=KTML_Bold=سیاسەتی کۆمەڵایەتی و پرسە هەنوکەییەکانی کۆمەڵگەی کوردی=KTML_End=
#محەمەد شوانی#
یەکێک لە مانا و پێناسەکانی سیاسەتی کۆمەڵایەتی بریتییە لە بیرکردنەوە و پلان دانانی سیستماتیکانە بۆ ئاییندەی کۆمەڵگە و پێشبینی کردنی هەڕەشە و مەترسییەکانی دواڕۆژ.
لە سی ساڵی ڕابردوودا، لە باشووری کوردستان بەهۆی گرفت و کێشە سیاسییەکانەوە، زۆربەی توێژەران و نووسەران و ئەکادیمستەکان ئاگایان لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و بابەتەکانی سیاسەتی کۆمەڵایەتی نەماوە. ئەگەر بە مێژووی ئەم سی ساڵەدا بچینەوە کەمترین توێژینەوە و نووسین لەسەر خێزان و لە ڕێ لادانی مێرمنداڵان و ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئاستەنگەکانی هاوسەرگیریی و وەچەخستنەوە و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و ئەو بابەتانە کراوە، لە ڕاستیدا ئەمانە پرسی زۆر گرنگن و پەیوەندییان بە ئاییندەی کۆمەڵگە و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتییەوە هەیە.
یەکێک لەو مەترسیە گەورانەی ئەمڕۆ هەڕەشەیەکی جددیە لەسەر مانەوەی کۆمەڵگەی کوردی بەرز بوونەوەی ڕێژەی قەیرەیی و شونەکردنی کچان و کەمبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیریی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە و سەخت کردن و ئاڵۆز کردنی پڕۆسەی هاوسەرگیریی لاوەکانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، کە هەر گەنجێکی کورد بەلایەنی کەمەوە بیست هەزار دۆلاری دەوێت بۆ هاوسەرگیریی. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو گەنجە ئامادەیە ڕۆژانە بە پازدە دۆلار کار بکات کەچی کاری دەست ناکەوێت.
لە یەک دوو نەوەی ڕابردوودا لە کوردستان بەهۆی شەڕە یەک لە دوای یەکەکانی دەوڵەتی ئێراق و ئابڵۆقەی ئابووری و شەڕی ناوخۆی کوردی-کوردی و کرانەوەی ڕێگاکانی دەرچوون و کۆچکردنی لاوان بۆ هەندەران، ناهاوسەنگیی ڕەگەزیی هێناوەتە ئاراوە و ژمارەی کچان زۆر لە کوڕان زیاتر بووە. بۆیە، ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە کچان هەلی هاوسەرگییریان بۆ ناڕەخسێت.
بۆ توێژینەوەیەک، من سەردانی یەکێک لە فەرمانگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی یەکێک لە وەزارەتەکانی #حکومەتی هەرێمی کوردستان#م کرد، لەوێ لیستێکیان پێدام، کە تەنیا لەو فەرمانگەیە پەنجا و نۆ کچی تێدایە کە تەمەنیان لەنێوان 32 بۆ 60 ساڵە و تا ئێستا مێردیان نەکردووە! ئەمە لەکاتێکدایە کە لە کلتوور و ئایین و دابوونەریتی کوردیدا، هاوڕێیەتی کوڕ و کچ، دەرچوون و شەو پێکەوەمانەوە، پێش مارەکردن و دانپیانانی کۆمەڵایەتی، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە. کەواتە کچ لە کۆمەڵگەی کوردیدا پێش هاوسەرگیریی سێکس ناکات و هێلکەی ناپیتێندرێ و دووگیان نابێت. ئەگەر کارێکی وا بکات مایەی نەنگی و سەرشۆڕیی بنەماڵە و خێڵ و عەشیرەتە و کوشتن و ئاژاوەی گەورەی لەوانەیە لێ بکەوێتەوە.
