بەشدار موزەفەر
هیومن ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤیان لە ڕۆژاوای کوردستان کردووە؛ باس لەو هەڵمەتی بەعەرەبکردنەش دەکات لە #عەفرین# ، سەرێ کانی و #گرێ سپی# دەکرێن و دەڵێت: تورکیا لە ناوچەکانی دیکەی سووریاوە هاووڵاتی بردووەتە ئەو ناوچانەی ڕۆژاوای کوردستان کە لەژێر کۆنترۆڵیدان.
ڕۆژی پێنجشەممە، 29-02-2024، ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (HRW) ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا و هێزەکانی نزیکی لە ڕۆژاوای کوردستان بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تورکیا بەرپرسیارییەتی پێشلکارییە جیدییەکان و تاوانی جەنگی لە ئەستۆدایە کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی و گرووپە چەکدارییە نێوخۆییەکان کە پاڵپشتییان دەکات، ئەنجام دەدرێت.
بەعەرەبکردن لە ڕۆژاوای کوردستان
هیومن ڕایتس وۆچ ئاماژە بەو هەڵمەتی بەعەرەبکردن و گۆڕینی دیموگرافیایە دەکات چەند ساڵێکە لە عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی ئەنجام دەدرێت.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە دەڵێت: دوای هەڵاتنی خەڵکی هەرێمی عەفرین بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ساڵی 2018 و چوونە دەرەوەی خەڵک لەو شارە لە ساڵانی دواتردا تورکیا بەشێوەیەکی خێرا خێزانە عەرەبەکانی لە غوتەی ڕۆژهەڵاتەوە گواستەوە بۆ نێو خانووی ئەو خێزانە کوردانەی عەفرینیان چۆڵکردبوو. ئەوەش نموونەیەکی ڕوون بوو لەو هەڵمەتی گۆڕینی دیموگرافیەی ناوچەکە کە تورکیا ئەنجامی دەدات بە مەبەستی لاوازکردنی پێگەی کورد لە عەفرین.
ڕێکخراوەکە باس لەوە دەکات، دواتر خێزانی زیاتر لە غوتەی ڕۆژهەڵات، ناوچەکانی دەرەوەی دیمەشق، باکووری حەما و ئیدلبەوە چوونە عەفرین. بۆ نموونە، تەنیا لە کانوونی یەکەمی 2020دا نزیکەی 13 هەزار چوونە عەفرین.
بەگوێرەی پێگەی AGAPS کە لێکۆڵینەوە لە دۆخی مرۆیی لە 150 وڵاتی جیهان دەکات و لە کانوونی یەکەمی 2020 لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە ژمارەی دانیشتووانی عەفرین لەو کاتەدا 442 هەزار کەس بوو و لەو ژمارەیەش 157، 278 کەسیان خەڵکی ڕەسەنی شارەکە بوون کە زۆرینەیان کورد بوون.
هەروەها 285,550 کەسیشیان خەڵکی ناوچەکانی دیکەی سووریا بوون و چوونەتە عەفرین کە زۆربەیان عەرەبی سووننە بوون. هیومن ڕایتس وۆچ باس لەوە دەکات، هەمان دۆخ لە سەرێ کانی و گرێ سپیش دەبیندرێت.
ئەو ڕێکخراوە ئاماژە بە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە تێیدا هاتووە، لە ئۆکتۆبەری 2019ەوە سەرێ کانی و گرێ سپی ڕووبەڕووی گۆڕینی دیموگرافی بوونەتەوە، بە جۆرێک بەشی زۆری دانیشتووانەکەیان ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن و ڕووبکەنە ناوچەکانی دیکەی ڕۆژاوای کوردستان یان ئەوەی وڵات بەتەواوی جێبێڵن.
ئەشکەنجەدان
هیومن ڕایتس وۆچ دەڵێت: تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ڕۆژاوای کوردستان بە تۆمەتی ئەندامبوون لە هێزەکانی سووریای دیموکرات -#هەسەدە# ئەشکەنجەی هاونیشتمانییان دەدەن.
