ئەشکەوتی شانەدەری کوردستان، شوێنی ژیانی مرۆڤی نیاندرتاڵ
هانی
ئەشکەوتی شانەدەر یەکێکە لەو ئەشکەوتە مێژوویی و دێرینانەی لە باشووری کوردستان هەڵکەوتووە. ئەم ئەشکەوتە نەک تەنیا لەسەر ئاستی هەرێم بە یەکێک کۆنترین ئەشکەوتەکان دادەنرێت، بەڵکوو لەسەر ئاستی جیهانیش یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارە مێژووییەکان کە مرۆڤی لێ نشتەجێبووە. ئەشکەوتەکە دەکەوێتە داوێنی چیای برادۆست لە دەڤەری بارزان کە لە سنووری شارۆچکەی مێرگەسووردایە و سەر بە پارێزگای #هەولێر#ە. لە ڕووی هەڵکەوتەشەوە بە نزیکەی 822 پێ لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە و لە 145 کیلۆمەتریی ئەوپەری باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەوڵکەوتووە.
شانەدەر دەکەوێتە بەشی سەرەوەی ناوچەیەکی نیمچە دۆڵی. دەروازەی ئەشکەوتەکە کە شێوەی سێگۆشەیە بەرزییەکەی 18مەتر و پانییەکەی 25مەترە و تیشکی خۆر زۆر بە ئاسانی دێتە ژوورەوە. هەر چەندە بەرەو باکوور بڕۆین تەسک دەبێتەوە، لە دەرگەی ناوەوەی ئەشکەوتەکە دەبێت لەسەر سک پاڵکەویتە سەر زەوی و ئینجا بچیتە ژوورەوە. لە دەرگەی دەرەوەی ئەشکەوتەکە دار و درەخت و گژوگیای لێیە، چیای پێرس و گوندی نەزاری دەکەونە بەرانبەری ئەشکەوتی شانەدەر.
=KTML_Bold=مێژووی ئەشکەوتی شانەدەر=KTML_End=
وەک دەزانین ئەشکەوتی شانەدەر مێژوویەکی دێرینی هەیە و چەندین مێژووناسی وڵاتانی ئەورووپی و ئەمریکی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەم ئەشکەوتە کردووە و بۆیان دەرکەوتووە کە مێژووی ئەشکەوتەکە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی 80000 ساڵ بەر لە زایین و لە ئێراقدا بە کۆنترین و گەورەترین ئەشکەوت دادەنرێت.
لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەم چەند کرێکارێک لە شاری دیوسلدۆرفی ئەڵمانیا بەڕێکەووت هەندێک ئێسک و پروسکیان دۆزییەوە. مامۆستایەکی بایۆلۆجی درکی بە گرینگیی ئەم ئێسکانە کرد و ناوی لێنان (نیاندەرتاڵ). وشەی نیاندەر لە ناوی قەشەیەکی میوزیکژەنی ئاڵمانی وەرگیراوە و تاڵەکەش لە زمانی ئەڵمانیدا مانای دۆڵ دەدا و ئاماژەیە بۆ ئەو دۆڵەی ئێسکەکانی لێ دۆزرایەوە بەم شێوەیە وشەی نیاندەرتال پەیدا بوو. ئیمڕۆ دەزانرێ کە ڕەچەڵەکی نیاندەرتال لەگەڵ مرۆڤی -هۆمۆ ساپیس -چەند سەد هەزار ساڵ هاوچەرخی یەکتر بوون و نزیکەی سی هەزار ساڵێکیشە ڕەچەڵەکی نیاندەرتال لەناوچوون.
لە ساڵی 1953 تا ساڵی1960 تیمێکی ئەمریکی لەژێر چاودێریی پسپۆڕی شوێنەوارناس ڕالف سۆلیکی، ئەشکەوتی شانەدەریان بە بەردەوامی دەپشکنی و هەڵدەکەند. ئەوان توانیان چەندین ئێسکی کۆن بدۆزنەوە کە تەمەنی ئەم ئێسکانە دەگەڕێنەوە بۆ شەست تاوەکوو 3000 ساڵ لەمەوبەر.
