ماشەڵڵا دەکاک
بەربژێری دەم پارتی بۆ پۆستی گەورە شارەوانیی #ئامەد# دەڵێت: هەر کاتێک دەسەڵاتیان لە شارەکە گرتەوە دەست، بایەخ بە زمانی کوردی دەدەنەوە. دۆغان هاتون بیرۆکەی ئەنجامدانی گشپرسی کە ماشاڵڵا دەکاک لە پرسیارێک دا بۆی دەخاتەڕوو بۆ گەڕاندنەوەی ناوی ئامەد و ناوە کوردییەکانی ناوچە و گوند و گەڕەکەکان بە سەرنجڕاکێش ناودەبات، بە هۆکاری ئەوەی دەستووری تورکیا ڕێگەی داوە گشتپرسی بۆ بابەتی لەو جۆرە بکرێت و دەڵێت: لەگەڵ دەپرسین بۆ ئەوەی بزانن چی دەوێت.
ماشاڵڵا دەکاک، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئامەدی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە هەڤپەیڤێنیک دا لەگەڵ دۆغان هاتوون، بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئامەد، ژمارەیەک پرسیاری پەیوەست بە ئامەد و کورد دەورووژێنێت.
دۆغان هاتون تەنیا بەربژێری ئەو پارتە نییە بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئامەد، بەڵکوو سەرا بوجاکیش بەربژێرە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو پارتە سیستمی هاوسەرۆکی پەیڕەو دەکات.
ماشاڵڵا دەکاک لە دۆغان هاتون دەپرسێت، ئەو سێ هۆکارە چین کە پاڵ بە هاونیشتمانییانەوە بنێت لە ڕۆژی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دا لە ڕۆژی 31-3-2024 دەنگ بە بەربژێرانی هاوپەیمانیی دەم پارتی بۆ گەورەی شارەوانیی ئامەد بدەن و ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: یەکەم، ئێمە دەڵێین ئامەد پایتەختی ئێمەیە. پێویستە تاوەکوو هەزار ساڵی دیکەش هەر پایتەختی کورد بێت. پێویستە زمانی بازاڕی ئەم شارە بەتەواوی بکەینە کوردی؛ ناوی کووچە و کۆڵانەکانمان بەتەواوی بکەینە کوردی. دووەم، ئەوان لەو هەشت ساڵەی ڕابردوودا زمانی کوردییان نەهێشت. دەبینین هیچ چالاکییەکی کولتووری و زمانی کوردی لەم شارە ڕێگەپێدراو نییە. سێیەمیش، ئێمە خۆشەویستی بۆ ئەم شارە دەگەڕێنینەوە. ئێمە یەکدیمان خۆشدەوێت.
دۆغان هاتوون لەبارەی زۆر بابەتی پەیوەست بە ئامەد پرسیاری لێکرا و ئەویش وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی ڕووداوی دایەوە.
ئەمەش دەقی هەڤپەیڤینەکەی ڕووداوە لەگەڵ دۆغان هاتوون:
ڕووداو: با یەکسەر لەو پرسیارەوە دەست پێ بکەم. هەموو حیزبەکان بە یەک بەربژێر بەشداری لە هەڵبژاردن دا دەکەن، بەڵام دەم پارتی بە دوو بەربژێر، ئەوەش بەهۆی ئەوەی سیستمی هاوسەرۆکایەتی هەیە. ئێوە چۆن ئەو سیستمە پەیڕەو دەکەن؟ هیچ کێشەیەک ڕوونادات؟
دۆغان هاتون: لەراستی دا لە ساڵی 2014 دا پارتەکەمان سیستمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەو کرد، نەوەک تەنیا لە شارەوانییەکان، بەڵکوو لە هەموو دامەزراوەکانی. ئەو سیستمە گونجاوە، ئەوەش بە بۆنەی ڕێکخستنی کاروباری ژنان و تێگەیشتنی پیاوان. فێربوون لە یەکتر شتێکی زۆر باشە. لەنێو کۆمەڵگەیشدا ئەم سیستمە وەک باش لێی دەڕوانرێت. جێبەجێکردنی ئەو سیستمە وادەکات ڕێکخستنی ژن بەهێزبێت و پیاویش زیاتر لە ژن تێبگات، واتە سیستمەکە وەک ژیانێکی هاوبەش دەبینرێت.
