=KTML_Bold=دیوە ئەقڵانییەکانی ڕەفتار=KTML_End=
#محەمەد شوانی#
ئەقڵگەرایی لە فەلسەفەی ڕۆژاوادا ڕوانگەیەکه، یان تیۆر و میتۆدێکی تێڕوانینە، کە ئەقڵ بە سەرچاوەی سەرەکی و ئەزموونکردنی زانین (مەعریفە) دادەنێت. ئەگەر ئەقڵگەرایی ڕێباز بێت، ئەی خودی ئەقڵ خۆی چییە و چ پەیوەندییەکی بە ڕەفتار و کردارەکانی مرۆڤەوە هەیە؟
ئەقڵ کۆمەڵێک توانایە، کۆمەڵێک تایبەتمەندییە، کۆمەڵێک خەسڵەتە پەیوەستن بە ناسین و زانین و سەرلێدەرکردن و یادەوەری و بیرکردنەوە و شارەزایی و خەیاڵ و وێناکردن، کە مرۆڤە ژینگە کۆمەڵایەتییەکەی دەوروبەریدا وەریان دەگرێت و فێریان دەبێت. ئەگەرچی ئەقڵ لەسەرەتادا وەکوو نیشانە و سیما و ناسینەوەی تاک بەدەردەکەوێت بەڵام لە بنەڕەتدا ئەقڵ پێدراوێکی کۆمەڵایەتییە، مرۆڤ نەک هەر لە دەرەوەی کۆمەڵگەدا ئاقڵ نابێت، بەڵکوو بە پێی جۆری کۆمەڵگەکانیش ئاستی ژیری و ئەقڵ و بیرکردنەوەی دەگۆڕێت. گەنجێکی لادێیی کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی بچووک و سادە و پێکەوە پەیوەستی خزمایەتی و دابوونەریتی تونددا گەورە ببێت و بە پڕۆسەکانی پەروەردە و پێگەیاندنی کۆمەڵایەتی و مەدەنی و شارستانیدا تێنەپەڕێت، بێگومان سیماکانی ئەقڵگەرایی لە کار و کردەوە و ڕەفتار و بەرنامەڕێژیی ژیانیدا زۆر جیاواز دەبێت لە گەنجێکی شارنشینی کە لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەکی گەورە و ئاڵۆز و ڕێکخراو لەسەر یاسای مەدەنی و پەروەردەی فەرمی پێگەیشتبێت.
ئەقڵ توانایەکی زگماکی نییە، بەڵکوو ئامادەباشییەکی زگماکییە بۆ وەرگرتنی ئەو توانایە، ئەندامێک نییە لە ئەندامەکانی جەستە و مرۆڤ لەگەڵ لەدایکبوونیدا نابێتە خاوەنی ئەقڵ، بەڵکوو خەسڵەتێکە لە خەسڵەتەکانی مرۆڤ، وەکوو بینین و بیستن و بۆنکردن. ئەگەرچی ئەمانە هەستن بەڵام ئەقڵیش تایبەتمەندییەکە و وردەوردە لە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤدا پێدەگات. بۆ نموونه، بینین تایبەتمەندییە، چاو ئەندامی جەستەیە و ئەرکی بینینە، بەڵام هەموو ئەوانەی چاویان هەیە دیاردە و بابەت و ڕووداوەکانی ژینگەکەیان وەکوو یەک نابینن. هاوکات، بیستن تایبەتمەندییە ، گوێ ئەندامی جەستەیە و ئەرکی بیستنە، هەموو ئەوانەی گوێیان هەیە وەکوو یەک دەنگ و ناڵە و چریکە و ئازارەکانی دەوروبەریان نابیستن. بە هەمان شێوە بیرکردنەوەی ئەقڵانیش تایبەتمەندییەکی مرۆڤە. مێشک ئەندامی جەستەیە و ئەرکی بیرکردنەوە و لێکدانەوەی ئەقڵانییە بەڵام هەموو ئەوانەی مێشکیان هەیە وەکوو یەک لە هۆکاری ڕووداوەکان و هەقیقەتی پرسەکان و جەوهەری مەسەلەکان تێناگەن، ئەمە جگە لەوەی مێشک لە پۆلێنی ئاژەڵاندا لە هەموو بڕبڕەدارەکانیشدا هەیە.
