کورد لە بازنەی متمانە بەخۆیی و خۆ دۆڕاندنی کولتووریدا
ئارێز هەورامی
سێکۆ توورە لە دووەمین کۆنگرەی نووسەران و هونەرمەندانی ڕەش پێست لە ڕۆمای ئیتاڵیا، کە ساڵی 1959 بەڕێوەچوو، دەڵێت: بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی ئەفریقادا، تەنیا ئەوە بەس نییە گۆرانییەکی شۆڕشگێڕانە بڵێین، دەبێت شۆڕش لەگەڵ خەڵک لێک گرێ بدەینەوە. ئەگەر شۆڕش لەگەڵ بوونی خەڵک ئاوێتە کەین، ئەوکات گۆرانییەکان بۆ خۆیان لەدایک دەبن. بۆ گەیشتن بەو کردارە ڕاستەقینەیە، ئێوە دەبێت بۆخۆتان بەشێکی زیندوو لە ئەفریقای ڕاستەقینە بن. دەبێت ببنە بەشێک لە بزووتنەوەی گەل، کە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و پێشکەوتن و بەختەوەریی ئەفریقا دەستی داوەتە دەست یەک. لە دەرەوەی ئەو ململانێیە، لە دەرەوەی ئەو مەچەک گرتنە، بۆ هونەرمەندێک کە پەیوەندییەکی لەگەڵ جەماوەری نەتەوەیەک نییە کە خەریکی ململانێیە بۆ ئازادی و ئەفریقا، جێگە و پێگەیەک بوونی نییە.
سێکۆ توورە لە پێشدا و لە شوێنێک کە شیاوێتی ڕوو بە نووسەران و هونەرمەندانی ڕەشی ئەفریقا، کە وڵاتەکانیان دەیان ساڵە لەلایەن داگیرکارانەوە دەچەوسێنەوە، دەڵێت: پێویستە بۆ ئەفریقا و بۆ وڵاتێک کە داگیر کراوە تێبکۆشن.
ئەو تێکۆشانەش هیممەتی بەکۆمەڵی دەوێت و بە تاک ناکرێ. بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین؛ کە ئەوە هەوڵی تاکەکانە کە دواتر بزووتنەوەی جەماوەری ساز دەکا. واتە وڵاتانی داگیرکراو و ستەم لێکراو، لە دووبارەوە دەبێت وردبین بن. هەم ئەوەی پەیوەندیی ڕووناکبیر و نووسەر و هونەرمەند لەگەڵ بەدەنەی کۆمەڵگە دەبێت. پەیوەندییەکی ئۆرگانیک بێ و هەم پەیوەندیی جەماوەر و نیشتمان پەیوەندییەکی دانەبڕوا و پتەو بێ. تەنیا لە دۆخێکی ئاوادایە کە نیشتمانێک دەتوانێت تامی ئازادی بچێژێت و بەختەوەری ببینێت.
ورووژاندنی ئەو باسە بە هۆکارێکی گشتی دەتوانێت بۆ ئێستای هەموو کوردستان و بە هۆکارێکی تایبەتیش دەتوانێت بۆ باشووری کوردستان پێویست و حاشاهەڵنەگر بێ.
ئەگەر لە ڕوانگەی گشتییەوە بڕوانین، دەزانین کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوی پارچەپارچەیە و سەدان ساڵە لەلایەن هێزە ناوچەییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و خەڵکەکەی چەوسێنراونەتەوە و خاکەکەی بەتاڵان چووە. لەو بارەیەوە دەبێت بوترێ بەشێک لە کوردەکان کە هەمیشە زۆرینە بوون، بۆ بەدەست هێنانەوەی ئازادیی خۆیان یان ڕاستەوخۆ هەوڵیان داوە و چوونەتە بەرەکانی شۆڕشەوە، یان ناڕاستەوخۆ یارمەتیدەر بوون و دڵیان لای شۆڕش بووە و لە کەمترین ئاستیدا چاری دوژمنی داگیرکەریان نەویستووە. تاقمێکیش بە زۆر هۆکار کە لە درێژەدا باسی دەکرێت لە بەرانبەر دوژمن و پلانەکانیدا، دەستەوەستان بوون و خۆیان بە دەستەوە داوە. ئەوەی کۆمەڵناسان زۆری لەسەر مکوڕن و پێیان وایە هۆکارەکانی داگەڕانی تاکی ژێر دەستە بەرەو داگیرکەر لە دوو خاڵدا ئاماژەی پێ دەکرێ، یەکەمیان ئەوەیە کەسی داگیر کراو لە بەرانبەر هەیمەنە و توانای ئابووری و فکری و سیاسیی سەردەست و داگیرکەر هەست بە کەم هێزی دەکات و پێی خۆشە ببێتە بەشێک لەو هێز و توانایە و لە لاوازیی نەتەوەییی خۆی دوور کەوێتەوە و تێکەڵ ڕەوتی دەستەڵاتی سەردەست بێ. دووەم، ئاگایانە بۆ وە دەستهێنانی بەرژوەندیی خۆی و لەپێناو دەستەبەر کردنی دەستەڵات بۆ خۆیدا، ڕەگەڵ ئەو ڕەوتەی سەر بە دەستەڵات دەکەوێ.