ڕووداو: هەر کامتان ببێتە سەرۆک شارەوانی، هیچ جیاوازییەک بۆ ئێوە درووست ناکات؟ چونکە لەم وڵاتەدا یاسا ڕێگە بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی نادات.
دۆغان هاتون: ئەم فەرمیبوونە تەنیا لای دەوڵەت هەیە و بۆ ئێمە گرنگ نییە؛ فەرمیبوون لای پارتەکەی ئێمە هیچ بایەخێکی نییە. ئێمە بەیەکسانی لە دۆخەکە دەڕوانین. من یان ئەو (سەرا بوجاک) یان هەر کەسێک ببێتە سەرۆک شارەوانی، بۆ ئێمە کێشەیەک نییە. ئێمە بەو سیستمە دڵخۆشین.
ڕووداو: کاتێک تۆ و سەرا بوجاک دەستبەکار دەبن، یەکەمین کارتان چی دەبێت؟
دۆغان هاتون: بەڕاستی ئێوەش دەزانن کە هەشت ساڵە شارەوانی لەدەست قەییووم دایە و ئەوەش نە لە خزمەتی گەل دا بووە و نە بە ویستی گەل بووە. کاتێک شارەوانی لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا بوو، بۆ نزیکەی 15 ساڵ لە بوارەکانی زمان، کولتوور، هونەر و ژن و لە بوارە تەکنیکییەکانیشدا خزمەتێکی باشی شارەکە کرا و زۆر شت کران. ئەگەر بڵێی هەموو شت 100٪ تەواو بوو، نەخێر بەو جۆرە نەبوو. ئێمەش کەموکوورتیمان هەبوو، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەمساڵ لە سەرەتاوە دەستمان پێکرد؛ لە ساڵی 1999ەوە تاوەکوو ئێستا چیمان کردووە؛ چیمان نەکردووە؛ لە کوێدا کەوتینە بۆشاییەوە؛ چ کەموکوورتییەکمان هەبووە؛ ئێمە لەنێو خۆماندا ڕەخنەکانمان تاوتوێ کردن.
ڕووداو: ئێوە چوونەتە هەڵبژاردنەوە. ئەگەر سەربکەون، یەکەم کارتان چی دەبێت؟
دۆغان هاتون: مرۆڤ ناتوانێت بڵێت یەکەم، دووەم و سێیەمین کار ئەوە دەبێت، چونکە تۆ ناتوانی زمان، کولتوور و هونەر لە یەکدی جیابکەیتەوە؛ ئەوانە دەبێت پێکەوەبن. ئەو بەڵێنەمان بە خۆمان داوە کە ئەگەر نەتوانین زمان، کولتوور و هونەری کوردی لەم شارەدا جێگیر بکەین، بەڕێوەبردنی کاروباری شارەکە وەرنەگرین. ئەوە سیاسەتی بنچینەیی ئێمەیە، بەڵام کاری دیکەش هەن بیانکەین. بۆ نموونە، ئەو چڵک و بۆگەنە لادەبەین کە لە قەییوومەکانەوە ماوەتەوە. ئەمڕۆ چوومە چنگووش و کاسبکارێک کە گوێی لە گوتەکانم ببوو، هات و ئەم گسکەی بە دیاری پێدام کە ئێستا بەدەستمەوەیە و وتی، بەمە قەییوومەکان ڕاماڵە. ئەمە پەیامێکە لەلایەن گەلەکەمانەوە دەدرێتە ئێمە. ئەم گسکە تاوەکوو 5 ساڵ دیاری دەبێت لە دەستی ئێمەدا بۆ ئەوەی ئێمەش پیس نەبین.
ڕووداو: سێ هۆکارم پێ بڵێ کە بۆچی دەبێت خەڵکی ئامەد دەنگ بە تۆ و خاتوو سەرا بدەن؟
دۆغان هاتون: یەکەم، ئێمە دەڵێین ئامەد پایتەختی ئێمەیە؛ پێویستە تاوەکوو هەزار ساڵی دیکەش هەر پایتەختی کورد بێت؛ پێویستە زمانی بازاڕی ئەم شارەش بەتەواوی بکەینە کوردی؛ ناوی کووچە و کۆلانەکانمان بەتەواوی بکەینە کوردی. دووەم، ئەوان لەو هەشت ساڵەی ڕابردوودا زمانی کوردییان نەهێشت؛ دەبینین هیچ چالاکییەکی کولتووری و زمانی کوردی لەم شارە ڕێگەپێدراو نییە. سێیەمیش، ئێمە خۆشەویستی بۆ ئەم شارە دەگەڕێنینەوە؛ ئێمە یەکدیمان خۆشدەوێ.
