پیشەسازییە بنەڕەتییەکان لە هەرێمی کوردستان؛ بەشی 03
هانی
$پیشەسازیی خواردن و خواردنەوە و ڕستن و چنین$
بەرهەمهێنانی خۆراک، کۆمەڵێک کردار و پڕۆسەی پیشەسازییە، ئامانج لێی دابینکردنی پیشەسازییە هەمەجۆرەکانی خۆراکە بۆ کۆمەڵگە، هەروەها بریتییە لە کۆمەڵێک پڕۆسەی گۆڕینی خواردنی ئامادە بۆ خۆراکی پارێزراو بە پشتبەستن بە کۆمەڵێک لە پڕۆسەی بەرهەمهێنان، بەو مەرجەی بۆ زۆرترین ماوە بمێنێتەوە، لە دوای ئەوەی مرۆڤ ڕێگا و شێوازەکانی هەڵگرتنی خۆراکی زانی و فێر بوو خۆراک لە کەڕوو و بەکتریاکان و تێکچوون و بۆنکردن کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ڕوو دەدەن، بپارێزێت.
لە هەرێمی کوردستان لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو چەند کارگەیەکی وەک (کارگەی شەکر و جگەر لە #سلێمانی# و کارگەی جگەرە لە #هەولێر# و کارگەی خواردنەوەگازییەکان و ئاوی کانزایی لە بانیخێڵان) دامەزران، بەڵام دواتر ئەم کارگایانە لەلایەن حکومەتی ئێراقەوە لە هەشتاکاندا داخران و کەلوپەلەکانیان گوازرایەوە بۆ بەغدا. لە شاری #کۆیە# ش چەندین پیشەسازیی بچووک وەک بەرووبومە سپیاییەکان و خواردنەوەگازییەکان و ئاوی کانزایی و ئارد و نان و سەهۆڵ و ڕۆنی گوڵەبەڕۆژە و چەندین کارگەی تر هەبوون، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم داخراون. بەڵام کارگەی فەرشی دەستی لە شاری کۆیە هەتاکوو ئێستاش 2023 بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی مافوور و فەرشی بچووک و مامناوەند و هەندێک جاریش گەورە و لە شاری #ڕانیە#ش ئێستا درووستکردنی بەرهەمی سپیایی و دۆ و بابەتەکانی لەم چەشنە لە گەشەدان. هەروەها هەریەکە لە پیشەسازییەکانی وەک و ماسی و بەرووبومی دانەوێڵە و کارگەی درووستکردنی چپسی پەتاتە و چەندین پیشەسازیی خۆراکی تر.
لەنێوان ساڵانی 2006-2011 پارێزگای #دهۆک# لە کارگەکانی بچووک و مامناوەندی بە ڕێژەی 13.86% و 10.01٪ بەرزترین ئاستی گەشەی وەبەرهێنانی تۆمار کردبوو لە ساڵی 2015 گەیشتە 22% و 10.59% بەڵام دواتر پارێزگای هەولێر لە ساڵی 2017ئەم پلەیەی بە ڕێژەی2.10% لە کارگەکانی بچووک و پارێزگای دهۆک لە کارگەکانی مامناوەندی بە ڕێژەی 7.8%پلەی تۆمار کرد و شارەکە خاوەن چەنین کارگەی باشە و وەک کارگەی درووستکردنی گۆشتی هەمبەرگر و چەندین بابەتی تر و شاری سلێمانیش بە خاوەنی کارگەی گەورە و مەزن لە قەڵەم درا.
بەپێی ئامارێک لە هەرێمی کوردستان چوار هەزار و 100 کارگەی پیشەسازی هەن کە لەو ژمارەیە 377 کارگەیان تایبەتن بە پیشەسازیی خۆراک کە شەش هەزار و 200 کرێکار کاریان تێدا دەکەن و بەشێک لە پێداویستییەکانی ناوخۆبەخۆراک دابین دەکەن. لە ئامارەکە دەردەکەوێت، پشکی پیشەسازیی خۆراک لە کۆی کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان، 9% تێپەڕی کردووە.
کەرتی چنین بە کۆنترین کەرت دادەنرێت لە هەرێمی کوردستان، کە سەرەتا بە شێوازی سەرەتایی سەری هەڵدابوو و دواتر بەتایبەتیی لە ساڵی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو چەندین کارگە و دامەزراوەی گەورە و مۆدێرن لە هەرێمدا دامەزراوە کە دواتر زۆربەیان بەهۆی نەبوونی کەرەستەی خاو و کۆنیی ئامێرەکان بەشێکیان داخراون. ئەوانیش بریتین لە:
1-کارگەی ڕستن و چنینی خوری لە هەولێر.
2-کارگەی مافووری دەستچن لە هەولێر.
3-کارگەی جلوبەرگی ئامادەکراو لە سلێمانی.
4-کارگەی جلوبەرگی کوردی لە دهۆک.
کەرتی پیشەسازی پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی ناوخۆ. کۆی وەبەرهێنان لە بواری پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان 50.33%ە، کە بەراورد بە بوارەکانی دیکە ڕێژەیەکی بەرزە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی زۆر بۆ ئەو کەسانە دەکات کە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن، بۆ ئەوەی بەرهەمە خۆراکییەکانی ناوخۆ بەکاربهێنرێن بۆ پڕکردەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ.
بەڵام پێویستە ڕێکخستنى گومرگى بۆ هێنانى کەرەستەى خاو بۆ کارگەکان بکریت لەپێناو بەرەوپێش بردنى ئەم کەرتە و هەوڵ بدرێت زیاتر کەڵک لە کەرەستەى خاوى خۆماڵى وەربگیریت کە هەرێمى کوردستان بەشێکى باشى کەرەستەى خاوى بۆ کارگەکان دابین دەکات.
هەرێمی کوردستان ڕۆژبەڕۆژ لە بواری پیشەسازی و گەشەپێدانی بەرهەمی ناوخۆییدا لە گەشەسەندندایە و ژمارەی کارگە پیشەسازییەکان بە قەبارەی بچووک و مامناوەند و گەورە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر دەبێت.[1]