ئەندام جەبار
بانگبێژێک لە #هەریر# بە زمانی کوردی کەباری پارشێوان دەکات و شێوازی کەبارکردنەکەی لە شارەکە و سۆشیاڵ میدیاش دەنگی داوەتەوە.
هەنگاو هەڵدێنێ بۆ ئەوەی بە دەنگ و سەداکەی بۆ پارشێوێکی دیکە هاونیشتمانییانی هەریر بەخەبەربێنتەوە.
کامەران قادر، بانگبێژی مزگەوتی گەورەی هەریرە، جیاواز لە بانگبێژانی دیکە، بە زمانی کوردی کەبار دەکات.
کامەران قادر دەڵێت: لە سێ ساڵ پێش ئێستاوە لەو مزگەوتە کەباری پارشێو و ئیمساک دەکەم، هەر بەخۆم بیرم لەوە کردەوە بە کوردی باسی گەورەیی پارشێو بکەم و هاتە مێشکم و دەستم پێ کرد هەر لەسەر فەرموودەی پێغەمبەرمان (د.خ) کە باس لە گەورەیی پارشێو دەکات، خەڵک زۆر پەیوەندیم پێوەدەکەن و دەڵێن بەڕاستی کەبارت زۆر خۆشە، هەر تۆ کەباری پارشێومان بە کوردی بۆ بکە.
چێژی دەنگ و شێوازی خوێندنی کەبار بە کوردی لەم قەزایە و لەو مزگەوتە دەنگی داوەتەوە.
زۆرن ئەو هاونیشتمانییانەی ئەگەر دەنگی مامۆستا کامەران نەبێت و گوێیان لە کەبار نەبێت، بەخەبەر نایەنەوە و پارشێو ناکەنەوە.
شەمال حەمەد، دانیشتووی هەریرە و لەو بارەیەوە دەڵێت: بەڕاستی خەڵک کە گوێی لە دەنگی ماموستا کامەران دەبێت، بە تام و چێژی زیاتر بۆ پارشێو هەڵدەستنەوە، خەڵک هەیە نانی پارشێوان ناخوات، بەڵام کە گوێی لە دەنگی مامۆستا کامەران دەبێت بە کوردی کەبار دەکات، دێتە مزگەوت و سوپاس بۆ خودا ئێستا مزگەوتەکەشمان زۆر قەرەباڵخ بووە.
عەبدوڵڵا مستەفا، دانیشتووانێکی دیکەی هەریرە و دەڵێت: هەموو کەبارێک چێژ و خۆشیی خۆی هەیە، بەڵام بە کوردییەکەی زیاتر کاریگەریمان لەسەر دەکات، خەڵکیش زیاتر تێدەگات.
ئەرکی ئەو مامۆستایە هەر کەبار و بانگ دان نییە، بەڵکوو لە پرسە و بۆنە ئایینیەکان بە دەنگە زوڵاڵەکەی بەشداری دەکات و لە سنوورەکە بە دەنگ و سەدا خۆشەکەی دەناسرێتەوە. [1]