ناو: ڕەسوڵ
نازناو: جاسەنەیی
ناوی باوک: محەمەد
ساڵی لەدایکبوون: 1937
ڕۆژی شەهیدبوون: #08-12-1987#
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #جاسەنە#
شوێنی شەهیدبوون: گوندی #مەرگە#
$ژیاننامە$
ناوی تەواوی (ڕەسوڵ محەمەد حەسەن)ە ساڵى 1937 لە گوندى جاسەنەی سەربە شارۆچکەى #دوکان# لە خێزانێکی جووتیار لە دایک بووه، هەر لە هەرزەکارییەوە کوردایەتی تێکەڵ بە خوێنی دەبێت و لە ساڵى 1961 پەیوەندى دەکات بە ڕێکخستنەکانى پارتىییەوە/باڵى مەکتەبى سیاسیی.
لەبەر دڵسۆزى بەرانبەر بەو ئەرکانەی کەپێی سپێردرابوو لە کاروباری ڕێکخستندا، زیندانى دەکرێت و ئەشکەنجە دەدرێت...
هەر بۆیە لە ساڵی 1963 لە بەرانبەر دڵسۆزی و بوێری و چاونەترسی بەرانبەر بە نەیارانی، هەڤاڵ (مام جلال) پاداشتى دەکات و دەمانچەکەى قەدی خۆی پێشکەش دەکات.
دواتر ساڵی 1965 دەبێتە پیشمەرگە لە هێزەکەى هەڤاڵ (مام جلال) و پلەى لێپرسراوێتى پێ دەسپێرێت.
پاشان له سەرەتای درووست بوونی کۆمەڵەی مارکسی لینینی لە ساڵی 1971وە پەیوەندى دەکات بە ڕێکخستنەکانى کۆمەڵەوە.
لە ساڵی 1972 شەرەفی ئەندامێتی کۆمەڵەی پێ دەسپێردرێت، لە ناوچەى دوکان و شارى #سلێمانى# و شارى #کەرکووک# سەرپەرشتی چەند شانەیەکی نهێنی دەکات.
لە 1974 دووبارە دەبێتەوە بە پێشمەرگە و دەکرێت بە جێگرى لق لە ناوچەى سەرکردایەتى ئەوکات و هەر لە هەمان ساڵدا لە #ڕانیە# لە کێوەڕەش لە شەڕێکی سەخت دژ بە ڕژێمی #بەعس# بەسەختی بریندار دەبێت بۆ چارەسەرکردن ڕەوانەى نەخۆشخانەکانى ئێران دەکرێت.
دوای نسکۆی ساڵى 1975 دووردەخرێتەوە بۆ خوارووى ئێراق، بەڵام دەست لە کارى ڕێکخراوەیى هەڵناگرێت و بەردەوام دەبێت لە کارەکانى تا ساڵی 1976 دەگەڕێتەوە بۆ شاری سلێمانی، زیاتر پەرە بە ڕێکخستنەکانى کۆمەڵه دەدات وە چەندین کەسی چالاک و لێهاتوو دەهێنێتە ناو ڕێکخراوی سلێمانییەوە.
لەبەر بەربڵاوی لە کارەکانی ناو ڕێکخراوی سلێمانیدا، پیاوەکانی بەعس چاودێری وردی دەخەنە سەر و هەوڵی دەستگیرکردنی دەدەن بۆیە لە سەرەتای ساڵى1979وە پەیوەندى دەکات بە هێزى پێشمەرگەى کوردستانەوە لە هەرێمى چوار لەگەڵ شەهید #جەمال عەلی باپیر#، پاشان پلەى فەرماندەى مەفرەزەى پێ دەبەخشرێت.
ئەندامى هەر سێ کۆنفرانسەکانى کۆمەڵەى ڕەنجدەرانى کوردستان بووە. بەشداری شەڕەکانی ئەو کاتە و مەفرەزەکانی ناو شاری سلێمانی کردووە.
