نەورۆز، جەژنى نەتەوەیى و سەرى ساڵى تازەى کوردى، بە گەرمى لە خێزان و کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان، لە هەر کوردێک و هەموو پێکهاتەکانى گەلى کوردستان لە هەرکوێ بن، پیرۆز دەکەم. هیواى ساڵێکى تازەى پڕ لە خۆشى و تەندروستیى باش، ئارامى و ئاسوودەیى و سەرکەوتن بۆ هەمووان دەخوازم.
ئەمڕۆ کە بە دۆخێکى هەستیاردا تێدەپەڕین، داوا لە لایەنە سیاسییەکانى کوردستان دەکەم، بە گیانى بەرپرسیاریەتیى نیشتمانى و بە لێکگەیشتن، ناکۆکییەکان چارەسەر بکەن تا بتوانین پێکەوە ڕووبەڕووى هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان ببینەوە و فیدراڵى و قەوارەى سیاسى و ماف و دەسکەوتە دەستوورییەکانمان بپارێزین. هەمووان لە هەمان کەشتیداین و ئەگەر هاوهەڵوێست و یەکڕیز باین، دۆخەکە بە ئەمڕۆ نەدەگەیشت.
گەلى کوردستان هەرگیز واز لە ئازادى و مافەکانى ناهێنێت. مێژوو سەلماندوویەتى تا نکۆڵى لە کورد و کوردستان بکرێت و مافەکانى پێشێل بکرێت، عێراق خۆشى و سەقامگیرى بەخۆیەوە نابینێت. با هەموومان لە عێراق لە هەڵەکانمانەوە فێر ببین. جێبەجێنەکردنى دەستوور و فیدراڵى و ڕێککەوتنە سیاسییەکان، دەستیدەستیکردن بە شایستەکان و هەوڵى بچووککردنەوەى هەرێمى کوردستان و پێشێلکردنى مافە دەستوورییەکانى، جگە لە زیان هیچ سوودێکى بۆ عێراق نابێت.
لەم جەژنە پیرۆزەدا جەخت لە بڕوا و سیاسەتى نەگۆڕمان دەکەینەوە کە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە لە ناوچەکە فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى دەبێت. خوازیارى پەیوەندیى باش و دۆستانە و دراوسێیەتیى باشە لەسەر بنەماى ڕێز و بەرژەوەندیى هاوبەش. هەر لەم بۆنەیەدا پیرۆزبایى له و گەلانەش دەکەین کە جەژنى نەورۆز دەگێڕن و ئەم یادە دەکەنەوە.
سوپاسى تێگەیشتن و گیانى بەرپرسیاریەتى و خۆڕاگریى فەرمانبەران و خەڵکى کوردستان دەکەم. لە نزیکەوە ئاگادارى بارى ژیان و گوزەرانیانین. چارەسەرکردنى ئەم دۆخە، کارى لەپێشینەى هەموومان لە هەموو دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستانە. دڵنیایان دەکەمەوە کە ئەم سەختیانەش تێدەپەڕن و دەبنە ڕابردوو. بە ئومێدەوە بەره و ژیان و داهاتوویەکى باشتر هەنگاو دەنێین و کوردستان بۆ هەمیشە وڵاتى پێکەوەژیان و لێبوردەیى و فرەیى دەمێنێتەوە.
نەورۆز و سەرى ساڵى تازەتان پیرۆز.
هەموو ساڵێک بە خۆشى. [1]
#نێچیرڤان بارزانی#
سەرۆکى هەرێمى کوردستان
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بەڵگەنامەیە کێشەی ڕێنووس و ڕێزمانیی هەیە، کوردیپێدیا بەمەبەست هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=