سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە یادی ڕاپەڕین دا دەڵێت، گەلی کوردستان بە یەکڕیزی دەتوانێت بەرامبەر هەڕەشەکانى سەر قەوارەى دەستووریى هەرێمى کوردستان بوەستێتەوە.
=KTML_Bold=دەقی پەیامەکەی #نێچیرڤان بارزانی# لە یادی ڕاپەڕین:=KTML_End=
ساڵیادى (33)ى ڕاپەڕینى شکۆدارى گەلى کوردستان لە خانەوادەى سەربەرزى شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان و تەواوى خەڵکى کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە پیرۆز بێت. سڵاو و دروود لە یادى شەهیدە قارەمانەکانى ڕاپەرین و تەواوى شەهیدانى کوردستان.
گەلى کوردستان کە پێنجى ئازارى 1991 لە ڕانیەى دەروازەى ڕاپەڕینەوە، گیانى له سەردەست دانا و بێ سڵەمینەوە لە مەرگ لەپێناو ئازادیدا ڕاپەڕى، کۆتایى به یەکێک لە خوێناویترین و دژوارترین سەردەمەکانى ستەم و دکتاتۆرى هێنا. ئیتر هەرگیز واز لە ئازادى و ئامانجە پیرۆزەکانى ڕاپەڕین ناهێنێت.
ڕاپەڕین بە بڕوا و ئیرادەى مەزنى گەلی کوردستان بۆ ئازادى و سەرفرازى، بە یەکڕیزى و تەبایى سەرکەوت و دەستکەوتەکانى لە دەستوورى عێراقى فیدراڵیدا چەسپاند. ئێستاش هەر بە یەکڕیزی دەتوانێت بەرامبەر هەڕەشەکانى سەر فیدراڵى و ماف و دەستکەوتەکان و قەوارەى دەستووریى هەرێمى کوردستان بوەستێتەوە و داهاتوویەکى باشتر بۆ نەوەکانى مسۆگەر بکات.
ئامانجە پیرۆزەکانى ڕاپەڕین لە ژیان و ئازادى، دیموکراسى، کۆمەڵگەیەکى ئارام و پێشکەوتوو، لە بنیاتنانى ئێستا و داهاتوویەکى باشتر، لە کوردستانێکى بەهێز کە لانکەى پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکرن و لێبوردەیى بێت، تەنیا بە کارى هاوبەش و یەکهەڵوێستى و پێکەوەییمان دەبێت.
مێژوو سەلماندوویەتى کە ناکۆکى و دووبەرەکى، ئەزموونى زۆر تاڵن و زیانى زۆریان لە پێگە و دەرفەت و دەستکەوتەکان داوە. بۆیە سەرکەوتنى ڕاپەڕین دەبێ هەمیشە بۆ هەموومان وانە و نەخشەڕێگەى کارمان بێت. با بە بڕوا و ئومێدەوە هەموومان پێکەوه دەست لەناو دەست، بۆ تێپەڕاندنى ئاڵنگارى و سەختییەکان و لەپێناو داهاتوویەکى باشتردا کار بکەین.
سڵاو لە یادى ڕاپەڕین، لە گەلى دڵسۆز و خۆڕاگرى کوردستان، دروود بۆ گیانى پاکى شەهیدان. [1]
نێچیرڤان بارزانى
سەرۆکى هەرێمى کوردستان
#05-03-2024#
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=