=KTML_Bold=خواستی سەروەریی باشووری کوردستان=KTML_End=
ئامادەکردنی: #شێرکۆ کرمانج# و #سەردار عەزیز#
ئێراق لە 1921دا لە لایەن بەریتانییەکانەوە درووستکرا. لە 1926، بە هاوکاری بەریتانییەکان، ئێراق بەفەرمی ویلایەتی موسڵی عوسمانی، کە زۆرینە کورد بوو، خستە سەرخۆی. گەلی کورد ئەم لکاندنەی بە دەوڵەتی ئێراقی تازە-دامەزراو بەخیانەتی زلهێزەکان لە قەڵەمدا چونکە پەیماننامەی سیڤەر لە 1920، کە شەش ساڵ پێشووتر واژۆ کرابوو، داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی کردبوو. هەستی خیانەت و سیاسەتی پەراوێزخستن لە لایەن حکومەتی ئێراقەوە بووە هۆی ڕاپەڕینی بەردەوام لە لایەن کوردەکانی ئێراقەوە.
چیرۆکی پشت لکاندنی باشووری کوردستان بە ئێراق چیرۆکێکە کە هەندێک پێیان وایە پەیوەندی بە هاوسەنگکردنی قوورسایی سوننە و شیعەکانە لەو دەوڵەتە نوێیەدا. هەندێکیش دەیگێڕنەوە بۆ ترس لە هاتنەخوارەوەی سۆڤیەت و درووستکردنی هەڕەشە لەسەر ئێراق، بەواتایەکی دیکە، کوردستان وەک بەربەستێک لە پێش سۆڤیەت دانراوە بۆ پاراستنی ئێراق. زۆریشن ئەوانەی لکاندنەکە دەبەستنەوە بە کێشە داراییەکانی بەریتانیا لەو ئانووساتدا، کە شەڕی یەکەمی جیهانی شەکەت و ماندوو و قەرداری کردبوو. هەشن نەوت وەک فاکتەری لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە ئێراقەوە دەبینن.
هەر چۆنێک بێت، سەرکردایەتی کورد لە ئێراق لەژێر کاریگەریی بیرۆکەکانی سەرۆکی ئەمریکا، ودرۆ ویلسن، لەمەڕ مافی چارەنووس لە لایەک و لە لایەکی دیکە وەک چاولێکەری لە عەرەبەکانی ناوچەکە کە کرابوون بە خاوەن چەند دەوڵەتێک، هەروەها کاریگەریی بانگەوازی ڕۆشنبیرانی کورد لە ئەستەنبوڵ و ئەوروپا، هیوای سەربەخۆیی و دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان هەبوو و دەخواست.
یەکەم هەوڵی سەربەخۆیی کوردستانییانی باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئێراق. ڕاپەڕین بە ڕێبەرایەتی شێخ مەحمود لە 1919دا دەستی پێ کرد کە چەند مانگێکی خایاند. لاوازیی لە ڕووی دیپلۆماسی و دەوڵەتسازی لە لایەک و شکستهێنانی شێخ لە کۆکردنەوەی خەڵکانێکی پێویست لە هۆزەکانی دیکەی کورد لە لایەکی دیکەوە تاوەکوو هێرشێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەر بەریتانییەکان ئەنجام بدەن، هەموویان بوونە هۆکاری شکستی ئەو هەوڵەی کوردەکان. سەرەڕای شکستەکەی، یاخیبوونی شێخ مەحمود و حکومەتە کوورتخایەنەکەی بوون بە “ئەفسانەگەلی چەکەرەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی”.