لە کوردستاندا هەر دوو تاقم لەوانەشمان بووە و هەیە. هەم تاقمێک کە لە بەرانبەر وێنەی خەیاڵی لە داگیرکەر و چەوسێنەری مێژوویی خۆیاندا، خۆیان بە دەستەوە داوە و هەم ئەوانەی بە مەبەستی بەرژەوەندی تێکەڵ کایەکانی سەردەست بوون. ئەو دوو تاقمە چ پەیوەندییەکیان بە پێکهاتەی کۆمەڵگەوە هەیە؟
لە وەڵامی پرسیاری سەرێدا دەتوانین بڵێین هەرچی ڕادە و ژمارەی ئەو دوو تاقمە لە کۆمەڵگەیەکدا ڕوو لە زیاد بوون بکات، ئەو کۆمەڵگەیە بەرەبەرە ڕێگای دەستکاری کردنی شوناسی هەموارتر و بیرازتر دەبێت. ئەویش لە جیهانی ئەوڕۆدا کە جیهانی بەریەک کەوتن و مانەوە و تێداچوونی شوناسەکانە.
ئەگەر هەر جیلێک لە جیلەکانی کۆمەڵگە، میراتی پێشینانی خۆی باش وەرنەگرێت و نوێکارییان تێدا نەکات و ڕایان نەگوێزێ بۆ جیلی داهاتوو، ئەوە بێگومان ئەو واتایەی کە پێی دەگورێ جیهانی کۆمەڵایەتی تووشی لەرزۆک بوون و تەنانەت گۆڕان دێ.
فڕانتس فانوون لەو بارەوە دەڵێت: هەر جیلێک لەنێو تەمومژێکی ڕێژەییدا، دەبێت. ئەرک و ڕیسالەتی خۆی بدۆزێتەوە، بە ئەنجامی بگەیەنێت و یان خیانەتی پێ بکا. لە وڵاتانی پەرە نەگرتوودا، جیلەکانی پێشوو هەم لە بەرانبەر هەوڵ و تەقەللای داگیرکەر بۆ لەبەریەک هەڵوەشاندنی کۆمەڵگەدا خۆڕاگرییان کردووە و هەم یارمەتیی پێگەیاندن و لەخەم ڕسکانی شۆڕشگێڕایەتیی ئەوڕۆی کۆمەڵگەی خۆیان داوە. ئێستا نۆرەی ئێمەیە کە لە بچووک کردنەوەی کردە و بیری پێشینانی خۆمان خۆ ببوێرین و سستی و لاوازیی ئەوان نەخەینە ڕوو. بە واتایەکی دیکە هەم ئەو میراتە بپارێزین هەم ئەگەر کەلێن و کەلەبەری تێدایە پڕی بکەینەوە.
داگیر کەر بە وتەی فانوون لە چەند بۆشاییی ناو سیاسەت و کۆمەڵگەی داگیرکراوەکاندا، کەڵکی پێویستی خۆی وەردەگرێ. بە زەق کردنەوەی کێشە ئابوورییەکان و ڕۆژانە باس کردنیان و خستنەڕووی ناکارامەییی ناوچەیی بۆ چارەسەر کردنیان، متمانە بە خۆییان لێ دەستێنێتەوە و لە لایەکی دیکەوە بە خستەڕووی پلانی ئابووریی وا کە نیشان بدا کلیلی چارەسەرەکان لای ناوەند و داگیرکارە، کارێک دەکات ئەوەی پێی دەوترێت هەستی متمانە و هەستی یەکگرتوویی و یەکریزی، بریندار ببێ و تەنانەت بەرەو لیکترازان بچێ.
لە کۆی پارچەکانی کوردستان ئەوەی تا ئێستا دیومانە، هەموو ڕوویەکانی ئەو سیمایەی تێدا دیارە کە داگیرکەرانی کوردستان هەیانە. لە لایەک بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، بەشی کوردستان لە باری ئابوورییەوە دواکەتووترین بەشە، لە لایەکی دیکەوە وای دەنوێنن کە ئەو دواکەتوویی ئابوورییە گەورەترین مەترسییە لەسەر ژیانی خەڵک و کێشەی سەرەکیی ئەو نەتەوەیەیە کە لەگەڵ سەردەست و ناوەند نایەکگرتوویە. بەشی دووەمی بابەتەکە سەیرتر دەنوێنێ، ئەویش ئەوەیە کە هۆکاری ئەو دووا کەوتووییەش هەر دەگەڕینرێتەوە بۆ خەمساردی و ناکارامەیی و نەتوانین و تەنانەت نەزانینی خەڵکی کوردستان. ئەوەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا، لە هەر چوار بەشەکەی کوردستان ڕووی داوە شتێکی جیا لەوە بە دەستەوە نادا.
