گەورە بەرپرسانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە پشتیووانیکردنی پڕۆسەی چاکسازیی و هەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە هەموو ئاستە جیاوازەکاندا.
دووپاتکردنەوەی ئەو هەڵوێستەی ئەمریکا، لە میانەی دیدارێکی نێوان #شێخ جەعفەر# شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# و بەڕێز #شۆڕش ئیسماعیل# وەزیری پێشمەرگەدا هات کە ئەمڕۆ پێنجشەممە #07-03-2024#، لە بارەگای ئەنجوومەن، لە شاری #سلێمانی# بەڕێوەچوو.
لەو دیدارەدا، وەزیری پێشمەرگە، کوورتە باسێکی سەبارەت بە سەردانەکەی بۆ ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشکەشکرد و تێیدا تیشکیخستەسەر پێشوازی و پەرۆشی گەورە بەرپرسان و کەسایەتییە سیاسییە ئاستبەرزەکانی ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوە و دامەزراوەی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە، سەبارەت بە پڕۆسەی چاکسازی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەپێناو یەکخستنەوەی هێزەکان و درووستبوونی سوپایەکی یەکگرتوی پێشمەرگەی کوردستان.
هاوکات باسی لە ئامادەیی ئەمریکا کرد بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستا و ئاییندەدا لەسەر ئاستە جیاوازەکان.
لە بەرانبەردا لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییەباڵاکانی (ی.ن.ک) پشتگیری تەواو و بەردەوامی خۆی بۆ پڕۆسەی چاکسازی ناو هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دووپاتکردەوە و ئامادەیی بۆ هەموو جۆرە یارمەتیدان و پشتگیرییەک بۆ وەزیری پێشمەرگە دەربڕی. [1]