پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری؛ بەشی 02
لەیلا نوورانی
=KTML_Bold=پێتاتە=KTML_End=
لە هەر کەڕەتەی تێوەدانی مەکووکدا، پێویستە دوو گورد بێنە خوار و دوو گوردیش بچنە سەر، تا ڕایەڵەکان بکەنە دوو بەش و مەکووک بە نێوانیاندا هاتوچۆ بکا و پۆی کرەکە بڕواتە پێش. هەر دەزگایەکی جۆڵایی چوار، پێتاتەی هەیە کە جۆڵا لە مەودای هەر تێوەدانێکی مەکووکدا، پێ بە دوو پێتاتە دادەدا.
=KTML_Bold=تڵیش=KTML_End=
قەڵشێکی باریکە لەسەر مەکووک، کە سەری شیش ی دەخرێتە ناو و زارکەکەی بە پەڕی باڵندە دەگیرێت تا لە کار کردندا نەیەتەوە دەر.
=KTML_Bold=تەپانە=KTML_End=
دارێکە زیاتر لە شێوەی وەردێنە ساز دەکرێت و لە بەری میچ قایم دەکرێت و تەواو دەکەوێتە ئاستی سەری جۆڵا. ئەو گوریسەی کە لە نەردەوە هاتووە و لە جەمسەری ڕایەڵەکان گرێ دراوە، بە پشتی تەپانەدا شۆڕ دەبێتەوە تەنیشت جۆڵا و لە کاریتەی کارخانە توند دەکرێ. هەر جارە کە تەنینی کرەکە زیاد دەکات و دەڕواتە پێش، دەبێت ئەو گوریسە شل بکرێتەوە و ڕایەڵەکە لە دوو بدا.
=KTML_Bold=جاوپێچە=KTML_End=
کۆلکەدارێکی ڕێک و لووس یا چوار پاڵوویە، هەر دوو سەری باریک کراوەتەوە و کەوتووەتە سەر جووتێ دوولک کە هەر کام لەسەر کاریتەیەکی کارخانە دابەستراون. لایەکی جاوپێچکە هەندی ئەوەندەی دارێکی بە ئەستووریی قامک تێدا درێژ بکرێ، کۆڵراوە. جەمسەری کرەکە دەکەوێتە ناو ئەو قووڵایییە و دارەکەی دەکەوێتە سەر و دەکوترێتەوە تا کرەکە توند ڕابگرێ. جۆڵا هەر جارە کەمێکی دەسووڕێنێت و تەنراوەکەی لێ دەئاڵێنێ.
=KTML_Bold=چۆلەکە=KTML_End=
دارێکە بەسەر گوردەوە هەڵواسراوە، سەری دارەکە دوو لکە و هەر لا لکێک خولخولەیەکی بە ناوی وڵاڵە پێوەیە، بەنێک بەملا و ئەولای خولخولەکاندا شۆڕ بووەتەوە و دە گوردەکان خراوە و بەپێوە ڕایگرتوون. هەر دەزگایەکی جۆڵایی دوو چۆلەکەی هەیە تا ئەمسەر و ئەوسەری گوردەکان ڕابگرن.
=KTML_Bold=خەڕەک=KTML_End=
دەزگایەکی دارینە، پێکهاتووە لە بازنەیەکی گەورەی پەڕەدار کە تەسمەیەکی لە گشتەک یا سیرمە تێ کراوە و لکاوە بە دووخی خەڕەک ەوە. خەڕەک لە کاری جۆڵاییدا تەنیا بۆ هەڵکردنی بەنە لەسەر لوولە، بەڵام لە شوێنی خۆی دەکرێت لۆکە و خورییشی پێ بڕێسرێ.[1]