نەخۆشیی گورگەسوورە
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: #والی عەلی# (Wali Ali).
لە حاڵەتی ئاساییدا کۆئەندامی بەرگری هێڵی بەرگریی لەشە لە دژی ڤایرۆس و نەخۆشی. گورگەسوورە کە چەند جۆرێکی هەیە، نەخۆشییەکە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەم کۆئەندامەوە هەیە و کاتێک کەسی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت، خودی کۆئەندامی بەرگریی تووشبوو هێرش دەکاتە سەر شانە و ئەندامەکانی کەسەکە. بە واتەیەکی تر وەک ئەوە وایە سوپای وڵاتێک لە خودی وڵاتەکە هەڵبگەڕێتەوە و پەلاماری بدات.
=KTML_Bold=ئەمانەی خوارەوە چەند زانیارییەکی سەرنجڕاکێشن سەبارەت بەم نەخۆشییە:=KTML_End=
1. لە جیهاندا پێنج ملیۆن کەس هەن کە تووشبووی ئەم نەخۆشییەن، یەک ملیۆن و 500 هەزار کەسیان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکان.
2. ساڵانە لەناو هەموو دە هەزار کەسێک لە جیهاندا، دوو بۆ حەوت حاڵەتی نوێی تووشبوون، دەردەکەوێت.
3. خانمان نۆ ئەوەندە زیاتر لە پیاوان تووشی دەبن.
4. لە سەدەی دوانزەهەمدا، پزیشکێکی ئیتاڵی بە ناوی ڕۆگێروس فروگارد بۆ یەکەمین جار تووشبوون بەم نەخۆشییەی دەستنیشان کردووە.
5. لە ساڵی 1872، دوو پسپۆڕ بە ناوەکانی فێردیناند ڤۆن هێرباو مۆتیز کاپۆسی گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە گورگەسوورە نەخۆشییەکی درێژخایەنە.
6. لە ساڵەکانی 1920ەکان و 1930یەکان، لێکۆڵینەوەکان وردەکاریی تێروتەسەلیان سەبارەت بە چۆنێتی کاریگەریی ئەم نەخۆشییە لەسەر کۆئەندامی بەگری ئاشکرا کردووە.
7. لە ساڵی 1971، کۆلێژی ئەمەریکی بۆ ڕۆماتیزم، شێوازەکانی دەستنیشان کردنی تووشبوون بەم نەخۆشییەی ستاندارد کردووە.
8. پزیشکان لە ساڵی 1982 و پاشان جارێکی تریش لە 2009، شێوازەکانی دەستنیشان کردنی نەخۆشییەکەیان داڕشتووەتەوە.
9. پزیشکیی جێگرەوە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر گۆڕاوەکانی ئەم نەخۆشییە نییە.
10. ئەم نەخۆشییە مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن زیاد دەکات.
11. ئەو خانمە تووشبوانەی دووگیان دەبن، مەترسی مردنیان بە نەخۆشییەکە یان لێکەوتەکانی زیاترە.
12. گورگەسوورە بە ئینگلیزی پێی دەڵێن lupus ئەم وشەیەش لە بنەڕەتدا لاتینییە و بە مانای گورگ دێت. بۆیەش ئەم ناوەی لێنراوە چونکە ئەو پەڵانەی ئەم نەخۆشییە لەسەر پێست درووستیاندەکات، لە جێ گازی گورگ دەچن.
13. تووشبوون بەم نەخۆشییە چەندین نیشانەی هەیە. ئازاری جومگە و ئاوسانی، باوترین نیشانەن، بەگشتی ئەمانە لە دەست و ئەژنۆدا ڕوودەدەن. درووستبوونی پەڵە لەسەر دەموچاویش لە نیوەی تووشبواندا ڕوودەدات. نیشانەی تریشی هەیە لەوانە ئازاری سنگ و برین لەناو دەم و دابەزینی کێش. لە هەندێک نەخۆشیشدا هەوکردنی جومگەکانیش ڕوودەدات.
14. زۆربەی تووشبوانی ئەم نەخۆشییە گەنجن و تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 44 ساڵدایە، بەڵام ڕێژەی مردن لە تووش بووە بەتەمەنترەکاندا بەرزترە.
15. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە تووشبوانی ناوچەی قەوقاز ڕێژەی ڕزگاربوونیان پاش تووشبوون بەم نەخۆشییە، لە سەدا 94 بۆ 96ە. بەڵام ئەم ڕێژەیە لە زۆربەی تووشبوانی کیشوەری ئاسیادا لە سەدا 79 بۆ 92ە، جگە لە تووشبوانی کۆریا کە ڕێژەی ڕزگاربوونیان لە سەدا 98ە. تا ئێستا هۆکاری ئەم جیاوازییە نەزانراوە. ئەگەر ئێوە زانیتان پێم بڵێن خێرتان دەگات!
16. یەکێک لە زانیارییە ناخۆشەکان سەبارەت بەم نەخۆشییە ئەوەیە کە چارەسەری تەواوەتی نییە.
17. تا ئێستا هۆکاری کتومتی تووشبوون بەم نەخۆشییە نەزانراوە. بەڵام دەوترێت بۆماوەیی ڕۆڵی هەیە. هەرچەندە تا ئێستا زانایان جینێکیان نەدۆزیوەتەوە کە لە پشت ئەم نەخۆشییەوە بێت. هەروەها ژینگە و نەخۆشیی تر دەکرێت ببنە هۆکار بۆ تووشبوون.
18. چەند دەرمانێک هەیە کە ڕەنگە ببنە هۆی تووشبوون بەم نەخۆشییە، باوترینیان هایدرالازین، پرۆکاینامایدو کوینیداینن. ئەم جۆرە گۆڕاوەی گورگەسوورە کە ئەم دەرمانانە درووستی دەکەن زیاتر لە کاردانەوەی هەستیارییەوە نزیکە وەک لە خودی نەخۆشییە ڕاستەقینەکە. ئەو نەخۆشەی بەکاربردنی ئەم دەرمانانە دەوەستێنێت، وەستاندنەکە بەسە بۆ ئەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا نەهێڵێت. [1]