نان لە زمان و کولتووری کوردیدا؛ بەشی 02
لەیلا نوورانی
=KTML_Bold=نانەخەپە=KTML_End=
جۆرە نانێکی کوورت و ئەستوورە، شۆڕە یا سەڵمۆکەی دەنێو دەنێن و بەقەدکراوی پێوەدەدرێ و بە چەورکراوی دەیخۆن.
=KTML_Bold=نانە ڕفێدە=KTML_End=
جۆرە نانێک کە بە ڕفێدە پێوەدەدرێ و بەر لە برژان لێ دەکرێتەوە و هێلکەی تێ هەڵدەسوورێ و پاشان دەبرژێندرێ.
*تێبینی: ڕفێدە: کەرەستەیەکی دۆشەگەڵە ئاسا بۆ نان پێوەدان.
تەندوور داخا، ئارد دابێژێ، هەویر شێل بێ، گونک خڕدا، بە وەردێنە لەسەر پنەی پانکاتەوە. لە دەوری تێروکی پێچێ، بەسەر ڕفێدەیدا بدا، پێوەی بدا.
(هەژار، مێژووی ئەردەڵان)
=KTML_Bold=نانەشوانە/ ئەستوورکە /ئەستووکە=KTML_End=
جۆرە نانێکی کوورت و ئەستوورە کە بە چەورکراوی دەیخۆن.
=KTML_Bold=نانە شیرنە=KTML_End=
جۆرە نانێکە لە هەویر و لۆرک و ڕۆن و کاخڵی و ڕەشکە.
=KTML_Bold=نانەشەکرە/ نانە شەکری/ نانە شەکرینە=KTML_End=
نان یا کولێرەی شیرین، هەر جۆرە شیرنییەک.
جا دەڵێت لە خۆشیانی هیچی بەبیر نەما. ئەوێشەوێ چووەوە هەتا شلبوو یەک کۆڵی کولیچە و لالەنگی و باقلاوە و نانەشەکرە ساز کردن و سێ کاتژمێری شەو مابوو کە کاڵە و گۆرەویی دەپێ کردن ....
(خلەدەرزی، بەیتی برایمۆک)
وەگەڕێ لەو سەفەرەی بۆ خاتری ئەو محەمەدەی ئەگەر بە من و تۆ ئەمینە/ خۆ ئەمن نەمزانی دەچێوە سەفەرێ لەبۆت بکەمە تێشوو، پەشمەک و لوقمەقازی و نانەشەکرینە
(حاجی ساڵە تەورە: بەیتی لاس و خەزاڵ)
=KTML_Bold=نانەناسکە/ ناسکەنان=KTML_End=
جۆرە نانێک کە بە شیر دەشێلدرێ و هێلکەی تێ دەشڵەقێندرێ.
=KTML_Bold=نانی ئەسحابان=KTML_End=
جۆرە نانێکی سێ سووچ کە لەسەر ساج دەکرێ.
=KTML_Bold=نانی بازاڕ /نانی شاری /نانی حەجەمی/ نانی کڕیاری=KTML_End=
1. ئەو نانەی کە لە نانەواخانە دەکرێ.
چارەگە کیلۆیەک گۆشت، کەمێ ڕۆن و برینج، پیاڵە ماستێک و نانی بازاڕ-کە سێ کەسە پێمان ڕادەبوارد-بابی ئەو تەنیا جەمەی نیوەڕۆ نەبوو کە بەسەڵتی لە چێشتخانە دەمخوارد.
(هەژار، چێشتی مجێور)
2. چێشت و خواردەمەنیی چێشتخانە و شتیوا: هەرگیز نانی بازاڕیم پێ خۆش نەبووە.
=KTML_Bold=نانی خۆماڵی/ نانی خۆوڵاتی/ نانی کوردی=KTML_End=
نانێک لە دەغڵی خۆ وڵاتی کە بە تەندوور یا ساج (سێڵ)ەوە دەدرێ. بەرچایی دوو نانی گەورەی خۆماڵیی ژنە درووزان، کە هەر نانە جوانەکانی سابڵاغ بوو، دەمکڕی و دەچوومە دووکانی فولی مودەممەس
(هەژار، چێشتی مجێور)
=KTML_Bold=نانی سێڵ=KTML_End=
نانێک کە لەسەر ساج دەکرێ. یەکێک نانی دەکرد و یەکێک لەسەر سێڵ دەیبرژاند. نانی ئەستوور و زەردوسووری سێڵی لەلای ڕاستی نانکەرەکە هەڵچنابوو...
(حەسەن زادە، حەمەدۆک)
=KTML_Bold=نانی کاکی=KTML_End=
نانێک کە بە شیر شێلدراوە و لەسەر سێڵ کراوە.
=KTML_Bold=نانی کزن=KTML_End=
نانی لە کزن. کزن بۆ دەدەن و لە ئاش لێی دەکەن.
=KTML_Bold=نانی کێویلە=KTML_End=
نان یان کولێرەیەک کە بە ئاردی کێویلە ( کرۆسک) دەکرێ.
کێویلەم بە خۆشاوی کێویلەی خواردووە.
*تێبینی: کێویلە (کرۆسک )یان دەقەڵاشتەوە، بەوشکی دەیانکوتا و جۆیان تێکەڵ دەکرد و لە ئاش لێیان دەکرد.
=KTML_Bold=نانی لۆرکێ=KTML_End=
نانێک کە لۆرکی دە ناو دەنێن.
=KTML_Bold=نانی بەهار و=KTML_End=
نانێک کە لە ئاردی بەهار و دەکرێ.
=KTML_Bold=نانی بەشیری=KTML_End=
نانێک کە بە شیر دەشێلدرێ. خواردنی پیر و بێددانانە.
=KTML_Bold=نانی تەندوور=KTML_End=
نانێک کە بە تەندوور دەکرێ.
دەنگی مامەپیرە گڕ و وەک کوتک قوورس بوو هەرکە دانیشت بوخچەیەکی لە کۆڵەکەی دەرهێنا و کردیەوە. بوخچەکەی چەند نانی تەندوور و پیوازێکی گەورە و کڵۆیەک پەنیری تێدابوو .
(حەسەنزادە، حەمەدۆک)
=KTML_Bold=نانی تیری=KTML_End=
نانێک کە ئەنگوتکەکەی بە تیرۆک یا وەردێنە پان کرابێتەوە.
=KTML_Bold=نانی جۆ/ نانی جۆیین=KTML_End=
نانێک کە لە ئاردی جۆ بەرهەم هاتبێ.
=KTML_Bold=نانی دەستی=KTML_End=
نانێک کە هەر بەدەست لەسەر سوێنە و نیوەکاسە، پان دەکرێتەوە و تیرۆک و وەردێنەی تێدا دەکار ناکرێ.
باوەڕ:
نانی دەستی حەڵاڵترە، کابرا گوێی لە تەپەتەپەکەی دەبێت دێ لێی دەخوا.
=KTML_Bold=نانی گەنم=KTML_End=
نانێک کە لە ئاردی گەنم کرابێ.
مەی کووپەیەک گوشت و مەزە و نانی گەنم/ جوانێ بەتەنێ لە چیمەنێ بێتە کنم
(هەژار–چوارینەکانی خەییام)
=KTML_Bold=نانی هەرزن=KTML_End=
نانێک کە بە ئاردی هەرزن کرابێ.
من کە نەمدەخوارد پڵاووگۆشتی خۆم/ نانی هەرزن ئێستە وەک هەڵوا دەخۆم
(هێمن، دیوانی هێمنی موکریانی)[1]