ناونیشانی بابەت: فەلسەفەی هەڵپەڕکێ و گۆڤەندی کوردی؛ بەشی 05
نووسەر: کەیهان محەمەدی نەژاد
ئێمە لێرەدا چەند نموونەیەک لە فەلسەفەی هەڵپەڕکێی بەشەکانی ناوەڕاست و باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئێوە باس دەکەین:
=KTML_Bold=هەڵپەڕکێی قڕە پیرەژنە:=KTML_End= کە دوو فەلسەفەی تایبەتیی هەیە. بەپێی وتەی شارەزایانی هەڵپەڕکێی کوردی
فەلسەفەی یەکەمی هەڵپەڕکێی قڕە پیرەژن بەم شێوەیەیە: کاتێک سوپای کورد لە سەردەمی مەدان لە بەرەکانی شەڕدا لە دژی دوژمن وەستابوو، ئەوکات هەموو هێزە کوردییەکان بە شێوەی گرووپ گرووپ دەستی یەک دەگرن و چەند جارێک هەڵدەبەزنەوە و پێکەوە دەڵێن هەی و بە نمایشی دەست و پێ بەرەو هێزەکانی دوژمن دەچن و ئەمەش دەبێتە هۆی درووستبوونی ترس لە هێزەکانی دوژمندا و ئەمەش دەبێتە هۆی پاشەکشەکردنیان. یان هەندێک ڕەزم هەیە کە هەموویان پێکەوە دادەنیشن و دەڵێن هەی و هەنگاوێک بۆ دواوە و دوو هەنگاو بەرەو پێشەوە هەڵدەگرن، واتە خاکەکەیان بەجێ ناهێڵن.
فەلسەفەی دووەمیش بەم شێوەیەیە: توێژەران دەڵێن، هەڵپەڕکێی قڕە پیرەژن فەلسەفەیەکی تری هەیە کە دەگەڕێتەوە بۆ کشتوکاڵ. سەرەتا خۆیان بۆ کۆکردنەوە و هەڵگرتنی بەروبووم ئامادە دەکەن و جەستەیان بۆ ئەم کارە ئامادە دەکەن و بە هەڵپەڕکێکردن دەچن بۆ کاری جووتیاری و کشتوکاڵ.
=KTML_Bold=فەلسەفەی هەڵپەڕکێی سێ پێ=KTML_End=
ئەم هەڵپەڕکێیە شێوازی شەڕی کورد لە دژی داگیرکەران نیشان دەدات، ئەمە دیلانێکی سەربازییە و سەرکەوتن و پێشڤەچوون و قارەمانێتیی کورد نیشان دەدات. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند شێوازێک بۆ هەڵپەڕکێی سێ پێ هەیە و هەر یەکێکیان مانا و فەلسەفەی تایبەتیی خۆی هەیە. بەشێک لە شارەزایانی بواری هەڵپەڕکێی کوردی، شێوازی سێ پێ دەگەڕێننەوە بۆ سەردەمی زەردەشت و دەوترێت کە بە مانای سێ چەمکی (وتەی باش، هزری باش و کرداری باش) دێت. سێ پێ تەنیا تایبەت بە ناوچەیەکی کوردستان نییە، ڕەنگە لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان هەبێت، بەڵام هەریەکەیان بە شێوازێکی جیاوازە.
=KTML_Bold=چەمەری=KTML_End=
وەک دەزانرێت دیلان و هەڵپەڕکێی کوردی تەنیا بۆ شەڕ نەبووە، بەڵکوو هەندێک هەڵپەڕکێی کوردی لە کاتی لەدەستدانی ئازیزێک یان شۆڕشگێڕێکدا ئەنجام دەدرا. ئەم شێوازە دیلانە پێی دەوترێت چەمەری. ئەم دیلانە زیاتر تایبەتە بە ناوچەکانی #ئیلام# ، #کرماشان# و #لوڕستان#. ڕێوڕەسمی چەمەری بۆ ڕێزگرتن لە کەسایەتییە گەورەکان و کەسایەتییە ناودارەکان و سەرکردەکانی خێڵەکان بەڕێوە دەچێت. کاتێک کەسایەتییەکی بەناوبانگ و گەورە کۆچی دوایی کردووە و مردنی کاریگەریی لەسەر ژیانی هۆزەکەی یان گەلەکەی دەبێت، ڕێوڕەسمی چەمەری بە شێوەیەکی گەورە و سەرسوورهێنەر و بە ژمارەیەکی زۆر نیشانە و هێما، بەڕێوە دەچێت.
لەنێو چەمەریدا دیلانێکی ئارام و خەمگین بەڕێوە دەچێت و ئەو دیلانە خەمگینەش لە ئەستۆی کۆمەڵێک کەسی تایبەتدایە کە لەگەڵ یەکتر هاوئاهەنگن و هەندێکیان زوڕنا دەژەنن و تەپڵ لێدەدەن و هەندێکیشیان لەگەڵ شین و ڕۆڕۆی ژناندا پەیوەندیی مێلۆدیی هەیە. چەمەری مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە شێوازی شینگێڕییەکە دەگەڕێتەوە بۆ 10 هەزار ساڵ لەمەوبەر.
جۆری کوێستانیش یەکێکە لەو دیلانە کوردییانەیە کە تایبەتە بە شاری #بانە# لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەزمێکی چیایییە. زانراوە کاتێک خەڵکی ئەو ناوچەیە چوونەتە هەوار و چوونەتە لای مەڕوماڵاتەکانیان، ئەو کات شوانەکان گۆرانییان گوتووە و بێریڤانەکان هەڵپەڕیون و ئەمەش بە دیلانی چیایی ناسراوە.
=KTML_Bold=گەڕیان=KTML_End=
یەکێکی ترە لە دیلانە کوردییەکان کە مێلۆدیی ئەم دیلانە لە زۆربەی ناوچە کوردستانییەکان وەک یەک دەژەنرێت. گەڕیان بە زمانی کوردی بە واتای گەشت و سەیران دێت. ئەم دیلانە بە نەرمی و بەهێواشی دەستپێدەکات و وردەوردە خێراتر دەبێتەوە. لەم هەڵپەڕکێیەدا کاریگەریی سەیران لە ژیانی کورد دا نیشان دەدرێت و جۆرەکانی ئاوازەکانی ئەم هەڵپەڕکێیە ئەو ئەزموونانە دەردەخەن کە لە گەشت و سەیراندا بەدەست دەهێنرێن. لەم دیلانە سرووشتییەدا ژیانی کورد پیشان دەدرێت و ئەزموونەکانی دەخاتە بەرچاو.
جۆر و شێوازی هەڵپەڕکێی کوردی زۆرە و پێویستە توێژەرانی ئەم بوارە لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەسەر بکەن و فەلسەفەکەیان ڕوون بکەنەوە. هەڵپەڕکێی کوردی زۆرن کە مێژوویەکی شاراوەیان لە پشتە و نابێ لەبیریان بکەین و سەرەڕای بەڕێوەبردنیان، پێویستە مێژوو و فەلسەفەی شاراوە و نەگوتراویان بۆ کۆمەڵگەی کوردی ئاشکرا بکرێن.
فۆلکلۆری ئێمە کوردان دەوڵەمەندترین فۆلکلۆری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و گەلی کورد کۆچەری نەبوون و یەکەم نەتەوە بوون کە شارستانییەتیان لە زاگرۆسدا درووستکرد و داهێنەری کەرەستەی ژیان بوون و پێویستە ئەو کولتوورە لەبیر نەکەین.[1]