پیشەی جۆڵایی لە کوردەواری؛ بەشی 03
لەیلا نوورانی
=KTML_Bold=دارپێتاتە=KTML_End=
دارێکە بە ڕاکشاوی بە بنی گوردەوە هەڵاوەسراوە و سەری بەندی پێتاتەی لێ قایم کراوە. ئەو دارە لە هەر دوو سەر بە گوردەوە گرێ دراوە و کاری ئەوەیە کە کاتێک جۆڵا لاق بە پێتاتەدا دەدا، گورد ساف و یەکدەست داکشێتە خوار و جۆلانە نەکا. هەر گوردەی دارپێتاتەی خۆی هەیە، کە سەرجەم چوارن.
=KTML_Bold=دارگورد=KTML_End=
دارێکی ڕێک و لووس و سەختە، بەنی گوردی لێ گرێ دەدرێ. هەر گوردێک دوو دارگوردی هەیە کە پازدە تا نزیکەی بیست سانتیم مەودایان هەیە، ئەو مەودایە بەنی تێخراوە و سەری بەنەکە لە هەر دوو دارگورد گرێ دراوە. درێژیی دارگورد دەبێت لە پانیی کرەکە زیاتر بێ.
=KTML_Bold=داری بەرگرتنەوە=KTML_End=
دارێکە بەپانایی بەری کر، کەندرێکی دە دەور تێهاڵێنراوە و سەری کەندرەکە لە هەر دوو جەمسەرەوە لە دارەکە قایم کراوە. هەروەها گوریسێکیشی لە هەر دوو جەمسەر خراوە، گوریسەکە لە دارەکە درێژترە.
(بڕوانە وێنەی ژمارە 21 لە فایلی پەیوەندیدار)
کاری ئەو دارە ئەوەیە: کاتێک تەنراو دێتە تەواو بوون و جەمسەری دوایی ڕایەڵ لە گورد نزیک دەبێتەوە، چونکە سەری ڕایەڵەکان لێک گرێ دراوە و بە هێچکەوە بەستراوە و وێکهاتووەتەوە، ئیدی بە ئاسانی ناچێتە ناو گورد و هەندی پتر لە نیوگەزی ڕایەڵەکان لە پشت گورد دەمێنێەوە و خۆ نادەن بە دەستەوە. (بڕوانە وێنەی ژمارە 22 لە فایلی پەیوەندیدار)
لێرەدا داری بەرگرتنەوە دەکار دەکرێ، بەم جۆرە کە جەمسەری ڕایەڵەکان لە گوریس و هێچک ڕەها دەکرێن و ڕایەڵەکان دەکرێنە دە ماڵ و هەر ماڵە بە ناو ئاڵقەیەکی کەندری داری بەرگرتنەوەدا ڕەد دەکرێن و ڕایەڵەکان تا دوایی کارەکە بە پانی و لێک بڵاوی دەکەونە پشت گوردەکان. (بڕوانە وێنەی ژمارە 23 لە فایلی پەیوەندیدار)
لەم حاڵەتەدا گوریسی داری بەرگرتنەوە لە گوریسی هێچک دەخرێ و توند دەکرێ. (بڕوانە وێنەی ژمارە 24 لە فایلی پەیوەندیدار)[1]