هاوپەیمانی کوردی-کوردی و کوردی-تورکمانی، کلیلی چارەسەر لە #کەرکووک#
ئامادەکردنی: #شێرکۆ کرمانج# و #دلێر محەمەد نوری#
ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕوویدا، سەرکەوتنێکی ناکامل بوو بۆ کورد و کەرکووکییەکان. ئەوەی تا ئێستا هەیە تەنیا کۆمەڵێک ئەگەری ئەرێنین، لەوانە: گێڕانەوەی هاوسەنگیی هێز بۆ هاوکێشەی سیاسیی پارێزگاکە، هاوکات، ئەگەری ئەوە هەیە کە کەرکووک و پارێزگاکە لە بەعەرەبکردن، کاتیش بێت، دووربخرێتەوە، ئەگەری گەڕانەوەی کەرکووکیش بۆ باوەشی دایک، کوردستان، جارێکی دیکە، لە دوای 16 ئۆکتۆبەر، زیندوو بووەوە.
لەم چرکەساتەدا، پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە کوردستانیان دەتوانن چی بکەن و دەبێت چۆن هەنگاو بنێن بۆ بەرجەستەکردنی خەون و هیوا دێرینەکانیان لە پەیوەند بە پرسی کەرکووک. پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە دەبێت ڕاستییەک بیخەینەڕوو، ئەویش ئەوەیە کە دەوڵەتی ئێراقی و هاوپەیمانە ئیقلیمییەکانی لە ڕێگای شۆڤێنیستێکی وەک ڕاکان جبوری، پارێزگاری کەرکووک لە شەش ساڵی ڕابردوودا، توانییان هێندەی 35 ساڵ دەسەڵاتی #بەعس# کاریگەریی خراپ لەسەر کەرکووک و دەوروبەری دابنێن. “ڕاکان”ەکان نەک هەر عەرەبە هاوردەکانیان لە دژی کورد وەگەڕخست بەڵکوو عەرەبە ڕەسەنەکانی پارێزگاکەشیان ئاڕاستە کردبوو و ڕۆحی ڕەگەزپەرستی و دژەکوردییان لە ناخیاندا موتربە کرد. هەزاران عەرەبیشیان لە بەشەکانی دیکەی ئێراق نیشتەجێی کەرکووک کرد؛ تۆماری فەرمی دەوڵەتیان دەستکاری کرد؛ تەنگیان بە هەزاران کورد و تورکمان هەڵچنی کە پارێزگاکە چۆڵ بکەن. بە هاوکاری وەزارەتی بەرگری و نەوت هەزاران عەرەبیان لە کەرکووک دامەزراند. لەوانەش ترسناکتر هەزاران هەزار دۆنم زەوی جوتیارانی کورد و تورکمانیان لە خاوەنە ئەسڵییەکانیان زەوت کرد و لە ڕێگای دادگا و دادوەری شۆڤێنییەوە خستیانە سەر ناوی عەرەبی هاوردە. لەم پرسەشدا بێ شەرمانە کەڵکیان لە یاساکانی دەوڵەتی ئێراقی سەردەمی بەعس وەردەگرت کە هەمووی کاتیخۆی بە مەبەستی بەعەرەبکردنی کوردستان بەگشتی و کەرکووک بەتایبەتیی داڕێژرا بوون.
لە قسە کردن لەسەر داهاتووی کەرکووک ناکرێت باس لەوە نەکەین کە ئەو شەڕە دەنووکەی کە پارتی و یەکێتیی لەو شەش ساڵە دەیان کرد لە تاوانبارکردن و بە خائیننیشاندانی ئەوی دیکە و خۆناشیرینکردن و بەشەیتانکردنی ئەوی دیکە هێندە کاریگەریی لەسەر دەنگدەری کوردستانی نەبوو چونکە دەنگدەری کوردستانی دەنگی بۆ شوناسی کوردستانیبوونی کەرکووک و پەراوێزنەخستنی کورد دا. نەک گوێ لە تاوانبارکردن و خیانەتبارکردنی ئەم و ئەو بگرێت. هەقوایە ئەوانەی ئەوانی دیکەیان بە خائینی ئەم یان ئەو هێزی ئیقلیمی دادەنا بەخۆدا بچنەوە و دەرسێک لە دەنگدەری کورد وەربگرن کە چەندە بەرپرسیارانەتر و عاقڵانەتر و دڵسۆزانەتر مامەڵە لەگەڵ پرسی خاک و نیشتمان و کوردستان دەکەن.
