دیسان #هەڵەبجە# و زامەکانی
#سۆزان سەعید#
$پێشەکی$
دووبارە 16ی سێ یەکی دیکە هات و یادکردنەوەی دیارترین کارەساتی نەتەوەیی و کۆستی کورد خەریکە دادێت، من وەکوو ژنێک و هاوکات وەکوو ڕۆژنامەنووسیش هیچکات لە خەمخواردن و پەژارە لە کاتی بۆنە و یادکردنەوەی ئەم کۆستەدا سڵم نەکردووە و ناپرینگێمەوە و بگرە بە شێوەیەک لە شێوەکان خەمخواردن بۆ هەڵەبجە جۆرێک سوکناییشم پێ دەبخشێت، هێندەش کە لە هۆکارەکانی لەناو خۆمدا گەڕاوم بەو ئەنجامە گەیشتووم کە لەبەر ئەوەی شتێکی ئەوتۆم وەکوو تاکێکی کورد لە هەمبەر ئەم کۆستە گەورەیەدا لە دەست نایەت بەم شێوەیە باری شانی خۆم سووک دەکەم، من دڵنیام ئەم دۆخە دەروونی-کۆمەڵایەتییە دۆخی بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییان و تاکی کوردە، کاتێک دەڵیم تاکی کورد بە دڵنیاییەوە بەتەنیا باسم لەسەر باشووری کوردستان نییە بەڵکوو باسی ڕۆژهەڵاتیش دەکەم، چونکە بەشێک لە هاوڕێیان و خزمانی من ڕۆژهەڵاتین و تا ئەو شوێنەی (تەعامولم) لەگەڵیان هەبووە و هەیە لەم دۆخی خەمخۆرانە و پەرۆشانەیەیان بۆ هەڵەبجە بەباشی تێگەیشتووم، هەندێکجار وام هەست کردووە ئەوان لە ڕووی دەروونی و شوناسەوە زیاتر لە ئێمەی باشووری خەمی هەڵەبجە دەخۆن.
هەر ئێستا کە من ئەم بابەتە دەنووسم ئاگادار کرامەوە کە لە 13ی سێ وە چەند چالاکێکی مەدەنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێوەیەکی ڕەمزیی ڕێپێوانیان بەرەو هەڵەبجە دەستپێکردووە، تاکوو بە درێژایی بڕینی ئەو ڕێگا دوورودرێژە بە یادی خۆیان و دەوەن و دار و بەردی کوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات بهێننەوە کە هەڵەبجە زامەکانی ساڕیژ نەبووە و قەتیش لە بیری ناکەین واتە ناهێڵین لەبیر بچێت، بەم هۆیە و دەیان هۆی دیکەیە کە دەڵێم ڕۆژهەڵات زۆر بەپەرۆش و خەمخۆر بووە بۆ ئێمە و ئێستاش هەر وایە. بەڵام لەپاڵ ئەم کێشمەکێشە دەروونیانەمدا بە نیسبەت هەڵەبجەوە بەردەوام بیریشم لەم پرسیارە کردووەتەوە کە ئایا دەبێت من تەنیا بەم دۆخە خەمخۆرانەوە خوو بگرم و بەمەوە (قەناعەت) بکەم کە هەر ئەمەم لە دەست دێت بۆ ڕێزلێنانێکی ڕەمزی و شکۆ بەخشیی بە زامەکانی هەڵەبجە یان دەتوانم بە کاری دیکەش هەستم؟ دیارە هەر زووش وەڵامی ئەم پرسیارەم دەدەمەوە و دەزانم ئەمە سەرەتای ئەو ڕێزلێنانە ڕەمزییەی من و هەر کام لە ئێمە بەو دۆخە هاوبەشەی خەمخۆرییە بۆ هەڵەبجەی زامدار و شکۆدار بەڵام تا کۆتایی زۆرمان ڕێگا لە بەردەم دایە، بۆ بینینەوەی ئەو ئاسۆ ڕووناکەش دەبێت لە بنەوە بە باسی هەڵەبجە و ئازارەکانی و ئەو هاوکێشەیەی کە ئێستا تێیدا دەژی بچینەوە.
