ناونیشانی بابەت: ئەزوەر، دوا هەناسەی لە دایکی بڕی!
ناوی نووسەر: #عەبدوڵڵا کەریم مەحمود#
بۆیادی شەهید ئەزوەری پێشمەرگەی نمونەیی ودایکە مەزنەکەی .
هێزێکی گەورەی سه ربە فەیلەقی یەکی سوپای عێراق ، بە پاڵپشتی تەکنەلۆژیا ی عەسکەری و هێزی ئاسمانی وجاش و چواردەوری ( دۆڵە رووت و دۆڵێ جافایەتی و مەرگە) یان تەنی بوو ، بارەگاکانی سەرکردایەتی ی. ن. ک له و سنوورەدا بوو
لە 21/ 2/ 1988 هیزەکانی سوپای عێراق ، لە سەربازگەی ساردا و کارێزه و مەرگه و دوکان و کۆتەڵەوە ، پەلاماری ناوچە ئازادکراوەکانیان دا .
شەماڵی بەهجەت کابان بۆ دیدەنی دوو هاوڕێ ی ، ئەورۆژە لە یاخسەمەرەوە رووی کردە بووە ، گوندی گویزیلە ی دامێنی چیای ژیلوان .
ئەوشەوە کش و مات بوو ، هیچ پەڵە هەورێک بە ئاسمانەوە نە بوو، بێ دەنگی گوندەکه ودۆڵەکە ی داگرتبوو.
لە دوای نیوەشەوی 25 / 2 / 1988 ، لە ناکاو دەنگی هاژه و تەقینەوەی راجیمە چلی یەکانی کەتیبەی تۆپخانەی حەرەس جمهوری عێراق ، لە کارێزەوە ، ژەهر ی کیمیاویی بەسەر ناوچەکەدا باران .
شەماڵی بەهجەت کابان بە ڕێکەوت ،میوانی ماڵێک بوو ،لە رۆژئاوای گویزیلە ، هیچ بارەگای پێشمەرگه و هیچ رێکخراوێک ،لە ناو ئه و گوندەدا نەبوو.
ئاواییەکە لە باوەشی دۆڵێکی کپ دابوو ، لە ناکاو ساروخەکان رۆژهەڵاتی ئاواییەکەی گرتەوە .
هاوار هاوار ودەنگی گریانی خەڵکی ئاواییەکە ، پڕ بە دۆڵەکه و زنجیرە چیاکان دەنگی دەدایەوە .
شەماڵ بە خێرایی بەره و شوێنی روداوەکە هەنگاو ی نا.
جەستەی ساردوسڕی ئەزوەری هاوڕێ ی وچەند کەسێکی بینی لەسەرزەویەکە کەوتبوون ، کەفێکی سپی سەر لێوەکانیانی گرتبوون.
شەماڵ بە خێرایی ئاگرێکی کردەوە ، زۆر هەوڵیان دا ، هیچ کامیان، هۆشیان بە بەردا نەهاتەوە .
دایکی ئەزوەر، بە حەسرەت و گریانێکی بە کوڵی جەرگ بڕانەوە ، بۆمەرگی کوڕەکەی دەلاوایەوە ، بەدەم هاوار،هاوارەوە ، دەستی نزا ی بۆ ژیلوان و ئاسنگەران بەرز کردەوە .
سەری ، بە سەر سەری کوڕەکەی دا شۆڕکردوە
دوای چەند چرکەیەک ، خامۆشیی وبێ دەنگی ئەویشی گرتەوە ، شەماڵ سەری دایکی لەسەر سنگی ئەزوەر بەرز کردەوە ، ژەهری دوا هەناسەی کورەکەی ، دوا هەناسەی لە دایکی بڕی بوو!. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=