مردنی #لوقمانی حەکیم#
پێشوان دەگێڕنەوە و دەڵێن: جارێک لوقمانی حەکیم لە ژوورێکدا خەریکی نەشتەرگەریی نەخۆشێک بوو، زۆر پێوەی سەرقاڵ بوو، لەولاشەوە دەرمانگەرێکی هەبوو، کوڕێکی گەنج بوو، خەریکی سازکردنی دەرمان بوو بۆی، لوقمانی حەکیم کەللەی سەری نەخۆشەکەی هەڵگرتبوو، دەیویست کرمێک لەناو مێشکیدا دەربهێنێت. موکێشەکەی برد کرمەکە بگرێت.
دەرمانگەر وتی: لوقمانی حەکیم بووەستە: نەکەی بیگریت!
لوقمانی حەکیم وتی: بۆچی!
دەرمانگەر وتی: ئەو کرمە قاچی گڕنگڕنە، گەر بە موکێشەکە بیگریت، بەمێشکەکەدا دەنووسێت و زیان لە نەخۆشەکە دەدات.
لوقمانی حەکیم وتی: چی بکەین باشە؟
دەرمانگەر وتی: مووکێشەکە گەرم بکە، بۆ ئەوەی کرمەکە لەکاتی گرتندا بسووتێت، فریانەکەوێت خۆی لە مێشکی نەخۆشەکە گیر بکات. بەو شێوەیە لوقمانی حەکیم بە موکێشێکی گەرم کرمەکەی لەسەری نەخۆشەکە دەرهێنا. لەو ڕووداوەوە زانی کە دەرمانگەرەکە زۆر زیرەکە، وتی: باگرەوێکی لەگەڵ سازبکەم.
لوقمانی حەکیم وتی: دەرمانگەر با بە یەکەوە گرەوێک بکەین!
دەرمانگەر وتی: زۆر باشە، یەکی جۆرێک ژەهر بۆ یەک ئامادە دەکەین و دەیخۆینەوە، بزانین کاممان بەرگەی دەگرین.
دەرمانگەر وتی: لوقمانی حەکیم تۆ یەکەم جار ژەهرەکە درووستبکە و من دەیخۆمەوە!
لوقمانی حەکیم دەستی بە درووستکردنی ژەهرێک کرد حەوت ڕۆژی پێچوو، دەرمانگەر دەیزانی دەبێت ژەهرەکە بخواتەوە، بۆیە بە دایکی وت: دایکە کاتێک ژەهرەکەم خواردەوە، من لەهۆشخۆم دەچم، تای لەشم بەرز دەبێتەوە و قاچەکانم قوورس دەبن، زووزوو شیر بکە بە قوڕگمدا با بڕشێمەوە.
دوای حەوت ڕۆژ لوقمانی حەکیم ژەهرەکەی تەواوکرد و دای بە دەرمانگەر، ئەویش خواردییەوە و ڕۆشت بۆ لای دایکی، پاش کەمێک لەهۆش خۆی چوو، دایکی زووزوو شیری دەکرد بەدەمیدا و دەڕشایەوە، هەفتەیەک ئەوە بەردەوام بوو، دواتر چاک بووەوە و گەڕایەوە بۆ لای لوقمانی حەکیم!
پاشان دەرمانگەر دەستی بە ژەهر درووستکردن کرد، دایکی بانگکرد، وتی دایکە چل شەو پێویستە بۆ ئەوەی تۆ تەنیا ڕەگی دار و گیای کێویم بۆ بکوتی.
دایکی وتی: زۆر باشە، بۆیە دەرمانگەر چوو چەندین جۆر گیا و ڕەگی داری بۆ هێنا، دایکی دەستی بە کوتانی کرد، پاشان ئاوی گیاکانی تێکەڵ دەکرد، چل شەوی پێچوو، ژەهرێکی درووستکرد، زۆر کاریگەر. دای بە لوقمانی حەکیم دەستبەجێ کوشتی. بەو شێوەیە لوقمانی حەکیم کۆتایی بەژیانی هات. لێرەدا ئەوە تێگەشتین کە هەرچەندە مرۆڤ حەکیم بێت، دەشێت کەسیکە و شارەزاتر و بەتواناتر هەبێت. [1]
کۆکردنەوە و ئامادەکردن: #ڕێبوار جەمال سەگرمە#