$هەڵەبجە و چەند پرسیارێک لە خۆمان و مرۆڤایەتی$
ئەگەرچی بەپێی وتار و هەڵوێست و لێدوان بێت لەسەر هەڵەبجە زۆر شت وتراوە و زۆر ڕێوڕەسمیش بەڕێوەچووە و کورد بەپێی توانای خۆی هەوڵی یادکردنەوەی وەکوو برینێکی بەکۆمەڵ لە زەین و خەیاڵی کۆمەڵگەی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان داوه، بەڵام لە ڕاستیدا جیاواز لەوەی کە ئەو برینە چەندە قووڵ و ساڕێژ هەڵنەگرە هەمیشە ئەو ئەگەرە لە بەردەمماندا هەیە کە دیسان لەسەر هەڵەبجە و سوێی ئازارەکانی بدوێین. یەکێک لەو بابەتانە ئەمەیە کە بۆچی هەڵەبجە لە ئاستی دونیادا بەڕادەی هیرۆشیما و ناکازاکی نەناسراوە؟ ڕاستە یابانییەکان لای خۆیان هەڵەبجە و تەنانەت شاری #سەردەشت#یش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هەر بەهۆی #بەعس#ییەکانەوە کیمیاباران کرا وەکوو دەستە خوشکانی هیرۆشیما و ناکازاکی لە ئازار و بریندا دەناسێنن و ناوی دەبەن، بەڵام لە ڕاستیدا نە هەڵەبجە و نە سەردەشت هیچ کامەیان وەکوو ئەو دوو شارەی یابان لە ئاستی جیهاندا نەناسران و هێندەی ئەو دوو شارەش سەرنجیان بۆ ئازار و برینەکانی نەتەوەکەیان ڕانەکێشاوە.
بەشێک لەم سەرنەکوتنەی هاوارکردنی ئازارەکانی هەڵەبجە دەگەڕێتەوە بۆ دۆزی کورد کە بە تەواوەتی لەلایەن تێرم و وتارە سیاسییە توتالیتار و ڕەهاخوازەکانەوە گەمارۆ دراوە. واتە پاش پەیمانی لۆزان و سەعدئاباد و هەموو ئەو پەیمانانەی کە بە نهێنی و ڕاشکاو لەنێوان چوار وڵاتی ئێران، تورکیا، ئێراق و سووریا و هەندێک لە هاوپەیمانە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکانیان مۆر کراوە، هەموو پلانەکان هەوڵدان بووە بۆ جێگیر کردنی ئەم کۆڵەکەیە کە ناوی کورد و کوردستان و خوێن و مەرگەساتەکانی لەناو جوگرافیای هەر کام لە وڵاتەکاندا بمێنێتەوە و وەکوو بابەتێکی نێوخۆیی وڵاتەکان چاویان لێ بکرێت، لە ڕاستیدا ئەمە سیاسەتێکە کە ئەم چوار دەوڵەتە پشتگیری بوونە و تا ئاستێکیش بەهۆی هەبوونی سەرمایە و میدیا و لۆبی و دیپلۆماسییەتی فەرمییەوە تێیدا سەرکەوتوو بوون. ئەم هەژموونییەی وڵاتانی ناوچەکە دەرخەری دوو ئاست لە ئاکار و ئەخلاقی زاڵی سەردەمە کە لە ڕاستیدا بەر لەوەی ئەخلاق بێت بێ ئەخلاقییە، بەڵام چونکە هەژموونییەکی لێ درووستکراوە وەکوو کردە و ئاکارێکی باو لە ڕێگەی میدیای زەبەلاح و لێدوان و وتاری زل و قەبەوە بڵاوی دەکەنەوە و لەناو ڕای گشتیی خەڵکی جیهاندا ئاوا جێگیری دەکەن کە گوایە ئەم بابەتە لە دەرەوەی یاساکانی دەربەستی و پابەندیی یاسایی ئەواندایە.
