بەربژێری پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بۆ سەرۆکایەتیی گەورە شارەوانیی مێردین دەڵێت تورکیا لە سەردەمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دا زۆر هەنگاوی ناوە و لەگەڵ هاتنی سەرۆککۆمارمان، هیچ بەربەستێک لە بەردەم برا کوردەکانمان نەما بۆ ئەوەی لەگەڵ کەلتوور، زمان و کەلەپووری کوردی بژین.
عەبدوڵڵا ئەرین، بەربژێری ئاکپارتی دەسەڵاتداری تورکیا بۆ سەرۆکایەتیی گەورە شارەوانیی مێردین لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (ڕووداوی ئەمڕۆ)ی تۆڕی میدیایی ڕووداو دا کە نوێنەر فاتیح لە شاری #مێردین# پێشکەشی کرد، ڕایگەیاند، لەو کاتەوەی لە سەرەتای ئەم سەتەیەوە پارتی داد و گەشەپێدان بووەتە دەسەڵاتداری تورکیا، زۆر هەنگاوی بە ئاڕاستەی نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەلی کورد ناوە و وتی لێرە لە مێردین زانکۆی ئارتوکلو هەیە. لەو زانکۆیەدا بەشی کوردولۆژیمان هەیە و خوێندکارەکان لەژێر چاودێریی مامۆستا پسپۆڕەکان دا فێری مێژوو، زمان، وێژە و هونەری کوردی دەبن.
سەبارەت بە قوتابییان لە قۆناخی بنەڕەتی، عەبدوڵڵا ئەرین وتی منداڵەکانمان دەتوانن وانەی کوردی وەک وانەیەکی بژاردە هەڵبژێرن.
ئاکپارتی لە مێردین ڕکابەری سەرەکیی دەم پارتییە و، بەپێی ڕاپرسییەکان دەنگەکانی ئاکپارتی 32 و دەنگەکانی دەم پارتی 56 لەسەتە. دەم پارتی، ئەحمەد تورک و دەڤریم دەمیری بۆ هاوسەرۆکایەتی شارەوانی مێردین بەربژێر کردوون.
عەبدوڵڵا ئەرین، کە باوکی کوردە و دایکی عەرەبە، بە تورکی وەڵامی پرسیارەکانی ڕووداوی دایەوە و، لەبارەی ڕکابەرایەتییەکەیان لەگەڵ دەم پارتیش قسەی بۆ ڕووداو کرد.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
ڕووداو: بەڕێز عەبدوڵڵا ئەرین، پێشتر تۆ پارێزگاری سەمسوور و ڕووها بوویت. تۆ کەسێکی تەکنۆکراتی و ماوەی سێ ساڵیش ڕاوێژکاری وەزیری ناوخۆی تورکیا بوویت. بەڵێنەکانتان بۆ خەڵکی مێردین چین؟
عەبدوڵڵا ئەرین: دوای پارێزگاری ئورفا، سەرۆککۆمارمان بە گونجاوی زانی کە ببمە بەربژێری سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی مێردین. پڕۆژە و بەرنامەکانمان چی بن، بۆ خەڵکی خۆمان ڕایان دەگەیێنین. بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان خێراتر گەشە بکات و بەرەوپێشەوە بڕوات و ئەو کەموکووڕیانەی هەن چارەسەر بکرێن، سەرەتا دەمانەوێت لە مێردین و ناوچەکانی زیاتر کار بکەین. ئێوە دەزانن لە مێردین کولتوور و خاوەن بیروباوەڕی جیاواز دەژین؛ کولتووری جیاواز هەن، شوێنکەوتەی ئایینی جیاواز و بیروباوەڕی جیاواز هەن؛ کەسانێک لە نەتەوەی جیاواز لەم خاکەدا پێکەوە دەژین. باوکم کوردە، دایکم عەرەبە، هەموو گەنجێتیم لەنێو ئەو فڕەرەنگییە کولتوورییەدا بەسەربرد. لەپێناو پاراستنی ئەم فرەڕەنگییەدا بەبێ ئەوەی هیچ جیاکارییەک لەنێوان خەڵکی ئێمەدا هەبێت، بەڕێکەوتین.
