زەماوەند و بووک گواستنەوە لە ناوچەی موکریان
لەیلا نوورانی
=KTML_Bold=شیرنی خواردن=KTML_End=
ڕێوڕەسمێک کە خزم و کەسی ماڵی زاوا هەر لە ڕۆژی مارەکردن یا ڕۆژێکی دیاری کراوی دیکە دەچنە ماڵی بووک و زێڕەوشانی دەکەن و دەستێک جلوبەرگ (کراس، پشتێند، دەسماڵ، پشتەکەوا) و چەند پارچە زێڕێک بۆ بووک بە دیاری دەبەن. لەو ڕۆژەدا بووک و زاوا پێکەوە ئاڵقە دەگۆڕنەوە و شیرنی یا هەنگوین دەخۆن. کۆڕی شایی و ڕەشبەڵەک دەگیرێ.
زەمانی زوو شیرنی خواردن نەبووە و بووک و زاوا زۆرجار یەکتریان هەر چاو پێ نەدەکەوت.
=KTML_Bold=جل هەڵگرتن=KTML_End=
قەدیم ماڵی زاوا پێیان عەیب بوو بۆخۆیان بچنە ماڵی بووک و کاروباریان بە ژنێکی گەڕاوە دەسپارد کە پێیان دەوت بەربووک لە بەزازی ڕا بوخچەیەکی گەورەیان جلوبەرگ دەناردە ماڵی بووک هەتا بە دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێ. دوو یا سێ دەست جلیان بۆ هەڵدەگرت. جا لە ڕۆژی شیرنی خواردن لەسەر (مەجوعمەیان) دادەنا و لەنێو ژنان بڵاویان دکردەوە و بەربووک بە ژنانی نیشان دەدا و شیرنیات و قەرەپووڵی لەسەر جلەکان دادەنا. بەربووک لەگەڵ بووک دەچووە ماڵی زاوا و تا هەفتەیەک لای بووک دەماوە و ڕووسپێتیی بووکی بە ماڵی زاوا نیشان دەدا و دوایی بوو ماڵی بابی کچەی دەبردەوە.
ماڵی زاوا دەستێک لیباس و پووڵ و کەللەقەند و تائارد و کووپە پەنیریان دەدایە و بەڕێیان دەکردەوە.
=KTML_Bold=خەنەبەندان=KTML_End=
قەدیم شەوی پێش گواستنەوەی بووک کچ و ژنی خزم و دۆست و ئاشنا خڕ دەبوونەوە و هەرکەسە کیسە خەنەیەکی دەبرد و دەچوونە ماڵە بووکێ، زۆرتر شۆربا و گۆشت یان شۆربا و کفتەیان لێدەنا و داوەتیان دەکرد و خەنەیان دەگرتەوە و تێکرا دەست و پەنجە و قامکی لاقیان خەنە لێدەدا.
ئێستاکە ماڵی زاوا دەچنە ماڵی بووک و خەنە دەگرنەوە و هەر کچەی قامکێک لە خەنەکە دەدا و بەری دەستی پێ سوور دەکا.
=KTML_Bold=بووک ڕازاندنەوە=KTML_End=
چەند ژنی خزم و ئاشنا پێش گواستنەوە کۆ دەبنەوە و یەکیان دەموچاوی بووک هەڵدەگرێ و یەک سەری بۆ دە خەنە دەدا. جلەبووکیش پێش دروون دەدەن بە ژنێکی بەبەخت هەوەڵ مقەستی لێدەدا هەتا بووک بەختەوەر بێ.
ڕۆژی بووکێ واتا گواستنەوە، ژنی بەبەخت و ئیقباڵ دێنن لەو ژوورە بێ کە بووکی لێ جوان دەکرێت و سووراو و سپیاوی بۆ دەکەن و چاوی پڕکل دەکەن و جلی بووکێنیی لەبەر دەکەن و شەدە و گێلگێلەی لەسەر دەنێن و تارای سووری پێدادەدەن و پووڵی بۆ دە کەوشەکانی دەنێن هەتا سەر بەڕسق بێ.