لە ساڵی 1982 بەشدارى لە شەڕى کوردستانى ڕۆژهەڵات دەکات و لە بەرانبەر جوامێری و بەجێ گەیاندنی ئەرکی سەرشانی وەک فەرماندەیەکی ئازا و کەسێکی بەئەزموون، هەڤاڵ (مام جلال) کلێتەکەی سەرى خۆى پێشکەش دەکات وە پلەى جێگرى کەرتى پێ دەبەخشێت.
وە هەر لەگەڵ دامەزراندنى مەڵبەندەکاندا دەکرێت بە فەرماندەى کەرت لە تیپی 47ی پیرەمەگرون.
پاشان وەک جێگری تیپ لە تیپى مەڵبەندى دوو بەردەوام دەبێت، کادرێکى بەرچاوى ناوچەکە بووە و لەلایەن هەڤاڵانى سەرکردایەتى و بە تایبەتى هەڤاڵ (#مام جەلال#)ەوە شوێن و پێگەى تایبەتى هەبووە. خۆشەویستى خەڵکى ناوچەکە بووە.
دواتر ساڵی 1986 بۆ پاراستی ناوچەی سەرکردایەتی وە زیاتر پتەوکردنی سنوورەکە، وەک فەرماندەی کەرتی 8ی تیپی مەڵبەند دەنێردرێتە گوندی قامچوغە بۆ پارێزگاری کردن لە سنووری سەرکردایەتی چونکە ئەو گوندە شوێنێکی ستراتیجی بوو، وە هێڵی بەستنەوەی سەرکردایەتی بوو بە ناوچەکانی تر وەک #هەولێر# و کەرکووک...
هەر بۆیە ڕژێم زۆر هەوڵی دەدا کە دەست بگرێت بەسەر ئەو گوندەدا و ئەو ڕێگەیە ببڕێت، لە مانگی هەشتی ساڵی 1987 ڕژێم هێرش دەکاتە سەر گوندی تەلان و قەمچوغە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی، بەڵام پێشمەرگەکانی کەرتی 8 بە فەرماندەیی شەهید ڕەسوڵ بەگژ ئەو هێرشەدا دەچنەوە و زیانێکی زۆر بەهێزی دوژمن دەگەیەنن، تا ناو مۆڵگەکانیان لەناو شەریکەی ئاوی قەشقۆڵی ڕاویان دەنێن. لە بەرانبەر ئەم تێکشکاندنەی دوژمندا ڕۆژانە زۆر بە چڕی تۆپبارانی گوندەکە دەکات چەندین کەس بریندار دەبێت.
تا دواجار لە #15-08-1987# شەهید ڕەسوڵ لەو بۆردومانەدا بەسەختى بریندار دەکرێت و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شۆڕش دەکرێت لە بەرگەڵوو، زیاتر لە سێ مانگ لەژێر چاودێری وردی پزیشکەکاندا دەمێنێتەوە، لە کاتی کیمیاباران کردنی گوندی بەرگەڵوو دووبارە بەبرینداری بەر گازی کیمیایی دەکەوێت، بەهۆی نەبوونی چارەسەری پێویست سەرکردایەتی بڕیار دەدات کە ڕەوانەی دەرەوە بکرێت بۆ چارەسەر بەڵام لەبەر سەختی برینەکەی لە #08-12-1987# لە نزیک گوندی مەرگە شەهید دەبێت. پاش خەباتێکى بەردەوامى بێ وچانى 25 ساڵە و پێگەیاندنى چەندین کادر و پێشمەرگەى ئازا و دڵسۆز بۆ کورد و کوردستان، دواجار ماڵاوایی کرد و گەیشتە کاروانی شەهیدانی هەرگیز لە یادنەچووی گەلەکەمان. [1]
=KTML_Link_Facebook_Begin=https://www.facebook.com/profile.php?id=100063840078604=KTML_Link_Facebook_Between=هەژماری ڕەسوڵ حەمەزێڕ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک=KTML_Link_Facebook_End=