لە دووەم ڕۆژى بەشداری کردنى لە کۆڕبەندى دیپلۆماسیى ئانتالیادا، بەیانیى ئەمڕۆ شەممە #02-03-2024# بەڕێز #نێچیرڤان بارزانى#، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لەگەڵ بەڕێز ڕومێن ڕادێڤ سەرکۆمارى بولگاریا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە برەودان بە پەیوەندییەکانى بولگاریا لەگەڵ ئێراق و هەرێمى کوردستان کرایەوە لە بوارەکانى ئابوورى، بازرگانى، کولتوورى، وەرزشى، گەشتیارى و کشتوکاڵیدا، هەروەها باس لە دەرفەتى هاوکاریى زیاترى دوولایەنەى بوارى خوێندنى زانکۆیى و خوێندنى باڵا و گەشتى ڕاستەوخۆى ئاسمانیى نێوان بولگاریا و ئێراق بە هەرێمى کوردستانیشەوە، کرا.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە هەرێمى کوردستان بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندییەکانى لەگەڵ وڵاتانى دۆست لە ئەورووپا. لەمبارەیەوە ئاماژەى بە خواستى هەرێمى کوردستان کرد بۆ فراوان کردنى بوارەکانى هاریکاریى هاوبەش لەگەڵ بولگاریا وەک وڵاتێکى دۆست و ئەندامى یەکێتیى ئەورووپا، بۆیە داواى کرد بولگاریا ئاستى نوێنەرایەتیى خۆى لە هەرێمى کوردستان بەرز بکاتەوە. [1]