=KTML_Bold=گواستنەوە=KTML_End=
ئەو ڕۆژەی ماڵی زاوا دێن بووکی بگوازنەوە، هەرتکٓ ماڵی بووک و زاوا لە خەڵک دەگێڕنەوە و پاش نانی نیوەڕۆ دەچن بۆ بووکێ. قەدیم ئەگەر ڕێگا دوور بایە بەیانی دەچوون بۆ بووکێ لەبەر ئەوەی بێ ماشێن بوون و هەر بە ئەسپ بووکیان دادەبەزاند. زاوا ئیزنی چوونە ماڵە بووکی نەبوو، جار هەبوو لە جیاتی برای زاوا، دوو کوڕە جحێڵەی خزم یا دۆست و برادەری زاوایان دێنا و پێیان دەوتن: برازاوا، ئەوانە لەگەڵ کەیخودا و خزمە نزیکەکانی زاوا بۆ بووک دەچوون (ژنیان نەدەبرد). ئەم لاولای بووک برا، خاڵ یان مام ڕادەوەستان و قۆڵی بووکیان دەگرت هەتا سواری ئەسپ دەبوو. بەربووکیان ڕەگەڵ دەخست.
=KTML_Bold=پشتێندی بووک بەستن=KTML_End=
پشتێندێکی سووری باریک نزیکەی میتر و نیوێک درێژایی هەبا، دەیاندا بە برازاوا و سێ جاران لەسەر ڕا هەتا بەری پێی بووک دەیهێناوە و جاری سێیەم لەنێو قەدی بووک گرێی دەدا و ماڵی بووکیش خەڵاتیان دەکرد. پێش ئەوەی بووک لە ماڵەبابی بچێتە دەر هێلکەیان دادەنا هەتا پێی لێ نێ و سەربەڕسق بێ.
=KTML_Bold=بووک دابەزین=KTML_End=
قەدیم بووک ئەگەر ڕێی دوور بایە سواری ئەسپ دەبوو، پێش ئەوەی بووک دابەزێ جار هەبوو مانی دەگرت و دەبوو ماڵی زاوا گیسک یان کاۆڕێک بکەنە خەڵاتی بووک. زاوا بە شووڵێک لە سەری بووکی دەدا باوەڕی وابووە کە سامی ڕەسەر سامی بووک کەوێ، کەڵەباب، قەرەپووڵ، شیرنیات و نوقڵیان بەسەر بووکدا هەڵداویشت. کاتێک بووک دادەبەزی دایکی زاوا، تاراکەی بۆ هەڵدەداوە و زێڕەوشانی دەکرد و دوایی ئەو خزموکەس و دەروجیران زێڕەوشانیان دەکرد. ئاوێنەیان لە پێش بووک و زاوا دادەنا و هەنگوین، هەڵوا یان شیرنییان لە پێش دادەنان هەتا لەبەر چاوی یەکتر شیرین بن. منداڵی کوڕیان دە کۆشی بووک دەنا و ئەویش پووڵی دەدانێ، بە ئاواتی ئەوەی منداڵی نێرینەی بێ و تایفەیان بەپشت بێ.
چای دووڕەنگیان بۆ بووک و زاوا دەهێنا و ئەوانیش تێکیان وەردەدا و دوایی قوومێکیان لێ دەدا و زاوا پووڵی دە کەشەفەچایەکە دەنا. دوایی بووک و زاوایان دەبردە گەڕی داوەت و پووڵیان بەسەردا هەڵداویشتن.
=KTML_Bold=سێ ڕۆژانە=KTML_End=
ڕۆژی دوای گواستنەوە خزم و کەسی بووک خۆیان دەڕازاندەوە و دەچوونە ماڵی زاوا، نان و چێشتی نیوەڕۆیان دەخوارد و بووک بەرگ و لیباسی وەکی ڕۆژی گواستنەوەی لەبەر دەکرد بەڵام تارای بە خۆی دانەدەدا. ڕەشبەڵەک دەگیرا و دوایی خەڵکەکە بڵاوەیان دەکرد.[1]