زانیاریی تەواومان لەبارەی شارەکەمان هەیە، کەموکوورتییەکانی دەزانین، ئەوەش دەزانین ئەو کەموکوورتیانە چۆن چارەسەر دەکرێن و لەم بوارەشدا ئەزموونمان هەیە. لەوانەیە ئەو پرسیارەم لێ بکرێت؛ تۆ کە پارێزگار بوویت، بۆچی داوای سەرۆکایەتیی شارەوانی دەکەیت؟ یەکەم لەپێناو خودا و دووەمیش بۆ ئەوەی بتوانم خزمەتی ئەو شارە بکەم کە تێیدا لەدایکبووم و زۆر کەموکوورتی تێدایە.
لە مێردین لە دوای 1ی نیسانەوە 470 پڕۆژەمان دەبن. لەو نووسراوەی لە دەستی ئێوەشدا هەیە، نێوەڕۆکی ئەو پڕۆژانە هەن. 10 ناوچە هەن و لە هەر ناوچەیەک ژمارەی پلاکی مێردین 47ە، بۆ هەر ناوچەیەک بەڵێنی جێبەجێکردنی 47 پڕۆژەی نوێ دەدەم. ئێمە سیاسەتی خزمەتکردن جێبەجێ دەکەین. ئەمە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانە و بۆ ئەوەش بژاردەی ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی هەڵنابژێرین. لەم وڵاتەدا هەموومان خوشک و براین، هەزاران ساڵە بەوشێوەیە بووە. برا کوردەکانمان برای ئێمەن لە ماف دا و ئەوانیش وەک تورکەکان خاوەنی مافی یەکسانن. هەموویان پێکەوە خاوەنی تاپۆی ئەم وڵاتەن. ئێمە سیاسەت لەسەر بنەمای ناسنامە ناکەین. ئەو سیاسەتەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەسەر بنەمای ئیتنی کراوە، زیانی بۆ برا کوردەکانمان زیاد بووە و ئەوەمان پێکەوە ئەزموون کردووە.
ڕووداو: ڕکابەرتان لێرە دەم پارتییە. بڕواتان بەوە هەیە دەتوانن سەرکەوتن بەسەر دەم پارتیدا بەدەستبهێنن؟ ئەوان بەربژێرەکەیان بەهێزە و پێشتر دوو جار بووەتە سەرۆک شارەوانی. ئایا ئێوە سەرکەوتن بەدەستدێنن؟
عەبدوڵڵا ئەرین: بەڵێ، جیاوازییەک هەیە، بەڵام هاووڵاتییان تاقیان کردەوە. بۆ ماوەیەکیش شارەوانییان بەڕێوەبرد. بە برا کوردەکانمان و هەموو خەڵکی دەڵێم، ئایا تاوەکوو ئەمڕۆ بۆ ژنان، بۆ گەنجان، بۆ کشتوکاڵ، بۆ پیشەسازی و بازرگانی و پێشکەوتن و بەرەو پێشبردنی شارەکە، پڕۆژەیەک و خزمەتێکیان هەبووە؟ نەبووە. بەڵام ئێمە دەڵێین، ئێمە خزمەت دەکەین. بێگومان کەموکوورتی هەیە و ئێمەش نایهێڵێن؛ بەڵینەکانمان جێبەجێ دەکەین. سیستمێک کە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و یەکسان مامەڵە بکات، دادەمەزرێنین. ئێمە جیاوازی ناکەین، هەر کەسێک چۆن دەیەوێت با بەوشێوەیە بژی. کۆمەڵگە ئەو کاتە جوان دەبێت. پێویستە مرۆڤەکان بەشێوەیەکی جیاواز بیربکەنەوە، چونکە ئەگەر هەموویان وەک یەک بیربکەنەوە، ئەوە نابێت. ڕێز لە هەموو ڕەنگەکان دەگرین و ئەوەی بۆ مێردینیش پێویستە ئەوەیە. ئێمە دەڵێین، ئەوانەی پێشتر هەڵتانبژاردوون و تاقیتان کردوونەتەوە، دووبارە تاقییان مەکەنەوە، چونکە هیچ ئەنجامێکی نابێت. شارەکانی دیکە خێرا پێش دەکەون، بەڵام ئەو شتەی کە بووەتە هۆکار مێردین لەنێو کێشەکانیدا بخنکێت، ئەو هۆکارەیە.