لە کاتی پشکنین و هەڵکەندن، سۆلیکی تێبینیی کرد کە لە چینێک لە چینەکانی خۆڵەکە، چەند ئێسکێکی نیاندرتاڵی گەنج و بەتوانا لەبەر کونی ئەشکەوتەکە بوون و هەندێک ئێسکی بچووکی نێچیریان لا بوو. لە بنەبانی ئەشکەوتەکەش ئێسکی چەند کەسێکی بەساڵاچوو دۆزرایەوە کە بەرماوەی خواردنەکانیان زۆرتر بوو لە بەرماوەی خواردنی گەنجەکان.
ئەم دۆزینەوەیە گرنگییەکی تایبەتیی بە ئەشکەوتی شانەدەر دا و بوو بە بابەتێکی لێکۆڵینەوە لە مێژووی مرۆڤایەتی و چەندین لایەنی نەزانراوی ئەم مێژووەی تێدا خوێنرایەوە. مێژووی ئەشکەوتەکە بووەتە وەڵام بۆ بەشێک لە پرسیارە مێژووییەکانی زانایان.
دواتر ماوەی پێنج ساڵە تیمێکی کامبریجی بەریتانی کاری گەڕان و کنە و پشکنین لە ئەشکەوتی مێژوویی شانەدەر دەکات کە شوێنی ژیانی مرۆڤەکانی نیاندەرتاڵ بووە . ساڵی 2018 ئێسکی سەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ لەو ئەشکەوتە دۆزرایەوە.
لە ساڵی 2019ش هەمان تیم بەردەوام بوو لە کاری کنە و پشکنین و پارچەیەکی دیکەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ دۆزرایەوە.
بە وتەی شارەزایان دۆزینەوەی ئەو پارچانەی پەیکەری مرۆڤی نیاندەرتاڵ دەسکەوتێکی گرنگی مێژویی و شوێنەراییە و بەهۆیەوە دەکرێت داتای نوێ لەبارەی مێژووی ئەشکەوتی شانەدەرەوە بخرێتە ڕوو.
دۆزینەوەی پاشماوەی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتەکەدا، بە چەند قۆناغێکدا تێپەریوە
سەرەتا دۆزینەوەی یەک پیاوی نیاندەرتاڵ بوو کە بە ناندی ناسراوە و لەلایەن هەڵکۆڵەرەکانەوە دەوترێت تەمەنی لەنێوان 30-45 ساڵ دا بووە.
دواتر پاشماوەی پیاوێکی تر دۆزرایەوە کە تەمەنی بە 30 ساڵ دانراوە و باوەڕ وایە بەرزیی باڵای 157 سم بووە و هۆکاری مردنەکەشی ڕوون کراوەتەوە کە بەهۆی کەوتنە خوارەوەی بەردەوە بووە.
لە پاشماوەی شانەدەری 3 دا پاشماوەی پیاوێکی تر دۆزرایەوە کە تەمەنی لەنێوان 40-50 ساڵ بووە و دەردەکەوێت کە بەهۆی برینەوە مردبێت. سەرەڕای هەبوونی برینەکەی و بوونی تەنەکە لەگەڵیدا تەنانەت تاوەکوو 2 هەفتەش ژیاوە.
=KTML_Bold=وشەی شانەدەر=KTML_End=
شانەدەر بریتییە لە دوو وشەی لێکدراوی شانە کە بە واتای خانە دێت و دەر کە بە واتای کرانەوە یان دەرگە دێت؛ کە کۆی وشەکە بە واتای دەرگەی خانە دێت. لە هەندێک سەرچاوەشدا باس دەکرێت کە بۆیە ئەو ناوەی لێ نراوە، چونکە لە شانەی هەنگ دەچێت. بۆچوونێکی تر هەیە کە ناوی شانەدەر بۆ ئەو دێیە دەگەڕێنێتەوە کە لێیەوە نزیکە. بۆچونێکی لاوازیش هەیە کە دەڵێت وشەی شانەدەر بە واتای شوێنی خۆ حەشاردانی پاشاکان دێت.
ئەشکەوتی شانەدەر ئێستا یەکێک لە شوێنەوارە مێژوویییە بەناوبانگەکانی کوردستان و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی و کوردستان و گەشتیاران بە مەبەستی بینینی ئەشکەوتەکە و هەروەها خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان و بە تایبەتیش خوێندکارانی بەشی مێژوو بە مەبەستی گەشتی زانستی، سەردانی ئەشکەوتی شانەدەر دەکەن.[1]