پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری؛ بەشی 01
لەیلا نوورانی
پیشەیەک پێکهاتووە لە ئامێر گەلێک کە بۆ دروونی (شمەک، قاڵی، جاجم، زەنگاڵ، بووزوو، پۆپەشمین و بەرماڵ و ھتد) کەڵکی لێ وەردەگیرێ. جۆڵایی مێژوویەکی کۆنی لە کوردستاندا ھەیە و زۆر وشەی تایبەت بەم ئامێرە ھەن کە چیدیکە بەکار ناھێنرێن. ھەندێک لەم وشانە ئەمانەن: (خەرەک، دووخ، دەففە، مەکووک، ساکین، سەرکڵاوە و ...) پێشتر ڕانک و چۆخە، کەوا و پانتۆڵیش بە جۆڵایی درووست دەکران.
=KTML_Bold=جۆڵا=KTML_End=
ئەو کەسەیە کە جۆڵایی دەکات و لە مەرەز و خوری کەڵک وەردەگرێ.
=KTML_Bold=ئامێرەکانی جۆڵایی
بەرچەنە=KTML_End=
دارێکی تەنکی پانە، کە ئەمسەر ئەوسەری (بزماری) پێوەیە و لەنێو قەددا ئانیشکەی بۆ ساز کراوە و دەنووشتێتەوە، درێژایی بەرچەنە تەواو بەقەد پانیی تەنراوەکەیە. کاری بەرچەنە ئەوەیە کە تەنراوەکە شەق ڕابگرێ. هەتا جۆڵا جاوپێچەکەی بسووڕێنێت و تەنراوەکە هەڵبکات، دەبێت بەرچەنە بگوێزێتەوە و بیباتە پێشتر.
بەرچەنە ئەم ناوانەشی هەیە: (بەرژەنە، بەرگیرە، بەرلێنچک، بەرێنچک)
=KTML_Bold=بەند پێتاتە=KTML_End=
بەندێک یا قایشێکی پانە کە سەرێکی بە دار پێتاتەی ژێری گوردەوە قایم کراوە و سەرەکەی دی لە پێتاتە، کە تەختەیەکی پانی بەرپێی جۆڵایە (بزمار) کراوە، ژمارەی ئەو بەندانە چوارە، کە بەرابەرە لەگەڵ ژمارەی پێتاتەکان.
=KTML_Bold=بەنگورد=KTML_End=
بەنێکە کە سێ لۆ دەکرێت و گشت با دەدرێ و لە ئاودا دەکوڵێنرێ و لە پێچەک دەدرێ تا قایم و خۆڕاگر بێ، ئەمجار بە شێوەیەکی تایبەت، لە مابەینی دوو دارگورد بە مەودای پازدە تا بیست سانتیم، بەهۆی ئامرازێک بەناوی ساچین، گرێ دەدرێ و ڕایەڵەکانی کری بە ناودا تێدەپەڕێ. هەر دەنکێکی بەنگورد لە دوو کوت پێکهاتووە کە یەکیان لە دارگوردی سەروو و ئەوی تر لە دارگوردی ژێروو گرێ دراوە و لەنێوەڕاستیشدا وەک ئاڵقەی زنجیر لە باڵ یەک خراون.
=KTML_Bold=پاژگورد=KTML_End=
(پاش+ گورد)، دارێکی ڕێک و لووسی باریکە، لە پشت هەر چوار گوردەوە دەخرێتە بەینی ڕایەڵەکانەوە. پاژگورد زیاتر لە تەنینی بووزوودا کەڵکی لێ وەردەگیرێ، چونکە بەنی بووزوو یەک لۆ و باریکە و لەسەر دەزگای جۆلایی وا هەیە بپسێ، ئەگەر پاژگوردی لەسەر بێ، هەودا پساوەکە زووتر دەبینێرێتەوە و چارەی ئاسانە.
=KTML_Bold=پردەڵە=KTML_End=
دارێکە لەنێوان مۆلەقە و دەفە دا، لەسەر دوو سینگ داکوتراوە و ڕایەڵەکان دەکەونە سەری.
=KTML_Bold=پەڕ=KTML_End=
شاپەڕی باڵندەیە و دەخرێتە ناو کونی لاتەنیشتی مەکووکەوە تا سەری شیشی لوولە ڕابگرێ. لوولە بەهۆی شیشەوە لەناو دڵی مەکووکدا دادەمەزرێ، دامەزراندنی لوولە لەناو مەکووکدا بەم چەشنەیە:
1. سەرێکی شیش دەخرێتە ناو کونی دیواری ژووری مەکووک.
2. سەری تری شیش دەخرێتە ناو قەڵشی مەکووک.
3. پەڕی باڵندە دەخرێتە ناو کونی تەنیشت مەکووک و زارکی قەڵشەکە دەبەستێ تا شیشەکە نەیەتەوە دەر.[1]