گوڵ خەندەران
درەختی هەورەکان دەشەکێنێتەوە!
چاوی هیچ شاخەیەک ناترووکێ
دارەکان گشت قسرن!
خێڵی هەنگ
خوویان بە شەکر و مێو گرتووە.
لە مێژە ئاوبارەی ئەوینی دار و گوڵ
بە یەکتر ناگەیەنن
زەڕگەتە، خوار و ژوور
چوار دەوری ژوانگەیان تەنیوە
ڕەشەبا کۆچی بە عەشیرەی پەپوولە کردووە!
هەیاران!
سیاساڵ و باران؟!
درەختی خەمەکان دەشەکێنێتەوە!
پەڕ و پۆی پەپوولە دەبارێ
شەق دەبێ دڵی گوڵ خەندەران!
سەرچاوە: #زڕەی زنجیری وشە دیلەکان# [1]
هۆزانەوان: #جەلال مەلەکشا#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [2]