ناونیشانی بابەت: فەلسەفەی هەڵپەڕکێ و گۆڤەندی کوردی؛ بەشی 03
نووسەر: کەیهان محەمەدی نەژاد
هەڵپەڕکێی کوردی بەشێکە لە مێژووی نەنووسراوی گەلی کورد. لەنێو ئەو هەڵپەڕکێ و دیلانانەدا سەدان کارەسات و بەسەرهاتی جۆراوجۆر هەن کە زۆربەیان نەگێڕدراونەتەوە.
زۆرجار نەتەوەی کورد بەهۆی بندەستی و ستەمەوە نەیتوانیوە زۆرێک لە ڕووداوە مێژووییەکانی خۆی بنووسێتەوە، بەڵام توانیویەتی بە داهێنان و ئافڕاندنی جۆرێک لە هەڵپەڕکێ، ئەو ڕووداوانە لە ڕێگەی زمانی بینراو و سۆزەوە نیشانی نەتەوەی خۆی بدات.
قەمبەر یەمانێ یەکێکە لەو دیلانانەی کە لە بەشی شێخانی دادەنرێت و فەلسەفەی ئەم دیلانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێک کە چەند هاوڕێیەک چوون بۆ خۆشی و سەیران و لەو کاتەدا بەفر و بۆران دەستی پێ کردووە هەر چەند گەڕاون، شوێنی مەبەستیان پەیدا نەکردووە و جارێکی تر گەڕاونەتەوە سەر شوێنی یەکەمی خۆیان؛ ئەگەر مرۆڤ سەیری دیلانی قەمبەر یەمانێ بکات، بەجوانی نیشان دەدرێت کە لە هەر چوار لاوە دیسان دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی دەستپێکی خۆی؛ لە چیرۆکی ئەم هەڵپەڕکێیەدا دەوترێت کە ئەم کەسانەی کە دواجار گەڕانەوە ماڵەکانیان و لە دەرگایان دا، بە بنەماڵە و کەسوکاریان وت: دەرگاکە بکەنەوە، مردین. لە بەشێکی هۆنراوەکەیدا هاتووە: قەمبەر یەمانێ قەمبەر یەمانێ شەڤێ دن ئەز ژ ڕێ خەلتیم و دەری ڤەکە ئەز پەرتیم.
دیلانی کوردی زۆرن کە لەسەر تەرمی مردووەکان بەڕێوە دەچن، یەکێک لەوانە دیلانی شەنگەیە. دیلانی شەنگە لە شارەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باکووری کوردستان بەڕێوە دەچێت و ئەم دیلانە لەسەر تەرمی مردووەکان بەڕێوە دەچێت و ئەگەر سەیری هۆنراوەکەی بکەین، دەڵێت: (هەی شەنگە شەنگە، شەکر ئاخا شەنگە، کوشتنا میرێ سۆر ل ئەشیرەتان دە دەنگە.) هەر بۆیە خەڵک ئەم دیلانەی لەسەر تەرمی میر کردووە؛ زانراوە کاتێک میرێک دەکوژرێت، خەڵک گلەییان لە شەنگ کردووە. شەنگ کەسێکی شۆخ و شەنگ بووە کە میری کوشت و خەڵک گلەییان لێ کردووە و پێیان گوتووە: تۆ بۆ ئەم ستەمەت کرد و میرت کوشت؟ ئەمجار ڕووداوی کوشتنی میر لەلایەن شاعیرانەوە هۆنراوەتەوە کە ڕوون نییە هۆنراوەکەی لەلایەن چ کەسێکەوە نووسراوە و بە سامانی گەل دادەنرێت و دوای خوێندنەوەی هۆنراوەکە، دیلانێک لەسەر تەرمی میر کراوە.
ئەو هەڵپەڕکێ و دیلانە کوردییانەی کە باسی فەلسەفەکەیانم کرد بەڕاستی زۆرن و مرۆڤ ناتوانێت لە وتارێکی وا کوورتدا یەک بە یەک باسی هەموویان بکات، ئەمە تەنیا بەرچاو ڕوونییەکە لەسەر دیلانی کوردی کە ئێمە وەک نەتەوەی کورد دەبێت بەها و گرینگیی هەڵپەڕکێکانی خۆمان بزانین کە پڕن لە فەلسەفە. بە واتایەکی تر هەڵپەڕکێی کوردی هەم بەزمە و هەم ڕەزمە. چونکە هەندێک دیلانی کوردی هەن کە وەک نمایشی سەربازین و مرۆڤ دەتوانێت دیلانەکانی وەک قەمبەر یەمانێ، یارپێدار، ئەکمەلی و نارێ و... وەک نموونە بهێنێتەوە.
ئەگەر بمانەوێت هەڵسەنگاندنێک لەسەر هەڵپەڕکێی کوردی و سەمای جیهانی بکەین، دەتوانین بڵێین، گەورەترین تایبەتمەندیی هەڵپەڕکێی کوردی ئەوەیە کە زیاتر لە سەد کەس دەتوانن پێکەوە هەڵپەڕن، بەڵام لە هیچ کام لە وڵاتانی جیهاندا وەها سەمایەک نییە؛ لە سەمای جیهاندا تەنیا کەسێک یان دوو کەس دەتوانن پێکەوە سەما بکەن، بەڵام لە هەڵپەڕکێی کوردیدا دەبینین زیاتر لە 100 کەس دەتوانن پێکەوە هەڵپەڕن. تایبەتمەندییەکی تر ئەوەیە کە هەر دیلانێکی کوردی، گۆرانی و هۆنراوەی تایبەتیی خۆی هەیە، واتە هونەرێک لە پشت ئەو دیلانانەوەیە و سەرەڕای بوونی هونەر، مێژوویەکی پڕ لە سەرهەڵدان، شکست و کەوتن، هەستانەوە و قارەمانێتیی لە پشتیانەوە شاراوەتەوە و بەڕاستی ئەرز تا ئاسمان لە سەماکانی جیهان جیاوازترن.
وێڕای ژێر دەستەیی و بەردەوامی سەپاندنی شەڕ بەسەر گەلی کورد دا، هەڵپەڕکێ و دیلانی کوردی توانیویەتی چیرۆک و بەسەرهاتەکانی گەلی کورد بەزیندوویی بگەیەنێتە نەوەی نوێی گەلەکەمان.
ئەم بابەتە درێژەی هەیە...[1]