ئەو نیمچە-سەرکەوتنە کە لە ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکە دەرکەوتووە و جارێ دیار نییە چارەنووسی کورد لەو پارێزگایەدا بەچی دەگەیێنێت، چونکە هەمووی بەندە بەوەی کە لیستە کوردستانییەکان، بەتایبەتیی یەکێتیی و پارتی، هیچ لە ئەزموونی بێموبالاتی شەش ساڵی ڕابردوو فێربوون. داخۆ فێربوون کە ئەوە ئەوان بوون ئەگینا لەو شەش ساڵە لانی کەم پێنج ساڵی کورد دەیتوانی لە ڕێگای کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پۆستی پارێزگار لە ڕاکان جبوری بستێننەوە؟ داخۆ فێربوون سیاسەت بە ڕق و تۆڵە و قین و عەقڵی دیوخان ناکرێت؟ داخۆ دەرسێک لەوە وەردەگرن کە ئەگەر ئەوان خەمساردیش بن ئەوە خەڵکی کەرکووک و دڵسۆزانی کوردستان، پیرێژن و پیرەمێردەکان، پەککەوتە و گەنج و لاوەکان پەرۆشی و دڵسۆزیان بۆ شوناس و کلتور و زمان و هاوچارەنووسیان ئاڕاستەیان دەکات.
ئەزموونی چەند ساڵە و هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و وتار و وتارەکانی کوتلە عەرەبییەکان و تورکمانییەکان پێمان دەڵێن کە ئەوان، بەتایبەتیی عەرەبەکان، هەموو هەوڵێکی خۆیان دەخەنەگەڕ کورد نەگەڕێتەوە دەسەڵات لە کەرکووک. ئەوەندەی ئەوان ڕژدن، پێناچێت لیست و کوتلە کوردستانییەکان هێندە لە خەمی گێڕانەوەی دەسەڵات بن. دۆخەکە و هەڵوێست و تێگەیشتنەکان هەرچۆنێک بووبن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە لیستە کوردستانییەکان، یەکێتی و پارتی، دەتوانن هاوپەیمانییەک پێک بهێنن نەک لە دژی کوتلە عەرەبییەکان بەڵکوو بۆ گێڕانەوەی دەسەڵات بۆ کورد و هاوپەیمانەکانی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو تەوژمە ڕاسیستییە کە لەلایەن کوتلە عەرەبییەکانەوە هەڵدەقوڵێت. کورد دەبێت هەوڵدات ئەو تەوژمە خاو بکاتەوە و ڕۆحی پێکەوژیان تەبەنی بکات بەڵام لەگەڵ عەرەبی بەعەرەبکردن و هاوردە و ڕەگەزپەرست نا. ئەم گرووپەیان دەبێت تەریک بکرێن و وانە فێر بکرێن. بۆ زەمانەتکردنی گێڕانەوەی پارسەنگی هێز و دەسەڵات بۆ کورد و تێپەڕاندنی دۆخی دوای 16 ی ئۆکتۆبەر، دەبێت:
یەکەم، لیستە سەرکەوتووە کوردستانییەکان، یەکێتیی وپارتی، کوتلەیەکی هاوبەش لەگەڵ نوێنەری کرستیانەکان لە لیستی بابلیون پێک بهێنن. بەوپێیەی کە یەکێتیی پێنج کورسی (ئەگەری کورسییەکی دیکەی هەیە) و پارتی دوو کورسی و کرستیانەکان یەک کورسیان هەیە، ئەوا ئەم کوتلەیە گەورەکوتلەی ئەنجوومەن دەبێت و دەتوانن پارێزگاری کەرکووک دەستنیشان بکەن.
دووەم، ئەم کوتلەیە کار بۆ مۆرکردنی پەیماننامەیەک، پڕۆژەیەکی سیاسی-کۆمەڵایەتی-خزمەتگوزاریی، بکات بۆ کەرکووک کە ڕەچاوی ئەو ناهەقی و نەعەدالەتیانە بکات کە دەرهەق بە کورد و تورکمان و کرستیانەکان لەو پارێزگایە کراوە.
سێیەم، ڕێگە نەدرێت هیچ لیست و حیزب و گرووپێک لە دەرەوەی کوتلەی برایەتی کەرکووک (یەکێتیی و پارتی و بابلیونی کرستیانەکان) بەربژێری هەبێت بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک.
