#عوسمان عوزێری# قەڵەمێکی شۆڕشگێڕ و ویژدانێکی زیندووی مێژوو
نووسینی: #ئەحمەد حسەین ئەحمەد#
هەموو جارێ وتوومە ئەم کوردە چەوساوەی ڕۆژگاران و هەناسە ساردەی خێر لەخۆ نەدیوە، ئەگەریش لەشەبەیخوون دا تروسکاییەک هاتبێتە بەر چاوی و ئۆخژنێک بە دڵیدا چەکەرەی دەرکردبێت هەتا سەر نەبووە. ئیدی کەوتووەتەوە بەر شەپۆلی ئاڵوزکاوی ئێش و پەژارەی گیر و لەبن نەهاتووەوە. نموونەمان لەمانە هەن کە جگە لە خەباتی بێوچان وبەرەو پیرچوونی ڕووناکی و ئاشتەوایی ئامانجێکیتریان نەبووە و چرای وشەی کوردی ئەژمارکراون لەوانە: گەشمردان #جەمال عیرفان# ، ڕەئووف زوهدی ، #کاکەی فەلاح# ، #ئەحمەد ڕەشوانی# ، #عوسمان عوزێری# ، #عەبدولڕەحمان زەبیحی# ، #شێخ مەعروف بەرزنجی# ، #سەیدا ساڵح یوسفی# ، #مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی# ، #عەبدولخالق مەعرووف# ، #جەمیل ڕەنجبەر# ، #ئەحمەد مەولود# ، #تۆفیق نەبەز# ، #نافع ئاکرەیی# ، #دڵشاد مەریوانی# ، #موحەڕەم محەمەد ئەمین# ، عومەر تۆفیق و چەندانی تر ... لێرەدا کاکڵەی مەبەستمان وەک مەلێکی هەڵفڕیو و سۆزیار بەرەو گیانی هەمیشە زیندووی عوسمان عوزێری دەدات لە شەقەی باڵ. ئەم بلیمەتە بە هیمەتە..ئەم بارانی ڕەحمەتە..ئەم تەمەن کەمە بەبەرەکەتە. لەو دەمەی چاوی بەژیان هەڵهێناو خرایە خوێندنگە و بوو بە مامۆستای نموونەیی هەر بە پەروەردە و فێرکردنەوە وازی نەهێنا بەڵکوو بازووی قەڵەم و تێکۆشانی بە کردەوە لێ هەڵبڕی لە ماوەی چەند ساڵێکی پیشەی گزنگی مامۆستاییدا کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی لەدیوانە هۆنراوە لە مێژووی کوردەواری و لە وەرگێڕان پێشکەش بە پەرتووکخانەی کوردی کرد .گەلێ پڕۆژەی تری بەدەستەوە بوو، بەڵام کارەساتی دڵتەزێنی مەرگ، ئەو هیوایەی لەگەڵ خۆی دا پێ بردە ناوگۆڕەوە. بێگومان ئەو کەمۆکە خاکەی ئەو جەستە گەشمردە ستەملێکراوەی لەئامێز گرتووە بە دڵنیاییەوە خۆی بەبەختەوەر دەزانێت و شانازی بەو هەناسە و دیارییە پیرۆزەوە دەکات. چونکە دڵسۆزی ڕاستەقینەی کورد و کوردستانەکەی بوو. ئەمەش بڕوانامەی ڕووسوورییەکەیەتی، وەک دەڵێت:
سەرێک لە ڕێگەی خەباتا ببڕێ
ناوی خاوەنی هیچ کات نامرێت
یان بەو پەڕی پێداگرییەوە بیروباوەڕی پۆڵایینی خۆی بەئاشکرا دەخات ڕوو:
بە کوردی پەتی پژا زمانم
دەبێت بۆ کوردیش خوێنم بڕێژرێت
مەرجە بۆ کورد و بۆ کوردستانم
سەرم دابنێم گیانم بنێژرێت
کەسێک بەم ویستە گەرموگوڕەوە وتەو کردەوە پێکەوە گرێ بدات، هاندەر بێت بۆ سەندنی مافی ڕەوای نەتەوە ژێردەستە ستەم لێکراوەکەی، چۆن لە کانگەی دڵی گەورە و بچووکی کۆمەڵگەیداناژی؟ م.عوسمان عوزێریی گەشمردە و پێشمەرگەی بەئەمەگ کەهەست بە ناکۆکی ڕیزەکان و لەتبوونی پارتەکەی دەکات دوو بەیتە هۆنراوە دەڵێت تەنیا ئەمەیانم لە بیر ماوە.. ، کەبرادەرێکی کۆچکردوم لێی وەرگرتبوو، ڕ وبەڕووی دەست ڕۆیشتوان دەڵێت:
بگەڕێرەوە ئەی کوردی داماو
چاوێ چاکترە لە دوو نیوە چاو
بەڕاستی ئەم شاعیر و نووسەر و وەرگێڕە بە توانایە، ئەگەر کانیی ژیانی بەهەڵە وشک نەکرایە، ئەڵبەتە لە بواری هۆنراوەدا شانبەشانی دیلان و کامەران دەڕۆیشت، و لە وردکاریی مێژوونووسینەوەدا د.کەمال مەزهەر و لە وەرگێڕاندا مامۆستا محەمەدی مەلا کەریم. [1]