ڕووداو: گوتت زمانی کوردییان لەم شارە نەهێشت. گوتت بایەخ بە زمانی کوردی دەدەنەوە. بەنیازی چین؟ باخچەی منداڵان دەکەنەوە؟ گرووپی شانۆ دادەمەزرێنن؟ چالاکی، فێستیڤاڵ و کۆنسێرتی کوردی ساز دەکەن؟ بەنیازی چین؟
دۆغان هاتون: 10 تاوەکوو 12 ڕۆژ دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن فیستیڤاڵێکی شانۆ هەیە. لەو فێستیڤاڵەدا چالاکییەکیی شارەوانی نییە، بەڵام لەوێوە گوێی خۆمان بۆ بیستنی زمانی کوردی دەکەینەوە. زمانی سەرەکیی چالاکییەکە کوردی دەبێت. پێویستە ئەوە بڵێم کە ئێمە دژی هیچ زمانێکی دیکە نین و بێگومان زمانەکانی تورکی و عەرەبیشی تێدا دەبێت. هەر کەس ئارەزوو دەکات بە هەر زمانێک قسە بکات، با بیکات، بەڵام لەم شارەدا زمانی سەرەکی کوردی دەبێت، لە باخچەی منداڵانەوە بیگرە تاوەکوو دەگاتە زمانی نێو فیستیڤاڵ، قوتابخانە و بوارە تەکنیکییەکانیش. بە گشتی چالاکییەکانمان بە زمانی کوردی دەبن.
ڕووداو: ئێوە قوتابخانەی کوردی دەکەنەوە؟وەک قوتابخانەی فەرزاد کە مانگەر؟
دۆغان هاتون: بەڵێ، قوتابخانەکانی زمانی کوردی کە داخراون، دەیانکەینەوە، بۆ نموونە، قوتابخانەی فەرزاد کە مانگەر؛ قوتابخانە و باخچەی منداڵان لە هەر 17 گەڕەکەکەی ئامەد دەکەینەوە؛ ئەوە 100٪ بەڵێنە، بەڵام تەنیا بەڵێنیش نییە، بەڵکوو بەرپرسیارییەتییە؛ بەڕاستی ئەگەر منداڵ بە بچووکی فێری زمانی دایکی خۆی نەبێت، کە گەورە بوو درەنگ فێر دەبێت. بۆیە پێویستە منداڵ ئەو کاتەی کە زۆر بچووکە فێربوون لە زمانی دایکەوە دەست پێبکات. ئێمە خاوەندارێتی لە زمانی دایک دەکەین؛ خاوەندارێتی لە دایکان و منداڵەکانیشیان دەکەین.
ڕووداو: زمانی خزمەتکردنتان چی دەبێت؟
دۆغان هاتون: ئێوەش دەزانن کە زمانی فەرمی بریتییە لە تورکی، بەڵام گوتوومانە کە دەبێت لەنێو گەل دا لانی کەم دوو زمان هەبن، ئەوانیش کوردی و تورکین. دەزانین کە ژمارەیەکی زۆر کەس لە ئامەد هەن بە زازاکیش قسە دەکەن؛ هەر بۆیە شێوەزاری زازاکیش دەبووژێنینەوە.
ڕووداو: ئایا کۆرسی زمان دەکەنەوە؟
دۆغان هاتون: بەڵێ دەیکەینەوە، نەوەک تەنیا بۆ شارەوانی، بەڵکوو بۆ خەڵکیش؛ کۆرسی کرمانجی و زازاکی دەکەینەوە.
ڕووداو: کاتێک باسی شارەوانی دەکەین، سەرەتا قەییووم دێتە بیری دەنگدەرانی دەم پارتی؟
دۆغان هاتون: قەییووم بە تەنیا نایەتە بیری دەنگدەرانی دەم پارتی، بەڵکوو بیری ئەوانی دیکەش دەکەوێتەوە. ئاکپارتیش گوتبووی، قەییوومان ناوێ، واتە بیری ئاکپارتیش دەکەوێتەوە.