هیومن ڕایتس وۆچ ئاماژە بەوە دەکات، کوردی ئەو ناوچانە بەتۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەو هێزانەی ناوچەیەکی زۆری باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایان لەژێر دەسەڵاتدایە [هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە]، بەشی زۆری ئەو ئەشکەنجەیەیان بەرانبەر دەکرێت.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر پێشێلکاری لە عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی تۆمارکراون. ئەو ناوچانە لەژێر کۆنترۆڵی سوپای تورکیا و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیادان.
هیومن ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، هێزە چەکدارەکانی تورکیا و دەزگا هەواڵگرییەکانی لە بەشداریکردن و سەرپەرشتیکردنی ئەو پێشێلکارییانە تێوەگلاون.
ئادەم کوگڵ، جێگری بەڕێوەبەری لقی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ڕێکخراوی هیومن ڕایتس وۆچ دەڵێت: بەرپرسانی تورکیا ڕۆڵێکی تەماشاکەر لە ئازاردان و ئەشکەنجەدان نابینن، بەڵکوو وەکوو دەسەڵاتێکی داگیرکەر بەرپرسیارییەتی هەڵدەگرن و لە هەندێک دۆخیشدا ڕاستەوخۆ لە تاوانی جەنگ تێوەگلاون.
هیومن ڕایتس وۆچ قسەی لەگەڵ 16 کەسی خەڵکی عەفرین، سەرێ کانی و گرێ سپی کردووە کە پێشتر لە زیندانەکانی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریای نزیک لە تورکیا لەو ناوچانەدا بوون.
ئەو کەسانە ئاماژەیان بەوە کردووە، زۆر بە خراپی ئەشکەنجەیان داون و ئەشکەنجەکەش چەند جۆرێک بووە، وەک بەکارهێنانی کێبڵ، وایەری کارەبا، دەرهێنانی نینۆک، هەڵواسین بە بنمیچەوە.
دیپۆرتکردنەوە
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوخۆی سووریا سەتان هەزار کەس لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریا چوونە باکووری کوردستان و تورکیا.
لە ئابی 2022دا ژمارەی پەناخوازە سووریاییەکان لە تورکیادا نزیکەی 4 ملیۆن کەس بوو، بەڵام ئێستا ژمارەیان 3 ملیۆن و 194 هەزار و 185 کەسە کە 4.42٪ی کۆی دانیشتووانی تورکیا پێکدەهێنن.
لە دوو ساڵی ڕابردوودا تورکیا سەتان پەناخوازی سووریایی ناردووەتەوە سووریا و بەشی زۆریان لەو ناوچانەی ڕۆژاوای کوردستان جێگیرکراون کە لەژێر کۆنترۆڵی تورکیا و هێزە نزیکەکانیدان لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.
تەنیا لە تەممووزی ساڵی ڕابردوودا، بەگوێرەی هیومن ڕایتس وۆچ، تورکیا زیاتر لە 1.700 هاووڵاتی سووریایی ڕەوانەی سووریا کردووەتەوە.
هیومن ڕایتس وۆچ داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات هانی تورکیا بدات کە ناردنەوەی زۆرەملێی پەناخوازەکان بوەستێنێت؛ داوا لە یەکێتیی ئەوروپاش دەکات هاوکارییە داراییەکانی بۆ نێوەندەکانی کۆچبەران لە تورکیا بوەستێنێت تاوەکوو ئەو کاتەی ئەنقەرە ناردنەوەی زۆرەملێی پەناخوازەکان بۆ سووریا دەوەستێنێت.
دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵکی هاونیشتمانییاندا
6 ساڵ لەومەوپێش نزیکەی 97٪ی دانیشتووانی هەرێمی عەفرین لە ڕۆژاوای کوردستان کورد بوون، بەڵام لە 6 ساڵی ڕابردوودا ژمارەکە لە کەمبوونەوەی بەردەوامدا بووە.
هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتەکەدا دەڵێت: سەدان هەزار دانیشتووی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ماڵ و موڵکیان لەلایەن چەکدارانی سوپای نیشتمانییەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
هەمان شت بۆ ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپیش ڕاستە.