پێویستە ئیدی بژاردەیەک هەبێت. کارەکە ڕادەستی ئەو کەسە بکرێت کە لێی تێدەگات. ئەوە لۆژیکی و ڕاستە. وانییە؟ خوداش واناڵێت؟ دەڵێت: کارەکە لێبگەڕین بۆ خاوەن کارەکە.
ڕووداو: دوا پرسیارم، ئەگەر ئێوە لە هەڵبژاردن دا سەرکەوتن و ببنە سەرۆکی شارەوانی، ئایا پڕۆژە و پلانتان بۆ زمانی کوردی، کولتووری کوردی و چالاکییە کوردییەکان دەبێت؟
عەبدوڵڵا ئەرین: سەبارەت بە کوردی، بە هاتنی سەرۆککۆمارمان، هیچ بەربەستێک لە بەردەم برا کوردەکانمان نەما بۆ ئەوەی لەگەڵ کولتوور، زمان و کەلەپووری کوردی بژین. پێویستە ئەمە ببینرێت. بەڵێ ئەو شتە پێشتر هەبوو، لە تورکیای پێشوودا هەبوو. بۆ ئەوەی بمتوانیایە گوێ لە کاسێتەکانی #شڤان پەروەر# بگرم، دەمشاردنەوە؛ بەڵام ئەو سەردەمەمان تێپەڕاند. ئەوە لە تورکیای جاران دا بوو و لەوەی ئێستادا نییە. لێرە زانکۆی ئارتوکلو هەیە؛ لەو زانکۆیە بەشی کوردولۆژیمان هەیە، لێرە خوێندن بە زمانی کوردی هەیە. لە خوێندنی باڵادا خوێندکاران و گەنجەکانمان ئەوانەی دەیانەوێت، لەژێر چاودێریی مامۆستا پسپۆڕەکان فێری مێژوو، زمان، وێژە و هونەری کوردی دەبن. سەیربکەن، لە قوتابخانەکاندا لەگەڵ زمانە بیانییەکانی دیکە وەک عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسی، منداڵەکانمان دەتوانن وانەی کوردی وەک وانەیەکی بژاردە هەڵبژێرن. هیچ بەربەستێک لە بەردەم ئەوەدا نییە. لە قوتابخانەکان و زانکۆکان، ڕۆڵەکانمان ئەوانەی دەیانەوێت کوردی فێر ببن، فێر دەبن. لە هەر شوێنێک، بۆ ئەوەی بایەخی زیاتر بە زمانی کوردی بدرێت، کۆرس دەکرێتەوە و هیچ بەربەستێک لە بەردەمیاندا نییە.
ئەمڕۆ لە مێردین یان لە هەر شوێنێکی دیکەی تورکیا، ئەگەر کەسێک تورکی نەزانێت و بیەوێت بە کوردی باسی کێشەکەی خۆی بکات، هیچ بەربەستێک لە بەردەمیدا نییە. ئەو بەربەستانە لە تورکیای پێشوودا بەجێمان و لە تورکیای ئێستادا نابیندرێن. هیچ کەسێک بەهۆی ئەوەی کوردە، ڕووبەڕووی جیاکاری نابێتەوە و شتێکی لەو جۆرە نەماوە. شتێک کە نییە، پێم بڵێن منیش ئەوکات دەڵێم بەڵێ ڕاستە و پێویستە کاری لەسەر بکرێت، بەڵام دۆخێکی لەم شێوەیە نییە. من وەک کوردێک دەمەوێت بڵێم، هەندێک کەس بە مەبەست ئاژاوە دەخەنە نێوان کورد و تورکەوە. وەک کوردێک قوتابخانەی ئامادەییم تەواوکردووە، دواتر چوومەتە زانکۆ و بوومە سەرۆک شارەوانی.[1]