بەڵام چون بابەتی سەرەکی ئەو نووسینە باشووری کوردستانە، هەوڵ دەدەم باسەکە هەر لەسەر چەند کێشەی بچووکی کۆمەڵایەتی و کولتووری و کێشەیەکی ئابووری قەبەی ئەوێ چڕ کەمەوە.
ئەو بەشەی کوردستان، تا ئێستا تەنیا بەشی کوردستانە، کە بە درێژاییی مێژوو توانیوێتی حکوومەتێکی سی ساڵە بۆ خۆی دابمەزرێنێ و لەگەڵ یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان تا ڕادەیەک خۆی ڕێکبخا و وەک یاریکەرێکی ناوچەییش لە زۆر دەرفەتدا نیشانی داوە کە دەتوانێت ڕۆڵ ببینێ. بەڵام هەر ئەو بەشە لە کوردستان لە ئێستادا، لە بەردەم کۆمەڵێک کێشەی جیددیی ئابووری و پەروەردەیی و کولتووریدایە.
هەمووی ئەو کێشانەش ڕیشەکەیان لەلایەن سەردەستەکانەوە دەگێڕدرێتەوە سەر ناکارامەییی نەتەوەییی کورد. بۆ وێنە لە بواری ئابووریدا کە بە شێوەیەکی لاوەکی لەو نووسینەدا ئاوڕی لێ دەدرێتەوە، لە دە ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی ناوەند هەوڵی دا بیسەلمێنێ: یەکەم؛ کێشەی سەرەکیی ئەو خەڵکەی لە کوردستان نشتەجێن و بە گشتی کێشەی سەرەکیی خەڵکی باشوور، کێشەی ئابوورییە. لە لایەکی دیکەوە هەم خۆی و هەم بە هاوکاریی هاودەستەکانی لە کوردستان و دەرەوەی کوردستان هەوڵی دا وا بنوێنێت ئەو کێشەیە زیاتر لەوەی ڕیشەی لە سیاسەتە نادادپەراورانەکەی ناوەنددا بێ، ڕێشەی لەناو حکوومەتی کوردیدایە. واتە کێشە ئابوورییەکەش، کێشەیەکە کە هیی ناکارامەییی بەڕێوەبەرانی سیاسەت لە کوردستانە. لایەنێکی ئەو کێشەیە نەوت و سیاسەتی نەوتە. ئەو لایەنە تەنیا بە مەرجێک چارەسەر دەکرێت کە بکەوێتەوە دەستی لایەنی سەردەست و هەموو ڕێگاکان بە بەغدا کۆتاییان پێ بێ. ئەوە ڕێگایەکە لە بواری ئابووریدا سەردەستەکانی کوردستان، بە تایبەت لە باشوور گرتوویانەتە بەر.
دیارە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان کە حکوومەتی کوردی لە ئارادا نییە گرفتەکە بە شێوەیەکی سەیرتر و پێچیاوتر خۆی دەنوێنێ و لەم نووسینەدا باسی ناکەین.
بەڵام لەم نووسینەدا جودا لەو لایەنە باسی لایەنێکی گرینگتر دێنینە ئارا کە کەسانی وەک سیکۆ تۆرە و فرانتس فانوون و ئیدوارد سەعید و هوومی بابا و زۆر نووسەر و فەیلەسووفی دیکە قسەیان لەسەر کردووە، ئەویش بابەتێکە کە هەر سەردەست بۆ بن دەستەکانی دەکاتە ڕۆژەڤ، ئەو بابەتەش چ نییە جگە لە بابەتیکی جێگای مشتومڕی فەیلەسووف و کۆمەڵناسان بە ناوی متمانە بەخۆییی نەتەوەیی و خۆ دۆڕاندنی کولتووری. کە لە بەشی دووەمی ئەو نووسینەدا ئاوری لێ دەدەمەوە و بە هێنانەوەی چەند نموونەی بەرچاو کە بوویتە بابەتی باس و خواسی سۆشیال میدیا و سەرسووڕمانی خەڵکی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو دۆخەش دەخەمە ڕوو. ئەو هۆکارانەش باس دەکەم کە بۆچی خەڵکی باشووری کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان بۆ هەمان بابەتی خۆ دۆڕاندنی کولتووری یەک ئاڕاستەیان نییە.[1]