی بەعسی ئێراق لەخۆ دەگرێت کە ناوچە کوردییەکانی دەرەوەی ناوچەی خودموختار تووشی سیاسەتی بەعەرەبکردن بوون.
شایەنی باسە کە ئێستاش زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن کە سیاسەتی بەعەرەبکردنی حکوومەتی ناوەندیی ئێراق بە شێوازی جۆراوجۆر دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.[1]