مێشک میکانیکی کار ناکات، بەڵکوو کارکردنی مێشک پەیوەندی بە ژینگەی دەوروبەر و هەڵویست و چێژو بەرژەوەندی و گۆرانکاریە ناوەکییەکانی خودی مرۆڤ خۆیەوە هەیە. لەبەر ئەوەی ژینگەی کۆمەڵایەتی و بەرژەوەندی مرۆڤەکان جیاوازن، بۆیە مرۆڤەکان وەکوو یەک بیر ناکەنەوە و ئاستی بیرکردنەوە و شیکردنەوە و تێگەیشتن و بڕیاردانیان لەسەر ڕووداوەکان وەکوو یەک نییە. مرۆڤ هەمیشە ئەقڵانی بیر ناکاتەوە و زۆرجار نایەوێت لە هەقیقەتی دیاردەکان بگات چونکە هەندێک جار هەقیقەت ئازاری دەدات. بە پێچەوانەوە تام و چێژ لە خەیاڵ و خۆخەڵەتاندن و بەردەوامی تێگەیشتنە ئەفسانەییەکانی دەبینێت. لە شیکردنەوەیدا بۆ دیاردە و ڕووداوەکان، مرۆڤ حەز دەکات وەکوو ئەوەی خۆی دەیەوێت ڕوو بدەن، هەر بەو جۆرەش ڕاڤە و شرۆڤەیان دەکات کە شیکردنەوەیەکی نا ئەقڵانییە، بەڵام کاتێک پێچەوانەی لێکدانەوەکانی ڕوو دەدەن و بە قازانج و بەرژەوەندی ئەو نییە ئیتر بە دووای پاساوی نا لۆجیکیدا دەگەڕێت و زیاتر لە بیرکردنەوەی ئەقڵانی دوور دەکەوێتەوە.
هەموو جۆرەکانی ڕەفتاری وەکوو توندڕەویی و توندوتیژی و دەمارگیری و زێدەڕەوی لە پێداهەڵدان و بە پیرۆزکردن و بە دێوکردنی ئەوی دیکە و ڕەهایی لە خۆپەسەندی هتد، بریتین لە دیوە نا ئەقڵانییەکانی ڕەفتار، لە ئەنجامی بیرکردنەوەی نالۆجیکی و بابەتینەبوون، کە لایەنگیریی لێدەکەوێتەوە.
لە سەر ئاستی تاک هۆکاری بۆماوەیی کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر درووستبوونی بیرکردنەوە و ڕەفتاری نائەقڵانی. لەم بارەیەوە زاناکان چەندین توێژینەوەیان لەسەر ئەو منداڵانە کردووە کە جمکن، بۆیان دەرکەوتووە کە هۆکاری بایۆلۆجی کاریگەریی لەسەر تێکچون و شڵەژانی باری دەروونی هەیە و ئەمەش سەردەکێشێت بۆ بیرکردنەوەی نائەقڵانی و دواتر ڕەفتاری نائەقڵانی.
جگە لە هۆکارە بۆماوەییەکان، لە چوارچێوەی ژینگەی کۆمەڵایەتیدا دابڕان و گۆشەگیری و تێکەڵاو نەبوون بە کۆمەڵگە هۆکاری سەرەکی درووستبوونی ڕەفتاری نائەقڵانییە.چونکە تاکی گۆشەگیر بەهۆی دوورەپەرێزیی لە خەڵک لۆجیکی و نالۆجیکی بۆچوونەکانی بۆ دەرناکەوێت.
هۆکارێکی دیکە بڵاوبوونەوەی دیماگۆجی هزریە، چەقبەستوویی کۆمەڵگە و ترسان لە گۆڕانکاری و مانەوە لەسەر یەک بیروباوەڕ بۆ ماوەیەکی مێژوویی دوورودرێژ، کە نەوەکان ڕادێنێت لەسەر یەک شێوازی بیرکردنەوە و یەک ڕاڤەکردنی ژیان و بەهەقیقەتناسینی زانیاریەکانیان. نەزانینیش دەبێتە سیمای سەرەکی کلتوری کۆمەڵگە و تاکەکانیش لەناو ئەو کلتورەدا گەورە دەبن و پێدەگەن.
هەروەکوو چۆن مرۆڤ دەتوانێت بە پرۆڤە و مەشق و ڕاهێنان توانا جەستەییەکانی پەرە پێ بدات و بەهێزیان بکات، بە هەمان شێوە مرۆڤ دەتوانێت لە ڕێگای وەرزشی مێشکەوە پەرە بە بیرکردنەوەی ئەقڵانی خۆی بدات، بۆ هەر ڕوودا و دۆخ و دیاردەیەک بە دوای هۆکار و ئەنجامەکاندا بگەڕێت، ئەو یاسا و ڕیسایانە بدۆزێتەوە کە کۆی پڕۆسەکە بەڕێوە دەبەن. [1]