بۆ سەرخستنی گیانی پێکەوەژیان ئینجا ئەم کوتلەیە لەگەڵ کوتلە تورکمانییەکان (بەرە) گفتوگۆی گەورەترکردنی کوتلەی برایەتی بکات.
تورکمانەکان سەرەڕای هەڵوێستی نەرێنی و دژە-کوردییان بەڵام زۆر گرنگە کە لەگەڵ کورد هاوپەیمان بن هەم بۆ کورد هەم بۆ خۆیان. تورکمانەکان خەڵکی ڕەسەنی پارێزگاکەن و خاوەنماڵن وەک کورد. بێجگە لەمە وەک کورد دووچاری سیاسەتی بەعەرەبکردن بوو نەتەوە بەتایبەتیی جوتیارەکانیان لە گوندەکان. ئەم هاوخەمیی و هاوئازارییە دەکرێت سەرەتایی لێک نزیکبوونەوەی کورد و تورکمان بێت لە کەرکووک و تەواوی کوردستان و ئێراق.
کوتلەی برایەتی، ئەوە ئەگەر ئەو ناوە پێشنیازکراوە قەبوڵ کرا، دەکرێت گفتوگۆیەکانی لەگەڵ بەرەی تورکمانی لەسەر بنەمای گوێگرتن لە تورکمانەکان و نیگەرانییەکانیان لە کورد و مافە نەتەوەیی و سیاسی و کلتوری و زمانییەکانیان بێت، بەو شێوەی کە ئەوان دەخوازن نەک بەو شێوەی کە کورد پێیان ڕەوا دەبینێت.
کورد کێشەی خاکی لەگەڵ عەرەب هەیە بەڵام لەگەڵ تورکمان لەسەر پرسی مافەکان و دانپێنان ناحاڵیبوون هەیە. قەبوڵکردنی مافی تورکمانەکان نابێت لەبەر ئەوە بێت کە دژی عەرەب و ئێراق بەکاربێن بەڵکوو دەبێت لەسەر بنەمای ئەوە بێت کە ئەوان وەک نەتەوە و گرووپێکی کلتوری شایستەی چین، مافەکانیان چین، بە خۆیان چیان دەوێت. ئەمە هەنگاوێکی باش دەبێت بۆ درووستکردنی متمانە و کاری دیکەی گرنگ لە داهاتوودا. کوتلەی برایەتی دەبێت ئامادەیی ئەوەی تێدابێت کە سەرۆکی ئەنجوومەن بدرێت بە تورکمانەکان نەک هەر وەک پێکهاتنێکی سیاسی بەڵکوو وەک پێکهاتنێکی نەتەوەیی نێوان کورد و تورکمان بە ڕەزامەندی کرستیانەکان.
ئێمە پێمان وایە لە سیاسەتدا ئیرادە هەبێت زۆر شتی نەکردە مومکین دەبن. بۆ ئەم مەبەستە گرنگە کە سیاسیی و دەوڵەتدار و دەستەبژێری کورد و تورکمان هاوپەیمانییەک تاقی بکەنەوە کە بنەماکانی نوێنەرایەتیکردن و داننان بە یەکدی بێت و ئازادی و ماف و یەکسانیی بکەن بە کۆڵەگەی پەیوەندییەکانی نێوانیان. ئایا پێکهاتنێکی لەم شێوەیە باشتر نییە لەو شەڕ و ململانێ نەبڕاوەی نێوانیان.
پێکهاتنی کورد و تورکمان و کرستیانەکان دەکرێت بکرێتە هەنگاوێک بۆ یەکدی قەبوڵکردن و پێکەوەژیان و پێکەوەکارکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە کەرکووکییەکان بە ناوچە عەرەبنشینەکانیشەوە. کوتلەی برایەتی نابێت جیاکاری لەنێوان هیچ کەرکووکییەکی ڕەسەن بکات. تەنانەت عەرەبە هاوردەکانیش دەبێت بەڕێزەوە ڕەوانەی ناوچەکانی خۆیان، بە بنەما لەسەر ماددەی 140 لە دەستووری ئێراق، بکرێنەوە.
سەرکەوتنی ئەم هەنگاوانەی سەرەوە ڕێخۆشکەر دەبن بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانەی تەواوی گرووپە نەتەوەیی و دینییەکانی کەرکووک. لەمانەش گرنگتر ئاسانکارییەکی گرنگیش دەبێت بۆ ڕێگرییکردن لە دەستتێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی لە کاروباری ناوخۆی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان. [1]