پاش دامەزراندنی #پارتی دیموکراتی کوردستان# لە 1946دا پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی نەتەوەیی بۆ کورد هاتەئاراوە. کاتێک لە 1961 شەڕ لەنێوان کورد و حکومەتی ناوەندی ئێراق هەڵگیرسا، بزووتنەوەیەکی تاڕادەیەک بەهێزی نەتەوەیی کورد سەری هەڵدا. لە 1970دا، حکومەتی ئێراق و سەرکردایەتی کورد بەیەننامەی 11ی ئازاریان واژۆ کرد، کە لانی کەم لەسەر کاغەز گەرەنتی ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری کوردستان دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، دیاری کردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دواخرا تا ئەو کاتەی سەرژمێرییەک ئەنجامدەدرێت، کە هەرگیز ئەنجام نەدرا. جگە لەوەش، دەسەڵاتدارانی ئێراق سیاسەتی بەعەرەبکردنیان دەستپێکرد کە بۆ گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی ناوچە کوردستانییەکان داڕێژرا بوو. سەرەڕای ئەوە، بەغدا تاکلایەنە پڕۆگرامێکی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان دەرکرد و جێبەجێی کرد، بەڵام شوێنە ستراتیجێیەکانی وەک #کەرکووک# و #خانەقین# و #ئاکرێ# و شەنگالی لە دەسەڵاتە ئۆتۆنۆمییەکە دوورخستەوە. لە مانگی ئازاری 1974 شەڕ دەستی پێ کردەوە کە ساڵێکی خایاند، حکومەتی ناوەندی سەرکەوت. بەڵام هەر زوو ڕاپەڕینێکی دیکە لە کوردستان سەری هەڵدا و لەوێدا یاریزانێکی سیاسی نوێ دەرکەوت، ئەویش یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوو.
پڕۆسەی پاکتاوی نەژادی و بەعەرەبکردن بەردەوام بوو و لە ئۆپەراسیۆنە بەدناوەکانی ئەنفالی 1988دا گەیشتە لووتکە، کاتێک حکومەتی ئێراق زیاتر لە 180 هەزار هاووڵاتی کوردی کۆمەڵکوژ کرد و نزیکەی یەک ملیۆن و نیو کوردی بە زۆرەملێ ڕاگواست بۆ ئۆردوگاکان.
لەشکرکیشی ئێراق بۆ سەر کوێت و فراوانخوازییەکانی بووە هۆی ڕاپەڕینەکانی بەهاری 1991. چەند ڕۆژێک دوای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی شیعەکان لە باشوور، لە 5ی ئازاری 1991 ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە کوردستانیش ڕووی دا. شکستی کورد لە وەستانەوە لە دژی سوپای ئێراق بووە هۆی کۆچکردنی نزیکەی دوو ملیۆن کورد. بەمجۆرە، سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین و دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە ناوچە کوردییەکان لە لایەن ئەمەریکا وهاوپەیمانەکانییەوە حکومەتی ئێراقی ناچار کرد کە دامودەزگە مەدەنی و ئەمنییەکانی لە بەشێکی کوردستان بکشێنێتەوە. هەر زوو کوردستانییەکان ئەو بۆشایییەیان پڕکردەوە، ئەویش بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی گشتی لە ئایاری 1992 کە ئەنجامەکەی درووستبوونی حکومەتی هەرێم و پەڕڵەمانی کوردستانی لێکەوتەوە. ئەم پێشهاتە بووە هۆی ئەوەی لە تشرینی دووەمی 1992 دا کۆبوونەوەی سێ قۆڵی تورکیا-سووریا-ئێران ئەنجامبدرێت، کە ئامانج لێی سنوورداردکردنی خواستەکان و جوڵەکانی کوردستانیان بوو لە خۆبەڕێوەبەریدا.
ئەو ناوچەیەی کە سوودی لەو خۆبەڕێوەبەرییە وەرگرتبوو لە 1994دا بە هۆی شەڕی ناوخۆوە نوقومی کاولکاری بوو و بەسەر دوو ناوچەی نفوزی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا دابەشبوو. لە کۆتایی 1998دا، بە هەوڵی ئەمەریکییەکان، شەڕی ناوخۆی کوردی-کوردی کۆتاییهات.
کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ کەشێکی هێنایە ئاراوە کە کورد هێواشهێواش دەستی کرد بە پڕۆسەی نیشتمانسازی و دەوڵەتسازی لە چوارچێوەی دەوڵەتی ئێراقدا. ڕاستە کە پڕۆژەی نیشتمانسازی لە هەرێمی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینی 1991 خەمڵی، بەڵام لەڕاستیدا سەرکەوتنەکەی بەرهەمی کەڵەکەبووی نزیک سەدەیەک خەباتی نەپساوە بوو و پڕۆسەی نەتەوەسازی لە دامێنەوە زۆر پێشتر دەستی پێ کردبوو.
لە 1992 تا 2003، حکومەتی هەرێمی کوردستان سیماکانی نیمچە-دەوڵەتی لەخۆیدا گەشەپێ دابوو، بەڵام لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی ئێراقی لە 2003دا توانا و پێگەی زۆر بەهێزتر بوو و سیماکانی نیمچە-دەوڵەتی تۆکمەتر بوون کە خۆیان لەمانەدا دەبینییەوە: درووستبوونی پەڕڵەمان و حکومەت و هێزەکانی ئاساییش و بەرگری، کە هەموویان بە شێوەیەک لە شێوەکان بووبوون بە سیمبوڵی دەوڵەتێکی نیمچە سەربەخۆ لە دەرەوەی دەسەڵاتی بەغدا. بەفەرمیکردنی سروودی نیشتمانی کوردستان و چاپکردنی پول و بنیاتنانی مۆنۆمێنت و پەیکەری یادگاری و مۆزەخانە وەک نیشانەکانی نیشتمانسازی و دەوڵەتسازی لە دەرەوەی ئێراق دەبینران. بەگەیشتن بە 2005، دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی درووستکران کە بیانییەکان بەگەیشتنیان دەیانتوانی ڤیزا لە ئەفسەرە کوردەکان وەربگرن. تاوەکوو 2016، هەرێم 10 زانکۆی حکومی و دە زانکۆی ئەهلیشی هەبوو، لەنێویاندا دوو زانکۆی ئەمەریکی. بەگشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر لە حکومەتی ناوەند سەرکەوتووتر بوو، چونکە هەرێم تا 2017 جێگیرترین و ئەمینترین و لاشەڕترین ناوچەی ئێراق بوو.
لە حوزەیرانی 2017دا، سەرکردایەتی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان ڕۆژی 25ی ئەیلولی 2017 یان وەک ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دیاری کرد. زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان، 92%، دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. هۆکارەکانی پشت ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم و شکستهێنانی لە دەرەوەی بازنەی ئەم بابەتەن بەڵام هەر چۆنێک بێت ئەنجامەکان دەریانخست کە زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان لە ئێراق پشتیووانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و ئامانجی کۆتایی کوردستانییەکان گەیشتن بە سەروەرییە. ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەی کوردستانییان لەگەڵ سەربەخۆیی، پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەنێوان کوردستانییان و ئێراقییەکان، هەروەها کوردستانیان و هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتیی تورکەکان و ئێرانییەکان، درووستکردووە.
پەیوەندی کوردستانییان بە سەربەخۆییەوە هەر شتێک بێت ڕاستەوخۆ نییە. کوردستانییان هەست دەکەن لە جیهاندان بەڵام لەبەرچاو نین، بە واتایەکی دیکە دیارێکی ونن، لە دەرەوەی مێژوودان. کوردەکان نە نوێنەرایەتی دەکرێن و نە بەرگرییان لێ دەکرێت، تەنانەت ئەو کاتانەش کە مەترسی پاکتاوی ڕەگەزیی و جینۆسایدیشیان لەسەرە، کەس بەهانایانەوە نایەت. لەوەش زیاتر، نەبوونی دەوڵەت بووەتە هۆی هەستی خۆبەکەمزانی و خودنەفرەتی لە لای کوردستانییەکانەوە، بەتایبەتیی کاتێک وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت وەسفدەکرێن. ئەم دیدە کوردستانییە وجودیی و سیاسیی و ئەخلاقییەی نەبوونی دەوڵەت بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر لەگەڵ هەستی ئێرانییەکان لە نەبوون بە زلهێزێک لە ناوچەکەدا بەریەکدەکەون. [1]