پرسیار: ئایا دەتوانن ئەم جارە خۆتان لە قەییووم ڕزگار بکەن؟
دۆغان هاتون: ڕاستە قەییووم لە بواری خزمەتگوزاری، هونەر و کولتووردا زیانێکی زۆری لە خەڵک و شارەکە دا ، بەڵام قەییووم لە ئێمە زیاتر زیانی بە ئاکپارتی و مەهەپەش گەیاند. چۆن زیانی بەوانیش گەیاند؟ چونکە قەییووم هیچ کات لە کوردستان دانەبڕاوە. دوای ڕووداوەکەی شێخ سەعید، پشکنەرانی گشتی دانران. ئەوان ئەوکات خەڵکیان دەربەدەرکرد. ئەو پشکنەرانە وەک قەییووم بوون. کاتێکیش لە ساڵانی نەوەتەکان دا گوندەکانیان سووتاند، پارێزگاری باری نائاسایی هەبوو. ئەویش وەک قەییووم بوو، واتە تەنیا ناویان دەگۆڕن، ئەگینا سیستم هەمووی یەکە.
ڕووداو: کاتێک قەییووم هات، سەرەتا ناوی ئامەدی لەسەر تابلۆی شارەوانی لابرد. ئەگەر ئێوە بچنەوە سەر دەسەڵات، ئایا ناوی ئامەد دەخەنەوە سەر تابلۆی شارەوانی؟
دۆغان هاتون: ئەگەر ئەو کارەمان نەکرد، ئەوە بۆ ئێمە شەرمەزارییە. نەک تەنیا لەسەر تابلۆی شارەوانی، بەڵکوو زۆر ڕێکخراومان هەبوون وەک ئەحمەدی خانی کە تابلۆکانیان لابردن. ویستیان ناوی جگەرخوێنیش بگۆڕن. لە گەڕەکەکانمان زۆر ناوی کەسانی پێشەنگ هەبوون کە گۆڕران و یەکێکیان بریتی بوو لە پارکی ڤەدات ئایدین کە ناوەکەیان گۆڕی. لە کوێ دەرفەتمان هەبوو، لە کوێ شەقامێکی نوێمان کردەوە، ناوی کەسانی پێشەگەکامانمان لێیان دەنێین. دەکرێت ئەو کەسە نووسەرێک بێت، هەڵبەستڤانێک بێت یان هەر کەسێکی دیکە. کێ پێشەنگ بێت، ناوی سەرەکی دەبێت.
ڕووداو: ئایا بیر لەوە دەکەنەوە کە لە ڕێگەی گشتپرسییەوە ناوی ئامەد بگەڕێننەوە؟
دۆغان هاتون: کاتێک لە داوودەزگاکان کارمان دەکرد، هەرچەندە ناوە تورکییەکەی ئامەد بوو، بەڵام هەمیشە لەنێو خۆماندا ئامەدمان بەکاردەهێنا. پلاتفۆرمێکمان هەبوو و ئەویش ناوی ئامەد بوو. لەراستی دا وەک گشتپرسی هەرگیز بیرم لێنەکردبووەوە کە شتێکی زۆر سەرنجڕاکیشە، بەڵام پێویستە پێشانگەیەتی ئەم بابەتە بکەین، چونکە لە دەستووریش دا شتێکی وا هەیە کە گشتپرسی بکرێت. دەکرێت ناوی ناوچە و گەڕەکەکانیش بە ئەنجامدانی گشپرسی بگەڕێندرێنەوە. بۆچی نەکرێت؟ ئێمە دەبێت ئەوە بکەینە ڕۆژەڤ و ئەگەر گەلی ئێمەش وەک گشتپرسییەک ئەوەی ویست، ئەوا دەیکەین. ئێمە لەنێو ڕای گشتی و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش لە گەل دەپرسین کە چییان دەوێ. ئەگەر شتێکی وەها هەبوو، ئەوا دەتوانین پێشانگەیەتی بکەین.
