#ئەحمەدی مەلا#
ئەم سێ فیگەرە ئەدەبییە لە سێ سەردەمی جیاوازدا سەرهەڵدەدەن، ئەم سێ پەڕەمووچە لە زۆر ڕووەوە پێکدەکەن.
لە سەدەی هەشت و نۆی زاینییدا دەشێ جاحز وەک وەرچەرخانێکی گرنگ ئەژمار بکرێ، گواستنەوەی کەلەپووری ئایینیی بەرەو وردبوونەوە لە واقیع بخوێندرێتەوە، واتە گواستنەوەی هزری مووچەڕەد بەرەو لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ژیان. جاحز پیاوێکی ئەنسیکلۆپێدی بوو، لە زانستی کەلام قسەی هەبوو، لە زمانەوانی و تەرجەمە بلیمەتانە دەینووسی، لە مرۆڤناسی و سیاسەت و ئەخلاق و مێژوو و ڕوەکناسی قسە دەکات، لە ئاژەڵناسی و پێشەسازی و تەبع و کارەکتەری مرۆڤ دەدوێ قسەی زۆر گرنگ لەبارەی زانستی وەرگێڕان دەکات، قسەی قوول لەسەر زمان دەکات. زۆرجار هۆنراوە وەک نموونە دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی پەخشانەکەی پێ دابڕێژێ. جاحز دەڵێت هەموو شتێک بە هۆنراوە ناگوترێت و کاتێک باسی هۆنراوەی نەزانی دەکات بە هۆنراوەی تازە ناوزەدی دەکات...بەراوردی عەقڵی عەرەبی و یۆنانی دەکات...
فیگەری دووەم میشێل دوو مۆنتێن وەک پردێکە لەنێوان جیهانی چاخەکانی ناوەند و دنیای دوای چاخەکانی ناوەند. یەکەم پەخشان نووسە لە زمانی فەڕەنسی، گەڕانەوەی بۆ کەلەپووری یۆنانی دێرین و ڕۆمای دێرین هەوڵدانێکە بۆئەوەی عەقڵی چاخەکانی ناوەند تێپەڕێنێ. مۆنتێن وەکوو جاحز باس هەموو شتێک دەکات، زمان، ئایین، شەڕ، شەڕی فیۆدالی، دەوڵەتداریی، پەروەردە، ئەخلاق، میتۆدی مۆنتێن پشت وردبینی دەبەستێ، وردترین قسە لەسەر کانیبالیسمەکان دەکات، قسە بەرەو حیکمەت ئاڕاستە دەکات، بەڵام حیکمەتێکی میتافیزیکی نا، بەڵکوو حیمکەتی پیاوێکی ئەزمووندار. بە منی ئەزمووندار یەکەم لاپەڕەی ڕەش دەکاتەوە.
#مەسعود محەمەد# جاحزانە دەنووسێ، مەسافەیەک درووست دەکات لەگەڵ عەقڵی دینی تاکوو ئێستێک بکات لەگەڵ واقیع و وردەکارییەکانی، وردبوونەوەی مەسعود محەمەد لە زمانی کوردی هەوڵدانێکی زمانناسە، پشتبەستن بە کەلەپووری عەرەبی، دەیەوێت جەستەی خۆی بخوێنێتەوە. مەسعود محەمەد هەم کۆمەڵناسە، هەم زمانزانە، هەم خوێنەری هۆنراوەە، هەم لێکۆڵینەوە لەسەر هۆنراوە دەکات. میتۆدی مەسعود محەمەد وەک میتۆدی مۆنتێن وایە، پشت بە میتۆدی زانستی نابەستێ، بەڵکوو پشت بەو زەخیرە مەعریفییە دەبەستێ کە خۆی هەڵێهنجاوە. قسە لە سیاسەت، ئەخلاق، فیکری ماددی، دەوڵەتداریی، زمانەوانی دەکات...
ئەم سێ فیگەرە فەیلەسووف نین بەپێوەری ئێستا، بەڵام لەو سێ قۆناغەی ئەم سێ قەڵەمە دەدوێن، ئەقڵی ئایینی دەگوازنەوە بۆ وردبوونەوە لە وردەکارییەکانی ژیان، واقیعی ماددی بنەمایە نەک تێکستی ئاسمانی...پەخشان دەکەن بە بنەما بۆ بیرکردنەوە...ئەم سێ قەڵە بیرمەندن. سێ قەڵەم پشت لە هۆنراوە دەکەن و باوەش لە پەخشان دەکەنەوە، واتە پشت لە سۆز دەکەن تا باوەش لە بیرکردنەوە بکەنەوە. [1]