لە ڕاستیدا بەر لە هەر شتێک و پەیوەست بە هەڵەبجەوە دەبێت کۆی مرۆڤایەتی وەڵامدەرەوە بێت، ئەمەی کە مرۆڤایەتی وەڵامدەرەوە نییە و نابێت و نەیتوانیوە قووڵایی ئازارەکانی مرۆڤی کورد لە برینی هەڵەبجەدا بپێوێت نیشاندەری ئەوەیە ئەو هێزانەی کە بەناو نوێنەرایەتیی سیاسی و بەڕێوەبەرایەتیی جیهانگیری مرۆڤایەتیی دەکەن یان ڕۆحێکی مرۆڤانەیان نییە یان لە ڕاستیدا هەر ئاوێنەی خودی مرۆڤایەتین، بەڵام بە بارە دڵڕەقانە و شەڕئامێزەکەیدا و بەم شێوەیەش دەبێت بڵێین مرۆڤایەتی یانی سیاسەتکردن لە دەرەوەی یاساکانی ئەخلاق و ڕەوشت. یانی چاونووقان بەسەر برینی مرۆڤ بەپێی بەرژەوەندی و لەناو کەوانەی قازانج و زیانی خۆت. باشە ئەگەر پێوەرەکە ئەمەیە ئەوا ئەو سیستەم و دەزگا سیاسی و میدیاییەی جیهان کە ئاوەها ڕێچکەیەیکی سیاسی پراکتیزە دەکەن چ جیاوازییەکیان هەیە لەگەڵ سەدام حسێن و بەعس و مەکینە مرۆڤکوژ و میدیا توتالیتارەکەیدا؟ ئایا هەر ئەمەی کە مرۆڤایەتی بەشێوەی ڕاستەوخۆ بەشدار نەبوون لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا یانی ئەوان بێ گوناهن و سووچیان نییه؟ یانی چونکە ئەوان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و لە ڕێگەی بازرگانێکی هۆڵەندی یان هاووڵاتییانی ئەورووپی و زانستی ڕۆژاواییەوە مایەی ژەهرخوارکردن و کیمیابارانکردنی نەتەوەیەکیان فەراهەم کردووە ئەوا ئیتر ئەوان تاوانبار نین و تەنیا کەسابەت و بازرگانیی خۆیان ڕاپەڕاندووە؟ یان چونکە لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕدا وێنە و ئامار و ڕاپۆرت و گوزارشتیان لە برینەکانی هەڵەبجە بڵاو کردەوە ئیتر ئەم ڕۆڵە دژەمرۆڤانە و شەڕانییەیان لەسەر شانۆی حەقیقەتخوازیی مێژوودا نەدیو دەگیرێت و لە ئەهریمەنێکی ڕەشەوە دەبن بە فریشتەیەکی سپی؟
من پێم وایە ئێمە هەمیشە دەبێت ئەمە بە بیر خۆماندا بهێنینەوە کە کاتێک کارەساتی هەڵەبجە ڕوویدا جگە لە یەک دوو هەواڵ و ڕاپۆرت، سەر لە بەری ئەوانەی دیکە کە بە حیسابی خۆیان هێرشیان دەکردە سەر ڕژێمی سەدام بەم زایەڵە دژە کوردانەوە (وشیارانە یان ناوشیارانە، کە من پێم وایە زۆربەی زۆریان وشیارانە و بەپیی بەرژەوەندیی سیاسی، بازرگانی و ئەمنی قەومی وڵاتانی خۆیان بوو) دەیانوت کە بۆچی سەدام وای لە خەڵکی خۆی کردووە؟ نازانم ئێمە چۆن دەبێت بۆیان ڕوونمان بکردایەتەوە یان ئێستەش ڕوونی بکەینەوە کە ئەی هاوار ئێمە خەڵکی ئێراق نین و هاووڵاتی سیستەمی سیاسیی بەعس و سەدام نین، بەڵکوو کوردین و لەسەر خاکی کوردستان و بەهۆی ڕێک کوردبوونمانەوە کیمیاباران و قڕ کراوین، بۆیە دەبێت بڵێم ئەو تێڕوانین و پرسیارە بەڕواڵەت مرۆڤدۆستانەیە کە لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤی ئەو کاتیش لە ئەورووپا و ئەمریکا دووپات کرایەوە و دەیوت سەدام بۆ وای لە خەڵک و هاووڵاتییانی خۆی کردووه، لە مێنتاڵیتە و ڕوانگەیەکەوە هەڵدەقوڵێت کە لە دوو حاڵەت بەدەر نییە یەکەم نەزان و گەمژەن و دووەم فێڵباز و دووڕوون، بەپێی مێژووناسیی ڕۆژاوایی و ڕۆژهەڵاتییەکانیش کورد یەکێک لە کۆنترین دانیشتووانی ڕەسەنی ناوچەکە و بگرە دامەزرێنەری شارستانێتی لە ناوچەی نێوان دوو ڕووباران یان مێزۆپۆتامیا بووە و ڕۆڵێکی گەورەی لە مێژووی کەونارادا هەبووە و تا ئێستاش بۆ پارێزگاری لە خاک و گیان و نیشتمانی خۆی خەبات دەکات، بەپێی ئەم گێڕانەوە زاڵە لە مێژووی ئێمە دەبێت پەیوەست بە هەڵەبجە بپرسین لە کەیەوە کورد خۆی بە ئەویدییەکی وەکوو فارس و تورک و عەرەب زانیوە تاکوو وەکوو بەشێک لەوان هەژمار کرێت؟ خەڵکی هەڵەبجە بە خەڵکی ئێراق و هاووڵاتی سەدام ناو ببرێت؟
لە ڕاستیدا ئەمە کایەیەکی نەزمی جیهانییە کە نەتەوە بێدەسەڵاتەکان بە دەستییەوە گیرۆدەن و پێوەی دەتلێنەوە، لە فەلسەفەی ئەخلاقدا باسێک لەژێر ناوی یاسا و ئەخلاقدا هەیە و تێڕوانینە ژیرانە و ئاقڵانەکە دەگات بەم ئەنجامە کە دەبێت ویژدان یاسا بێت نەک یاسا ویژدان! بە بەیاسادانانی ویژدان ئەو ئەگەرە لە بەردەم ئێمەیا دەهێڵێتەوە کە لە یاساکان کە مەرج نییە ویژدانیان تێدا بێت یان با بڵێین مەرج نییە بەپێی ویژدان ئیشی پێ بکرێت، لابدەین و ئازارەکانمان لە کڵاڕۆژنەیەکەوە هاوار بکەین کە دڵی ستەمکار و هاوبەش و شەریک و هاوپەیمانەکانی بلەرزێنێت، خەوی خۆشیان لێ بکات بە شەوە و مۆتەکەی هەناسە بڕ، ئەگەرچی کورد وەکوو خۆی لەم بوارەدا و لەم دەنگ هەڵبڕینەدا ڕەخنەی لەسەرە و کەموکووڕی زۆرە بەڵام ستەمکاران و زاڵمانی ئەم ڕووداو و کوردقڕانە نەک دوو کۆمپانی یان دوو وڵات یان تەنیا حیزبی بەعس و سەدام بن بەڵکوو دوای سەدام و بەعس و سەرچاوە مەعنەوییەکانی بیرە فاشییەکەی، هەموو ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتن، بە بێدەنگییان، بە چەواشە گێڕانەوەیان و چەواشە ڕووماڵکردنیان، زامی هەڵەبجە زامی کورد بوونە، زامی مێژوویەکی کەونارایە کە بە دەستی شارستانییەتی ئاسن و چەکی ژەهراوی و دڕندەیی سەردەم لەژێر دەمامکی پێشکەوتن و یاساتەوەریدا هەر ساڵە و دەکولێتەوە، هەڵەبجە زامی کوردبوونە کە بە خەیانەتێکی مێژوویی هەخامەنەشییەکان ئیمپراتۆریای بەهێزی دونیای کۆنی لێ سەندرایەوە و تا ئێستە لەسەر زێدی باب و باپیرانی ستەمی لێ دەکرێت و زایەڵەی تەنیاوتەنیا لە چۆڵەوانییەکانی ویژدانی مرۆڤایەتیی سەردەمدا دەنگ دەداتەوە، جگە لە خۆمان کێ دەیبیستێ؟ جگە لە خۆمان کێ دەتوانێت مرۆڤایەتیی دادگایی بکاتەوە؟[1]