هاونیشتمانییەکی خەڵکی عەفرین کە ئێستا لە شاری #حەسەکە# دەژیت، قسەی بۆ هیومن ڕایتس وۆچ کردووە و گوتویەتی، دەمەوێت بگەڕێمەوە، بەڵام ئەگەر ماڵ و موڵکم هەر لەژێر دەسەڵاتی ئەو کەسانەدا بێت، ئەوا تەنانەت بۆ یەک چرکەش بیر لە گەڕانەوە ناکەمەوە.
کوردێکی ئێزدی خەڵکی گرێ سپیش لەو بارەوە بە ڕێکخراوەکەی گوتووە، قوورسترین شت بۆ من ئەوە بوو لە بەردەم خانووەکەمدا بوەستم و نەتوانم بچمە ژوورەوە.
پێشنیاز بۆ حکومەتی تورکیا
هیومن ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتەکەیدا ژمارەیەک پێشنیاز بۆ حکومەتی تورکیا دەکات کە بریتین لە:
-دەستبەجێ ئەو پێشێلکارییانەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیا و کارمەندانی دەزگا هەواڵگرییەکان دەکرێن بوەستێنێت و دڵنیایی بدات لەوەی هێزەکان لەوێ بە گوێرەی یاسای نێودەوڵەتی مامەڵە دەکەن.
-دەستبەجێ بەزۆر ناردنەوەی پەناخوازانی سووریا بوەستێنێت.
-لێکۆڵینەوەیەکی ورد، شەفاف و بێلایەن لە هەموو ئەو تۆمەتانە بکات کە ڕووبەڕووی هێزە چەکدارەکانی و دەزگا هەواڵگرییەکانی دەکرێنەوە لەنێویاندا تۆمەتەکانی تاوانی جەنگ دژی هاووڵاتییانی سڤیل، دەستدرێژی سێکسی، تاڵانکردن و کوشتنی خەڵک.
-هاوئاهەنگی لە لێکۆڵینەوە سەربەخۆ و بێلایەنەکان کە لەلایەن ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدرێن.
-ڕێگە بە چاودێرە نێودەوڵەتی و بێلایەنەکان بدات بدات سەردانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیا لە سووریا بکەن، لەنێویاندا بەندیخانە و دادگە سەربازییەکان
-هەموو ئەو کەسانەی پێشێلکارییان بەرانبەر بە مافەکانی مرۆڤ کردووە، دەبێت ڕووبەڕووی بەرپرسیارییەتی بکرێنەوە و بەشێوەیەکی شەفاف و دادپەروەرانە دادگایی بکرێن.
-ئەنجامدانی پڕۆسەیەکی شەفافی قەرەبووکردنەوە کە هاوتا بێت لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان. دەبێت هەموو ئەو کەسانەی کە تووندوتیژیی سێکسییان بەرانبەر کراوە و ئەو کەسانەش بوونەتە خاوەن پێداویستی تایبەت قەرەبوو بکرێنەوە.
-گەرەنتیکردنی مافی خاوەن موڵک و ئەو کەسانەی گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکیان زیانیان بەرکەوتووە.
ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لەنێو سووریا
تورکیای ئەندامی ناتۆ، ڕۆڵێکی سەرەکی لە ململانێ نێوخۆییەکانی سووریادا هەیە. ئەو وڵاتە پشتیووانی لە بەشێک لە هێزی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات.
تورکیا لە ئابی 2016 سوپای ناردە نێو خاکی سووریا و بە هاوکاریی بەشێک لەو گرووپانەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا کە پشتیووانییان دەکات، جەرابلووس، باب و ئەعزازی کۆنترۆڵکرد. تورکیا ڕایگەیاند بە مەبەستی وەستاندنی جموجووڵەکانی #داعش# لەو ناوچانەدا سوپای ناردووە.
لە سەرەتای ساڵی 2018 تورکیا و هێزە نزیکەکانی لە ئۆپەراسیۆنی ناولێنراو بە چڵە زەیتوون لەلایەن ئەنقەرەوە، دەستیان بەسەر هەرێمی عەفرین لە ڕۆژاوای کوردستاندا گرت.
لە تشرینی یەکەمی 2019ەش ئەو هێزانە هێرشیان کردە سەر #سەرێکانی# و گرێسپی لە ڕۆژاوای کوردستان و ئەو شوێنانەشیان کۆنترۆڵکرد.[1]