ساقی نامە
ساقی فیداتم... ساقی فیداتم
دڵ پەستە، هەستە ساقی فیداتم
حەیرانی لەنجە و بەژن و باڵاتم
شەرابێ بابێ بۆ دڵەی ماتم
ڕەونەقێ، شەوقێ بابە حەیاتم
لە دەستی پەستی بدا نەجاتم
شەرابێ وابێ عومری نوحی بێ
سەفا بەخشی دڵ نەشئەی ڕۆحی بێ
کۆن و موسەففا، لابەری جەفا
بەزم و ڕابیتەی یارانی وەفا
شەرابێکی وا بەتەنها جامێ
تەکامول بکا خامێ، نەفامێ
قەدەح پەیاپەی پڕکە لێواو لێو
بێنیە و مەترسە لە تەعنە و جنێو
***
ساقی فرسەتە... ساقی فرسەتە...
دەخیل مەوەستە ساقی فرسەتە
وەختی خواردنەوە و کەیف و عوشرەتە
موغەننی سا تۆش ڕۆژی هیممەتە
دڵ زۆر گیرۆدەی دەنگ و نەغمەتە
توخوا قەتارێ دڵ بۆی لەت لەتە
بەناڵەی نەی و نەغمەی ئەرغەنوون
بەنەشئەی مەی و شەرابی گوڵ گوون
با لە دڵ دەرکەین سزایی گەردوون
ئاسوودە ساتێ دڵ ببێ مەجنوون
***
ساقی بەهارە... ساقی بەهارە
ساقی بڕوانە دنیا بەهارە
زەمین سەراپا گوڵ و گوڵزارە
چریکەی باز و نەغمەی هۆزارە
نەورۆز پەیدا بوو لە گردی یارە
تێ بکە لە چاوی ئەو عیشوەدارە
کوا فرسەتێکی هەروەک ئەمجارە
تێ بکە چ وەختی توانج و عارە
***
ساقی ئۆباڵی منت بەئەستۆ
دنیایە وەسیەت ئەکەم لەلای تۆ
کە مردم توخوا هەر بەمەی بمشۆ
بۆم مەکەن شین و گریان و ڕۆ ڕۆ
لە جێی یاسین و تەڵقین و شینم
بێن کۆڕێ بگرن لە ژوور سەرینم
بەبەزم و ڕەزم و بەئاوازی خۆش
ئێسک و پرووسکم هەموو بێتە جۆش
#فایەق بێکەس#
سەرچاوە: #دیوانی بێکەس#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [1]