ڕووداو: باشە، با پرسیاری ناوی شێخ سەعیدیش بکەم. شەقامێکی ئامەدیان بەناوی شێخ سەعید کرد و زۆر قسەی لەبارەوە کرا. هەڵوێستتان بەرانبەر شێخ سەعید و ناوی شێخ سەعید چییە؟ شێخ سەعید بۆ ئێوە چ واتەیەکی هەیە؟ ئایا لە چالاکییەکانتان دا گرنگی بە ناوەکەی دەدەن؟
دۆغان هاتون: شێخ سەعید پێشەنگی گەلی کوردە؛ ئامانجی ئەو، هەڵویستی ئەو، خەباتەکەی تاوەکوو شەهیدبوونی؛ هێشتاش کە دەڕۆی بۆ ناوچە و زۆر لە گوندەکان، هەموو کەس دەڵێن، ئەو پێشەنگی گەلی کوردە. ئێمەش بەو کولتوورە گەورە بووین. کاتێک کەسێک پێشەنگی گەلەکەی لەبیر بکات، بەهای نامێنێ. پێویستە خاوەندارێتی لەو بکەین. ئێمە خاوەندارێتی لە هەموو پێشەنگەکانی گەلەکەمان دەکەین، نەوەک تەنیا شێخ سەعید. خاوەندارێتی هەمووان دەکەین. هەر کەسێک تەنانەت هەنگاوێکی بچووکیشی بۆ گەلی کورد هاوێشتبێت، ئێمە خاوەندارێتی دەکەین. شێخ سەعید نەک تەنیا هەنگاوێکی بچووکی نا، بەڵکوو شۆڕشێکی کرد؛ شۆڕشێکی گەورە. هەر کەس هەر چییەک دەڵێت با بڵێت، ئەنجامەکەی مردنیش بێت، دیسانەوە خاوەندارێتی دەکەین.
ڕووداو: کاتێک دەڵێین ئامەد، پێویستە کەمێک باسی تەلارسازییەکەی بکەین، چونکە شارێکی زۆر دێرینە؛ باسی 12 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەکرێت. لە مەروانییەکانەوە بیگرە تاوەکوو میتانی و میدیەکان، لە عوسمانییەکانەوە تاوەکوو ئارتوکییەکان... ئێوە بە چ شێوەیەک درێژە بەم تەلارسازییە دەدەن؟
دۆغان هاتون: لەوانەیە لە 12 هەزار ساڵیش کۆنتر بێت. سەیرێکی باڵەخانە، شورە و قەڵاکەی بکە. لە ساڵی 2014 لە لیستی یۆنسکۆدا تۆمار کرا. کاتێک یۆنسکۆ ئەم جۆرە شوێنە مێژووییانە دەخاتە ژێر سەرپەرشتیی خۆییەوە، ئیدی شوێنەکە دەبێتە میراتی مرۆڤایەتی، دەبێتە میراتی هەموو جیهان. بۆیەش شورەکەی زۆر گرنگە. لە ساڵانی 2015-2016 شەڕ لەنێو شاردا هەڵگیرسا. ئەو کاتە دەبووایە ژمارەیەکی زۆر باڵەخانەی مێژوویی پارێزرابان، بەڵام دوای شەڕ هەموویان ڕووخێندران؛ هەموویان تۆمارکرابوون، بەڵام خاپووریان کردن. ئێستاش ئەگەر بیانەوێت دەتوانن چاکیان بکەنەوە، چونکە هەر بەردێک، هەر شوێنێکی مێژوویی، تەلارسازییەکەی و هەموو شتەکانی دیارن. وەزارەتی کولتوور لەوە بەرپرسە. ئەگەر لە دەستی شارەوانی دا بووایە، وڵات بە وڵات دەگەڕاین و پارەمان کۆ دەکردەوە و درووستمان دەکردەوە، بەڵام لەژێر دەستی وەزارەتی کولتووردایە. من 8 ساڵ سەرۆکی ژووری ئەندازیاری و بیناسازی بووم. ئەم بابەتە باش ئاگادارم. ئەو کولتوورەی کە ئێمە لە ئەندازیاری و بیناسازی وەرمانگرتووە، زۆر گرنگە. لە هەر شوێنێک بەردێکی مێژوویی هەبێت، ئێمە خاوەندارێتی دەکەین.
ڕووداو: کاتێک لەگەڵ بەربژێرەکەی ئاکپارتی قسە دەکەیت، دەڵێت ترام دەهێنم بۆ ئامەد؛ پڕۆژەی گەلی دیجلە جێبەجێ دەکەم. پڕۆژەکانی ئێوە چین؟
دۆغان هاتون: سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم؛ ئامەد هەشت ساڵە لە دەستی قەییوومدایە، بۆچی ئەو پڕۆژانەیان جێبەجێ نەکردن؟ هەشت ساڵە هەموو شت لە دەستی قەیوومەکاندایە، بۆچی نەیانکردن؟ ئەگەر باسی شەمەندەفەر و ترام بکەین، ڕێگەوبانی ئامەد پێویستی بەم پڕۆژانە هەیە. ئەوە کاری ئێمەیە. ئێمە باش لەو جۆرە شتانە تێدەگەین. ترام گرنگە و شارەکە جوان دەکات و کولتوورێکیش درووست دەکات. پڕۆژەمان بۆ درووستکردنی هەیە.
