ناونیشانی بابەت: بێکاری لە هەرێمی کوردستان
ئامادەکردنی: هانی مورتەزا
دیاردەی بێکاری یەکێکە لەو دیاردە نەخواستراوانەی کە تاکی کۆمەڵگە تووشی دەبن و لە سەردەمی ئێمەدا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی هەموو کۆمەڵگەکان.
مەبەست لە بێکاری ئەو کاتەیە تاکەکانی کۆمەڵگە هەرچەندە بەدوای کاردا بگەڕێن کاریان دەست نەکەوێت. هەندێک جاریش کار هەیە و تاکەکان بەم جۆرە کارە ڕازی نین و بە شیاوی پلەو پایەی کۆمەڵایەتیی خۆیان یان ئاستی خوێندەواریی نازانن. واتا ئەو کارەی هەیە لەگەڵ توانایی و لێوەشاوەیی کەسەکە ناگونجێت.
بەگشتی بێکار کەسێکە کە توانا و ئارەزووی کارکردن لە بەرانبەر مووچە یا حەقدەستێکی باو و دیاریکراوی هەیە بەڵام کاری دەست ناکەوێت. ڕێژەی بێکاری یەکێک لە نیشاندەرەکانی باری ئابووریی هەر وڵاتێک.
=KTML_Bold=مێژووی سەرهەڵدانی بێکاری=KTML_End=
مێژوی بێکاری لەگەڵ مێژووی پیشەسازیدا درووست بوو. پێشتر لە ناوچە گوندنشینەکاندا بێکاری هیچ واتایەکی نەبوو. بێکاری لە کاتی شۆڕشی پیشەسازیدا لە سێ یەکی کۆتاییی سەدەی هەژدەیەمدا لە بەریتانیا دەرکەوت، دواتر لە وڵاتانی ئەورووپا بە گشتی و ئەمریکا بڵاو بووەوە.
لە سەدەی بیست و بیست و یەکیشدا، بێکاری لە وڵاتانی جیهان و بە هەمان شێوە لە کوردستانیش زیادی کردووە. ئەمەش ئەگەرێتەوە بۆ سەرهەڵدانی چەندین جۆر ئامێری پێشکەوتوو و سەردەمیانە کە بوونە جێگرەوەی دەستی کاری مرۆڤ؛ بەتایبەتیی دوای شۆڕشی پیشەسازی و پێشکەوتنی مرۆڤایەتی. زۆر بوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان و کوردستانیش یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی زیادبوونی بێکارییە. هۆیەکی تری بێکاری لە زۆر وڵاتی جیهان و یەک لەوانیش کوردستان، بوونی کرێکاری بیانییە کە بە مووچەیەکی کەمتر لە هێزی کاری ناوخۆیی کار دەکەن.
=KTML_Bold=جۆرەکانی بێکاری:=KTML_End=
*بێکاریی ئارەزوومەندانە: ئەو جۆرە بێکارییەیە کە کەسی کارکەر بەئارەزووی خۆی واز لە کارەکای دەهێنێت.
*بێکاریی زۆرەملێ: ئەو دۆخەیە کە کارکەر تێیدا ناچار دەکرێت دوور لە ویستی خۆی واز لە کارەکەی بهێنێت لە کاتێکدا کە توانا و ئارەزووی کار کردنی هەیە.
*بێکاریی ڕووپۆشکراو: ئەو ژمارە زیادەی کرێکارانە کە هیچ شتێکی دیار بەرهەم ناهێنن، واتە ئەگەر ئەو ژمارەیە لە ڕێژەی کار کردن دەربهێنرێن قەبارەی بەرهەمهێنان کەم ناکاتەوە.
تێبینی: کەسانی خانەنشین، کەمئەندام، و ئەوانەی بەهۆی کێشەی کەسییەوە کار ناکەن، هەروەها ئەو کەسانەی کە چالاکانە بەدوای کاردا ناگەڕێن بەڵام دەیانهەوێت کار بکەن، وەک بێکار پۆلێن ناکرێن.
هەرێمی کوردستانیش وەک وڵاتێک کە لە بیست ساڵی ڕابردوودا گەشەکردنێکی بەرچاوی لە بواری ئابووریدا بەخۆیەوە دیوە، لە دیاردەی بێکاری بەدوور نەبووە. هەرچەندە لەبارەی ڕێژەی بێکارییەوە لە هەرێمی کوردستان ئاماری جیاجیا دەخرێنەڕوو، بەڵام بەپێی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕێژەکە لە ساڵی 2020 گەیشتووەتە 12%.
بێکاری بە یەکێک لە دیارترین گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی تاک و حکوومەت دادەنرێ کە کێشە و گرفتی جۆراوجۆری لێ دەکەوێتەوە و کاریگەریی خراپ لەسەر کۆمەڵگە بەجێ دەهێڵێت. بێکاری دەبێتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئەزموون و پێشکەوتن لە کار و پەرەدان بە تواناکان و کۆچکردنی گەنجان، لەگەڵ زیادبوونی تووندوتیژی و کێشەی کۆمەڵایەتی و زیادبوونی ڕێژەی هەژاری. زۆر جار زیادبوونی ڕێژەی بێکاری هۆکار دەبێت بۆ نائارامیی سیاسی و تێکچوونی دۆخی ئاساییش و ئارامیی وڵات. کە ئەمەش چەندین لێکەوتەی کۆمەڵایەتی وەک دیاردەکانی: دزی، کوشتن، ئازار دان، وێرانکاری و ... لێ دەکەوێتەوە.
بێگومان ڕێژەی بێکاری بەهۆی سیاسەتی حکوومەت، لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی تر گۆڕانی بەسەردا دێت. لە کوردستانیش، لەم ساڵانەی دواییدا و بەتایبەتیش، لەنێوان تەمەنەکانی 19-40 ساڵ ڕێژەی بێکاری زۆر بووە؛ بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا دەتوانرێ بە کۆمەڵێک، ڕێکار، ڕێژەی بێکاری کەم بکرێتەوە.
=KTML_Bold=ڕێکارەکانی کەم کردنەوەی بێکاری:=KTML_End=
-گوندەکان ئاوەدان بکرێنەوە و جوتیاران هان بدرێن بگەڕێنەوە گوندەکان. هەروەها وەبەرهێنەران و سەرمایەدارانی ناوخۆیی هان بدرێن بۆ ئەوەی سەرمایەکانیان لەناوخۆدا بخەنە گەڕ و سیاسەتێک بگیرێتە بەر کە ژیان و سامانیان پارێزراو بێت.
-وەبەرهێنانی دەرەکی (بە تایبەت ئەوانەی لە بواری پیشەسازیدا خاوەنی براندی گەورەن) هان بدرێن بە مەبەستی بوژاندنەوەی دەستی کار، لە کوردستان سەرمایەگوزاری بکەن.
-دەرکردنی یاسای کار بۆ ئامانجی پارێزگاری لە مافی کرێکاران و خاوەنکاران. هەر لەو یاسادا، دەزگای میری ناچار بە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هێزی کار بکرێت.
-گرنگیی زیاتر بە زانکۆ و پەیمانگا و خوێندنە پیشەیییەکان بدرێت بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە سەرمایەی هزریی مرۆڤدا بکرێت.
-بە پێی یاسا ڕێ لە هاتنی کرێکاری بیانیی ناپێویست بگیرێت.[1]