نان لە زمان و کولتووری کوردیدا؛ بەشی 01
نان
هەویری ئاردی گەنم، جۆ، هەرزن و گوڵەدان و شتیوا کە بە تەندوور، سێڵ یا دەزگای ئەوڕۆیی دەبرژێ.
نان کردن
درووستکردنی نان.
دایکی وەختێک نانی دەکرد، لە هەویری بنی سوێنەکە ئەنگوتکێکی چووکەڵەی دەگرت و نانێکی چووکیشی بۆ هەتاو لێ درووست دەکرد.
(حەسەن زادە هەتاو: 39)
نان کردنەوە/ تیر لێدان
پان کردنەوەی ئەنگوتک و تیر لەسەر گێڕانی.
نان پێوەدان
بە تەندوورەوەدانی هەویری ڕاهاوێژراوی سەر ڕفێدە.
نان چوون
لێبوونەوە و بەربوونەوەی نان یا بەشێک لە نانی نەبرژاو لە تەندوور بەهۆی بێ خوێ بوون یا ساردبوونەوەی تەندوور و شتی لەم بگابەتە.
نان دان
1. زەوییەک کە بەروبووی باشی دەبێت.
زەوییەکە شکوور نانی دەدا.
2. نان بدە بوون، میوانگر بوون.
قەت بووە لەکنە خۆت پیاوەتی بکەی، بدەیەوە نانی/ هەرگیز واش دەبێت. بێ ڕوحمی و بێ ئیمانی/ سەری دوازدە برایان ببڕی لەسەر سفرەی دە نانی.
(بەیتی کاکەمیر و کاکەشێخ)
لە نان بوونەوە
تەواوی هاتن لە نان کردن.
لانکە دووکەڵی دەکرد، نانکەرە دەریهێناوە، هاویشتێک سەر تەپۆلکێ، ئەگە لە نانی بووەوە، دەستی دایە و بردێ ماڵێ و هاویشتێک پشت پێڕکێ و دیسان بووەوە بە دەنکە هەنار.
(خەجێ نان نەخۆر، هەقایەتی دەنکە هەنار)
هاتنە نان
1. ئامادەبوونی تەندوور بۆ نان پێکردن.
تەندوورەکە هاتۆتە نانی با ڕێکەوین.
2. هەڵاتن و لەباربوونی هەویر بۆ کردنە نان.
دەغڵەسپیلکە نایەتە نانی.
جۆرەکانی نان
نانتیر
1. بە شیر دەشێلدرێ و بە ڕۆنی کەرە دەستاو دەدرێ، ڕەشکەی تێ دەکرێت و بە سێڵ دەکرێ.
ناسک دەکوشێ پەنیری/ ناز دەشێلێ هەویری/کاڵێ دەکات نان تیری
(هێمن، دیوانی هێمن موکریانی)
2. ئەو نانەی نانکەرەوەکەی، ئەنگوتکان بە تیر پان دەکاتەوە.
*تێبینی: تیر؛ دارووکەیەکی خەڕاتیکراو بۆ ئەنگوتک پانکردنەوە/تیرۆک.
نان ساجی/ نان شلکی/ نانی سێڵ
ئەو نانەی کە بە سێڵ کرابێ.
یەکێک نانی دەکرد و یەکێک لەسەر سێڵ دەیبرژاند. نانی ئەستوور و زەرد و سووری سێڵی لەلای ڕاستی نانکەرەکە هەڵچنابوو...
(حەسەن زادە، حەمەدۆک، ب1)
نانەتەپی
نانی بەدەست پانکراوە کە بە زۆری بە سێڵ دەکرێ.
نانەبستە
جۆرە شیرنییەکی ئیشک و ناسک و چووکە لە ئارد و شەکر، بیسکویت.
... ئەم سەرەچووکەڵە لە پشتەوەڕا ڕاستەوخو یەک پارچە دەهاتە خوار بۆ سەر ملی، بەڵام لە پێشەوەڕا کەللەسەری وەک نانەبستە دەهاتە سەر نێوچاوانێکی قوپیو لەنەکاو پان دەبووەوە.
(حەسەن زادە، دان چەرموو)
نان پانکە
نانی ئەستوور و خەپلە بۆ هەرمێشک.
نان پەنیرە
جۆرە نانێک لە شێوەی کەلانە کە لەجیاتی سیر و کوڕادە/ تەڕەپیواز پەنیری تێ دەکرێ.
نانە چەورە
نانی ئەستووری بەچەوری پێوەدراو.
باوەڕ:
نانەچەورەیان دە بن بووک دەنا، هەر منداڵێک بەلای بووکدا ڕۆیشتبا، بووک پەنجەنانێکی دەدایە.
نانە خڕە
نانی ئەستوور و ڕشکاوی، هەر لە هەویری دەرچوو لێیدەکەنەوە و ڕۆنی تێهەڵدەسوون و دەیکەن بە چنگاڵ.
نانەخوولکە/ نانەخوولە
جۆرە نانێکی ئەستوور و کوورت و نەبرژاو کە بە چەورکراوی دەخورێ.
[1]