ڕووداو: ئەو پڕۆژەیە لە سەردەمی بایدەمیریش هەبوو.
دۆغان هاتون: لە سەردەمی بایدەمیر، لە سەردەمی گوڵتان کشاناک و سەلچوک مزراکلیش هەبوو. ئەو کاتەی شارەوانی لە دەستی ئێمەدا بوو، بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە پارە لە وڵاتانی دیکە وەرگیرا، بەڵام دەوڵەت ڕێگەی نەدا پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەوەی بتوانی لە دەرەوەی وڵات پارە بۆ پڕۆژەیەک بهێنیت، پێویستە وەزیرە پەیوەندیدارەکەی حکومەت ئەو پڕۆژەیە پەسند بکات. تاوەکوو وەزیر پەسندی نەکات، ناتوانی لە دەرەوە پارە وەربگریت.
ڕووداو: لە کاتی بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردوودا زۆر ماندوو بوویت. ئێستا دەبێت لە هەموو کەسێک زیاتر ئاگاداری ڕاستییەکانی بوومەلەرزە بیت. چی دەکەیت بۆ ئەوەی خانووەکانی ئامەد لە بوومەلەرزەدا وێران نەبن؟
دۆغان هاتون: ئەو باڵەخانانەی لە شار درووست دەکرێن، تەنانەت ئەگەر یەک نهۆمیش بن، ئەگەر هەموو شتێکیان بەپێی تەکنیکی بوومەلەرزە نەبێت، ڕێگە نادەین درووست بکرێن؛ ناهێڵین تەنانەت یەک خانووش درووست بکرێت. دەزانی کە خانووەکەی منیش ڕووخا؟
ڕووداو: خانووی تۆش ڕووخا؟
دۆغان هاتون: بەڵێ، خانووی منیش ڕووخا.
ڕووداو: لەلایەن تۆکییەوە خانووت بۆ تەرخانکرا؟
دۆغان هاتون: نەخێر و ناشمەوێت. شتێکم لێیان ناوێت. دەزانم ئەو کەسانەی خانووەکانیان ڕووخان و زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە، لە چ دۆخێکدان. لە دۆخی دایکیمەوە دەزانم، چونکە خانووی ئەویش ڕووخا. ئێمە بۆ گەلی خۆمان خانوو درووست دەکەین، ئەوەش بەپێی توانای بەردەستی شارەوانی. پڕۆژەی درووستکردنی خانوومان هەیە؛ سەرەتا دوو هەزار خانوو لە شاری ئامەد درووست دەکەین. بە پارتەکەی خۆشمان گوتووە کە دەبێت لە هەموو شارەکان خانوو درووست بکەین.
ڕووداو: باشە، پرسیاری کۆتایی؛ کاتێک دەستبەکار دەبن، ئایا ئێوەش وەک قەییوومەکان خەڵک لە کار دەردەکەن؟
دۆغان هاتون: ئەو کەسانەی خزمەتکارن، کرێکارن، کاری خۆیان دەکەن و بە ماندووبوونی خۆیان چوونەتە ئەو شوێنە، جێگەیان لەسەر سەر و سەر چاومانە. ئەگەر ئەوان بۆ گەل خزمەت بکەن و شایستەی مووچەکانیان بن، هیچ کەسێک دەرناکەین، بەڵام ئەو کەسانەی وەک بیرۆکرات کاریان کردووە، کاریان لەگەڵ قەییوومەکان کردووە، ستەمیان کردووە و بیرکردنەوەیان وەک بیرکردنەوەی قەییوومەکانە، ئەوانە پەسندکراو نین. لەو بڕوایەشدام ئەوان لەگەڵ ئێمە کار ناکەن. ئێمە لە چوارچێوەی یاسا و ڕێساکاندا دژی یەک بە یەکیان سکاڵا تۆمار دەکەین. بڕیاری دادگەکان گرنگە و پێویستە وەک بنەما وەریانبگرین، بەڵام ڕێگە نادەین ئەو گەندەڵانە لەگەڵمان کار بکەن.[1]