ناونیشانی بابەت: فەلسەفەی هەڵپەڕکێ و گۆڤەندی کوردی؛ بەشی 04
نووسەر: کەیهان محەمەدی نەژاد
لەم بەشەدا هەوڵم داوە هەندێک زانیاری لەسەر فەلسەفەی بەشێک لە دیلان و هەڵپەڕکێی بەشەکانی ناوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانتان پێشکەش بکەم.
هەڵپەڕکێ جۆرێکە لە جووڵەی کوردەکان بۆ پیشاندانی هەستەکانیان بۆ بۆنە جیاوازەکان. هەڵپەڕکێی کوردی، شادی و ناخۆشی، شەڕ و ململانێ، سەرهەڵدان و سەرکەوتن لەخۆ دەگرێت.
=KTML_Bold=پێناسەیەک بۆ هەڵپەڕکێی کوردی لەلایەن کسەنۆفۆنەوە=KTML_End=
بەشێک لە شارەزایانی هەڵپەڕکێی کوردی دەڵێن، هەڵپەڕکێی کوردی دەمانباتەوە بۆ سەردەمی باب و باپیرانمان واتە ئاستیداک، سەرکردەی مەدان؛ کسەنۆفۆن، فەیلەسووف و مێژوونووسی یۆنانی، لە نووسینێکیدا باسی کوردی کردووە و وتوویەتی: کاتێک لە شەڕ لەگەڵ دەسەڵاتداریی کورووش دەگەڕاینەوە، پرسیارمان لە ڕێنیشاندەرێک کرد کە ئێمە لە کوێوە بچین؟ ئەویش ڕێگایەکی نیشان داین و وتی: ڕێگاکە لە تەنیشت کاردۆخانەوە دەچێت، بەڵام ئاگادار بن و هێرش نەکەنە سەریان و شوێنەکەیان نەسووتێنن. لە ڕێشاندەرەکەمان پرسی، ئەوان کێن؟ وتی، ئەوان ڕەگەزێک لە کوردانی مەدن کە ماونەتەوە و دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی کورووش کە خیانەتی لە ئاستیداکی سەرکردەکەیان کرد و کورد و پارسی جیا کردەوە؛ هەروەها بەشێکن لە هێگمەتانە کە ماون و خۆبەڕێوەبەرن و هیچ کارێکیان بە کەس نییە و داگیرکەر نین و مەگەر ئێوە عاجزیان بکەن، ئەگەر نا ئەوان هیچ کارێکیان بە ئێوە نابێت و ئەگەر ئێوە داوای یارمەتییان لێ بکەن ئەوان یارمەتیتان دەدەن. لەو چیرۆکەدا کسەنۆفۆن هات و لە ڕێنیشاندەرەکەی پرسی، چۆن دەزانی ئەوان مرۆڤی بەهێزن؟ ئەو ڕێنیشاندەرە وتی: داریووش لە شەڕێکدا 120 هەزار هێزی دژ بە کوردان نارد، کاتێک ئەو هێزانە چوونە نێو کوردان، لەلای کوردان زەماوەندێک هەبووە و لە دەور یەکتر کۆ بوونەتەوە و هەڵدەپەڕین. هێزەکە دەچنە نێو زەماوەندەکە، بەڵام هەموویان بە دیل دەگیرێن. کوردەکان پلانیان داڕشتبوو و بە هەڵپەڕکێ گەمارۆی ئەو هێزانەیان دا و هەموویان بە دیل گرت. شایەنی باسە کە چەندین چیرۆکی لەم جۆرە هەن کە لەسەر هەڵپەڕکێی کوردی گێڕدراونەتەوە.
دیلان و هەڵپەڕکێی کوردی چەندین جۆری جیاوازی هەیە و هەر ناوچەیەکی کوردستان شێوازی تایبەتیی خۆی هەیە. هەندێک لەو دیلانانە حەماسین و هەندێکیان سرووشتین و هەندێکیان تایبەتن بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری؛ هەریەک لەو دیلان و هەڵپەڕکێگەلە مانای تایبەت و مێژوویەکی شاراوەیان لە پشتەوەیە.
ئێمە چەند جۆرێکی پۆلێنکردنمان بۆ هەڵپەڕکێی کوردی هەیە، بە پلەی یەکەم، ئەو دیلانانەی کە پێیان دەگوترێت عیرفانی و ئەو هەڵپەڕکێ ئایینییانەی کە لە شوێنی تایبەتدا ئەنجام دەدرێن و جۆرێکن لە جووڵە کە سەر و مل زیاتر بە دەف دەجووڵێنرێت، هەندێکی تر بە مۆسیقا پێشکەش دەکرێن و لە دیوەخانەی شێخ و دەروێشەکاندا ئەنجام دەدرێن، بۆ نموونە داوەتی یارسانان کە بە تەمبوورە ئەنجام دەدرێت و ئەمەش جۆرێکە لە جووڵەی مرۆڤ و وەک دیلانی تەسەووفی دەناسرێن.
=KTML_Bold=فەلسەفەی فەقیانە و ساق لە هەڵپەڕکێی کوردیدا=KTML_End=
جلوبەرگی کوردی یەکێکە لە سیمبول و توخمەکانی گەلی کورد، گرووپەکانی هەڵپەڕکێ هەمیشە هەوڵ دەدەن خۆیان بە جلوبەرگی فۆلکلۆری کوردی بڕازێننەوە و هەریەکەیان جلوبەرگی کوردیی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بە شێوەیەکی جیاواز دەپارێزن، هەموو ئەم جلوبەرگە کوردییانە مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە و بەرهەمی خودی کوردانە.
بەشێکی دیکەی گرینگ کە پەیوەندیی بە جلوبەرگی کوردییەوە هەیە و فەلسەفەیەکی تایبەتیی هەیە، بریتییە لە فەقیانە یان سۆرانی و بەشێکی دیکەشیان ساق یان دۆلاقه. شارەزایانی بواری هەڵپەڕکێی کوردی باس لەوە دەکەن کە کورد لە کاتی شەڕدا فەقیانەیان بە دەوری دەستیاندا دەپێچاند و لە بەرەی شەڕدا بەردیان دەخستە نێو فەقیانەکانیانەوە و فڕێیان دەدایە لای سەربازانی دوژمن و بەم شێوەیەش گورزێکی قوورسیان لە دوژمن دەدا. هەروەها ساقی پێیان دەبەستەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە بەرد و دڕکی تیژ و شتانی لەو جۆرە بپارێزن و بۆ ئەوەی ئازار بە پێیان نەگات. ئێستاش ئەم ساق و فەقیانەیە لەلایەن هەندێک گرووپی هەڵپەڕکێی کوردییەوە پارێزراون و بەکار دەهێنرێن.[1]