#سوداد ڕەسووڵ#
زۆر جار لێرە و لەوێ لە فەیس بووک دەخوێنمەوە، هەندێک نووسەری کورد بۆ زارە کوردییەکان، زمانە کوردییەکان بە کار دێنن و لەگەڵیشی دەڵێن گەلانی کورد. دەیانەوێت پێمان بڵین ئەم زارانە چیدی زاری کوردی نین، بەڵکوو چەند زمانێکی کوردین و هەر زمانێکیش نوێنەرایەتی گرووپێکی ئەتنیکی کورد دەکات، کەواتە ئەمانە گەلانی کوردن...!
بانگەشەکردن بۆ زمانە کوردییەکان لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لە ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتناسی دەستی پێ کرد، کە لە توێژینەوەکانیان تەنیا جیاوازییە زمانەوانییەکانیان دەخستە ڕوو، گرنگییان بە ناسنامەی ئاخێوەرانی نەدەدا، بۆیە لە لێکۆڵینەوەکانیان لوڕی و هەورامی و گۆرانی و زازاکییان لە کوردی دابڕی، وەک زمان ناویان دەبردن، بە بیانوی ئەوەی کە ئەم زارانە ڕیشەیان لەگەڵ زارە کوردییەکانی دی جیاوازە. ڕۆژهەڵاتناسیی ئەوروپی هەر بە شێواندنی ناسنامەی ئەو چەند زارە کوردییە نەوەستاون، ئێستاش لە توێژینەوەکانیان لەسەر کورمانجی و سۆرانی، -کە هەردوو زار ڕیشەیان یەکە و تەنیا چەند جیاوازییەکی لەهجەییان هەیە، کە ئەمانەش بۆی هەیە لەنێوان هەموو زارەکانی زمانێکدا هەبێت- وەک دوو زمان ناویان دەبەن نەک دوو زاری زمانێک، چونکە پێیان وایە ئەم دوو زارە ئەوەندە لە یەک جیاوازن نابێ دوو زار بن، بەڵکوو دوو زمانن... !
دواتر هەر ئەم بانگەشە نازانستییانەی ڕۆژهەڵاتناسی هاتنە ناو نووسینی نووسەرانی کورد، و لە هەمان کاتدا بوون بە بەشێک لە ئەجێندای داگیرکەرانی کوردستانیش: لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە تورکیا جەماعەتێک پەیدابوون داوای نەتەوەیەکی سەربەخۆ بۆ زازا دەکەن، و دەوڵەتی تورکیاش پشتیان دەگرێت. لە سەرەتای سەدەی بیستەمیش دەسەڵاتدارانی ئێران لوڕەکانیان لە کورد دابڕی، ئێستاش هەوڵ دەدەن لەکەکانیش لە کورد دابڕن، بۆ ئەم مەبەستە ویژدان و قەڵەمی چەند نووسەرێکی لەکییان کڕیوە لە نووسینەکانیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەک کورد نین، و نەتەوەیەکی سەربەخۆن و لەکیش زارێکی کوردی نییە، بەڵکوو زمانێکی سەربەخۆیە. هەر لەسەر هەمان ئاواز چەند نووسەرێکی هەورامیش پەیدا بوون بانگەشەی زمان و نەتەوەی سەربەخۆ بۆ هەورامی دەکەن، هەندێک شەبەکی شیعەش لەسەر هەمان ئاواز دەخوێنن، .. وەک دیارە ئەم بانگەشانە ئاو کردنە بە ئاشی دوژمنانی کورد، کە دەیانەوێت سیاسەتی ( فرق تسد:پەرتیان بکە و بە سەریاندا زاڵ بە) لەگەڵ کورد جێبەجێ بکەن، بۆ ئەوەی ڕۆژێک زووتر یەکێتیی نەتەوەیی و یەکێتیی زمانی کوردی کۆتایی پێ بهێنن.
من دڵنیام بەشێکی زۆر لەو کوردانە کاتێک دەستەواژەی (زمانە کوردییەکان و گەلانی کورد، ..) بەکار دێنن، بە نائاگاییەوە ئەم دەهۆڵە بۆ دوژمنان دەکوتن، و نازانن ئەم دەستەواژانە لە داهێنانی ڕۆژهەڵاتناسیی ئەوروپی و داگیرکەرانی کوردستانە، ئێستاش هەر بەشێکە لە ئەجێندای دوژمنانی کورد بۆ ئەوەی کورد بە یەکگرتوویی نەمێنێتەوە و دابەش بێت، چونکە هەتا یەکێتیی نەتەوەیی کورد و یەکێتیی زمانی کوردی بمێنێت، ئەوان هەست بە مەترسی دەکەن.
زارە کوردییەکان ئەمانەن: کوردیی باکوور کە بە (کورمانجی) ناسراوە، کوردیی ناوەندی کە بە هەڵە بە (سۆرانی) ناسراوە، کوردیی خواروو کە بە هەڵە بە (کەڵهوڕی) ناسراوە، لەگەڵ زاری کوردیی گۆران (هەورامی)–زازا، .. ئەمانە چوار زاری سەرەکیی کوردیین، ئەمانە کە بە زارە کوردییەکان دانراون لە داهێنانی ناسیۆنالیزمی کوردی نین، ئەوە شەرەفخانی بدلیسی لە سەدەی شازدەم دەڵێت: کورد چوار بەشن: کورمانج، لوڕ، کەڵهوڕ، گۆران. بۆیە ئەمانە لە مێژوودا و ئێستاش هەر چەند زارێکی زمانی کوردین، هەر بە زاری کوردیش دەمێننەوە و ئاخێوەرانیشی هەر بەشێکی دانەبڕاوی نەتەوەی کوردن هەتا هەستی هاوبەشی نەتەوەیی و هاوخەمی و هاودەردی نەتەوەیی لەنێوان ئاخێوەرانیاندا هەبێت، ئەم زارانە هەرچەند گەشە بکەن و پێیان بنووسرێ و بەستاندارد بکرێن، هەر زاری کوردین، هەتا کورد خۆی بڵێ ئەمانە زاری کوردین، ئەمانە هەر بە بەشێک لە زمانی کوردی دەمێننەوە. کورد خۆی خاوەنی ئەم زارانەیە نەک ڕۆژهەڵاتناسی و دوژمنان.
پێویستە کورد بە هۆشیارییەوە ناوی زارەکانی زمانی کوردی بێنێت، چونکە هەر زارێک بە زمان ناوت برد واتە ئەم شێوەزمانە بوونێکی سەربەخۆی هەیە و لقی زمانێک نییە و ئاخێوەرانیشی سەر بە نەتەوەیەکی سەربەخۆن، بۆیە گرنگە ئێمە دەست بە یەکێتیی ناسنامەی کوردبوونی زارەکانەوە بگرین. ئەگەر بەم هەناسە و بەو باوەڕە قسە لەسەر زارەکان نەکەین و ناوی زارەکان بە زمان بێنین، ئەوا بە دەستی خۆمان چاڵ هەڵدەکەنین بۆ یەکێتیی نەتەوەی کورد و یەکێتیی زمانی کوردی.
تێبینی: نەخشەی هاوپێج، نەخشەی سەرانسەری کوردستانە لەگەڵ دەستنیشانکردنی شوێنی ئەو کوردانەی کە لە دەرەوەی کوردستان نیشتەجێن . ئەم نەخشەیە لە ساڵی 1947 لەلایەن کۆمەڵەیەکی کورد لە قاهیرە چاپ و بڵاو بووەتەوە. ڕاستترین نەخشەیە بۆ ڕووبەری خاکی کوردستان.[1]