ئەم دیاردەیە ڕەنگدانەوەی لەسەر ژمارەی دانیشتووان و هێزی کار و بەرهەمهێنان و پاراستن و ئاساییشی نیشتمانیی دەبێت، لە ئەمڕۆ و لە ئاییندەشدا. بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی کۆمەڵایەتیی زانستیی هەبێت، کە لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی قۆناغەکە و توانای حکومەت و ڕەچاوکردنی دابوونەریت و بیروباوەڕی ئایینیی کۆمەڵگە داڕێژرا بێت. بەشێوەیەکی زانستییش وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، چۆن چارەسەری گرفتی نا هاوسەنگیی ڕەگەزیی لە کۆمەڵگەی کوردستانی ئێمەدا بکرێت؟ لە سیاسەتێکی وەهادا دەکرێت ئەم خاڵانە ڕەچاوبکرێن:
=KTML_Bold=یەکەم:=KTML_End= حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری ماددی و مەعنەوی گەنجان بۆ هاوسەرگیریی بکات، ئەویش لە ڕێگەی فەراهەم کردنی هەلی کار و دەرماڵە، یان بەخشینی، هاوسەرگیریی و دابینکردن یان پێدانی شوێنی نیشتەجێبوون بەنرخی گونجاو و قەرزی درێژخایەن.
=KTML_Bold=دووەم:=KTML_End= حکومەتی هەرێمی کوردستان زەمینەسازی بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەنجانی کوردستان بکات، تاوەکوو ناچار بە ئاوارەیی و بەجێهێشتنی وڵات نەبن. بە ڕادەیەک کە ببێتە مایەی کۆچی پێچەوانە، لە دەرەوە بۆ ناوەوەی کوردستان.
=KTML_Bold=سێیەم:=KTML_End= حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کونسوڵخانە و سەفارەتی وڵاتانەوە ئاسانکاری و هاوکاری هەموو ئەو گەنجە کوردستانیانەی هەندەران بکات بۆ گەڕانەوە بە مەبەستی هاوسەرگیریی و بردنی هاوسەرەکانیان، هەروەکوو چۆن هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا ئاسانکاری بۆ هەر گەنجێک دەکەن. وەک ئەوانەی سەردانی وڵاتی مەغریب دەکەن و کچێکی مەغریبی دەخوازن و لەگەڵ خۆیدا دەیهێننەوە وڵاتەکەیان.
=KTML_Bold=چوارەم:=KTML_End= سەرلەنوێ بوونیادنانەوەی کۆمەڵگەی لادێی لە کوردستان، کە سەرچاوەی دابینکردنی دەستی کار و خۆراک و پاراستنی کولتووری نەتەوەیی و پاکوخاوێنی زمان و دابوونەریتە ڕەسەنەکانی کوردەوارین. لە هەشتاکانەوە کۆمەڵگەی لادێیی کورد لە ئەنجامی هێرش و هەڵمەتەکانی حکومەتی ئێراقی بۆ قڕکردن و لە نابردنی کورد، دانیشتووانی گوندەکانی لە چەندین ئۆردوگای نزیک #هەولێر# و #سلێمانی# نیشتەجێ کرد، دوای نەمانی دەسەڵاتی حکومەتی ئێراق لە ساڵی 1991 لە بەشێک لە کوردستان و ڕووخانی ڕژێمی سەدام لە ساڵی 2003، ئەو خەڵکە نەگەڕاونەتەوە بۆ گوندەکانیان و بەشێکی زۆری لادێکان ئێستاش بە چۆڵی ماو نەتەوە.
لە سیاسەتی کۆمەڵایەتیدا، تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی لادێی زۆر گرنگن، وەکوو وەچەخستنەوە و خێزانی قەبارە گەورە و هاوسەرگیریی لەکاتی خۆیدا و پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆ و خودبژێوی و کەمکردنەوەی فشاری خزمەتگوزاری لە شار و …هتد.
ئەگەرچی بەشێکی زۆری میکانیزمەکانی درووستکردنی ئەو تایبەتمەندییانە لەگەڵ ژیانی مەدەنی و شارستانی سەردەمدا ناگونجێن، بەڵام بۆ ئەم قۆناغەی کۆمەڵگەی کوردی زۆر پێویستن و میکانیزمێکی باشن بۆ چارەسەرکردنی چەند گرفتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری. بەتایبەت لە کاتێکدا وا بڕیارە لە باشووری کوردستان پرسی نەتەوەیی و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان لە ڕێگەی ڕاپرسی و سەندوقەکانی دەنگدانەوە چارەسەر بکرێن. بۆ ئەمەش کورد پێویستی بە چەندایەتی دانیشتووانە لە پاڵ چۆنایەتییەکی نیشتمانیی باشدا، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ڕێگەی سیاسەتێکی کۆمەڵایەتیی گونجاوەوە کاری بۆ بکات. [1]