مارەکردن لە ئەدەبی زارەکی و کولتووری ناوچەی موکریاندا
لەیلا نوورانی
مارە
پەیمانی ژنومێردایەتی کە بە پێی شەرع و قانوون دەبەسترێ.
مارەیی
پارە، زێڕ، مڵک یا شتێکی لەم بابەتە کە لە کاتی بەستنی پەیوەندیی ژنومێردایەتیدا، مێرد دەیدا بە ژن یا دەستەبەر دەبێت لە داهاتوودا بیداتێ.
بێ جیاز و مارەیی دەیدا بە شوو
لەو هەموو کوردانە داخوازی نەبوو
(حاجی قادر)
ئاوی مارەیی پێ کەوتن
بۆ ئافرەت کە دوای مارە کران، گەشانەوە و ڕواڵەتێکی جوانتر پەیدا بکا.
مارەی کەسێک بڕین
مارە کردنی ئافرەتێک لە پیاوێک.
گۆیا لە شەڕەفکەند مام فەرەج ناوێکی کەڵاشکەر، ویستوویە لای مەلا ژن مارەکا. مەلا وتویە: هەرچی وتم وەدووم کەوە:
دەی فەرەج بڵێ:
-دەی فەرەج بڵێ!
-جارێ دەنگ مەکە.
-جارێ دەنگ مەکە!
-بە خوا سەگبابێکی کەرە!
-بە خوا سەگبابێکی کەرە!
مەلا لینگەکەڵاشێکی لە دمی دەدا،
فەرەجیش لینگە کەڵاشێک بە دەم و فڵچی مەلادا دەکێشێ.
مەلا هەڵدێتە سووچێکی مزگەوت و دەڵێت: لێت مارەکرا. لێی دەپرسن: مام فەرەج مارەت بڕی؟
-کوڕە خۆ مارەبڕین نیوەشەڕێکە من نەمزانیبوو
(هەژار، چێشتی مجێور)
مارە کران
(بۆ ئافرەت) بوون بە هاوسەری کەسێک بەهۆی بەسترانی پەیمانی ژنومێردایەتی.
مارەکراوی کەسێک بوون
دەزگیرانی کەسێک بوون.
مامەڕەش لە ڕانی خۆی دا و وتی: ڕۆڵە ئەو کچە مارەکراوی خۆتە، ئەمن داخێکم لە دڵی دای. شۆڕ مەحموود وتی: مامە بۆ لە ڕانی خۆت دا چ حەسرەتێکت لە دڵی دایە؟
(لوتفی: بەیتی شۆڕمەحموود و مەرزینگان )
مارەکردنەوەی کەسێک
1. سەرلەنوێ مارە کردنی ژنێک، لەلایەن پیاوێکەوە کە پێشتر مێردی ئەو ژنە بووە و تەڵاقی داوە.
2. مارە کردنی ژنێک کە مێردەکەی مردووە یا تەڵاق دراوە.
پاش مردنی شێخولئیسلام ژنەکەی ئەوی مارە کردبووەوە و کچێکی لێ هەبوو کە بەجوانەمەرگی مرد.
مارەبڕ
1. ئەوەی ئافرەتێک لە پیاوێک مارە دەکا.
2. کچێکە بە منداڵی مارەکرابێت و ئێستا بە بووک نەچووبێ.
مارەبڕانە
دراوێکە دەدرێ بەو کەسەی مارەدەبڕێ. = هەقدەستی مارەبڕ.
مارەبڕانەی دایکێتی
بە گاڵتە یا بە تووڕەیی لە وەسفی کەسێک دەوترێت کە بۆ شتێک یا کارێک خۆی پێ لە هەموو خوازیارەکانی دیکەی شت یا کەسێک لە پێشتر و هەقدارتر بێ.
مارەبەجاش
مارەکردنی ژنێک کە سێ تەڵاقە کراوە، یا سێ جار لە سەریەک لە مێردێکەوە تەڵاق دراوە. لە کەسێکی غەیری ئەو مێردە، بۆ ئەوەی ئەو کەسە دوای بەدەست گرتنی، تەڵاقی بداتەوە و لە ئەنجامدا مێردی پێشووی لە باری شەرعییەوە ئیجازەی هەبێت مارەی بکاتەوە.
بەمارەوتەڵاق
ئەو ژنەی کە بەبێ تەڵاقدران، دوور لە مێردەکەی دەژی.
ڕەشەڕیحانە لە من دێنەدەرێ بە گوڵەمێلاقە
بەڵام ئەتۆ نازانی هەتا دێیەوە لە گەرمێنێ، یارویارکۆڵەی تۆ لە ماڵی دە بابان هەر بەمارەوتەڵاقە .
باوەڕ لەسەر مارەکردن
باب حەقی هەیە بە بێ وەکیل و ڕازیبوونی کچ هەتا سێ کچان مارە بکە.
لە جەنگەی مارەکردندا ئەگە یەکێک بەنی بادا/ گرێ دا زاوا دەبەسترێ.
لە جەنگەی مارەکردندا ئەگە یەکێک دەسحێبی بگێڕێت زاوا دەبەسترێ.
خەنە مارەیی ئایشێ و فاتمان بووە.
[1]
*سەرچاوە: پایانیانی، کانی مرادان