=KTML_Bold=ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانی هۆنراوە وگۆرانی فۆلکلۆریی=KTML_End=
#محەمەد شوانی#
هۆنراوەی فۆلکلۆریی وەکوو کەلەپووری میللی بەشێکە لە کلتوری کۆمەڵگە. کلتور پێکهاتەیەکی ئاڵۆزی هەیە، لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ دوو لایەنی سەرەکی، کلتوری مادی و کلتوری مەعنەوی دابەش کراوە. هەر یەکێکیش لەو دوو بوارە بە دەیان ڕەگەز و توخمی جۆراوجۆر دەگرێتەوە، بۆ نموونە، کلتوری مەعنەوی، کەلەپوور و ئایین و بیروباوەڕ و ئەفسانە و جیهانبینی و فۆلکلۆر و بەرهەمی ئەدەبی و پەند و قسەی نەستەق و لایەنە ڕوحیەکانی کۆمەڵگە دەگرێتەوە. سەدان ساڵە ئەم بابەتە بووەتە جێی بایەخی توێژەرانی زانستە جیاجیاکان. لە توێژینەوەکانی مرۆڤناسیدا زیاتر جەخت کراوەتە سەر بەرهەمی فۆلکلۆری گرووپە مرۆییە سەرەتاییەکان، ئەویش بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕەگوڕیشە هزرییەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیان، بنچینەی بیروباوەڕیان. لەناو فۆلکلۆریشدا بابەتەکان زۆرن، دەکرێت لێرەدا ئاماژە بە یەک ڕەگەزی فولکلۆری بکەین، بۆ نموونە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان کە چ هۆنراوەکانیان چ ئاوازەکانیان تاڕادەیەک نازانرێت لەلایەن کێ دانراون و بۆ یەکەمجار کێ ئەم گۆرانییانەی گوتووە.
گۆرانی جگە لەوەی گوزارشت لە خۆشی و ناخۆشییەکانی کۆمەڵگە دەکات بە شێوەی هۆنراوە ڕێکخراوە و ئاوازێکی تایبەتیی هەیە. ئەمەش وای کردووە ئاسان لەبەربکرێت و دەماودەم بۆ نەوەکانی دیکە ئاسانتر بگوازرێتەوە و لە هەموو بەشەکانی دیکەی فۆلکلۆر زیاتر بەرگە دەگرێت و توانای خۆپارێزی هەیە و لەبیر ناچێتەوە. بۆیە دەکرێت لە ڕێگای توێژینەوە لە گۆرانی فۆلکلۆری هەر گرووپێکی مرۆییەوە ڕاڤە و شرۆڤەی ژیانی ئەو کۆمەڵگەیە بکەین لە قۆناغە جیاجیاکانی مێژووی گەشەکردنیدا. کەرت و بەش و توخم و ڕەگەزە پێکهێنەرەکانی ژیانی ئەو قۆناغە لێک بدرێتەوە و تاڕادەیەک وەکوو خۆی درووست بکرێتەوە. بۆ نموونه، ئەگەر لەم ڕوانگەوە توێژینەوە لەسەر هۆنراوەی گۆرانی فۆلکلۆری کوردی بکەین، ئەوا بە دڵنیاییەوە بە شێوەیەکی زانستی وەڵامی چەندین پرسیارمان دەست دەکەوێت. ئایا لە ڕابردوودا هزری کۆمەڵایەتی کوردی لەمەڕ بابەتەکانی پەیوەست بە ئافرەت و خۆشەویستی و ئازادی تاک و سنوورەکانی دەسەڵاتی باوک لە خێزاندا چۆن بووە؟ داخۆ مەڵبەندی ئابووری و کاڵا و شمەکی باش و بازاڕە گرنگەکانی کوردستان کوێ بوون؟ یان کارگە و کارخانەی بەناوبانگی ئەو قۆناغە لە کام شاری کوردستاندا بووە؟ یاخود پەیوەندییە بازرگانییەکانی کوردستانیان لە ناوچەکەدا لەگەڵ کوێ لاواز و لەگەڵ کێ بەهێز بووە؟ شوێنە پیرۆزەکانی کورد کوێ بوون و بۆ نزا و پاڕانەوە و بەدیهاتنی حەز و خۆزگە و مورادی دڵداران خەڵک ڕوویان لە کوێ کردووە؟ عاشقانی کورد لە کێ پاڕاونەتەوە؟
لە بەستە و مەقام و حەیران و لاوکی کوردیدا باسی هەموو ئەو ڕووداوانە کراوه، بە هۆنراوەی زۆر جوان و پڕمانا و ڕێک لە ڕووی کێش و سەرواوە. یان بەهۆی لاوک و پەخشانە حەیرانەوە وێنەی ئەو ژیانە کێشراوە کە کوردستانیان تێیدا ژیاون.
هەروەها لە میانەی گۆرانی فۆلکلۆری کوردیەوە دەکرێت ئاستی پەیوەندییەکانی زمانی کوردی بە زمانی گەلانی دراوسێوە بزانین و چۆنییەتی وەرگرتن و سوودبینینی کوردستانیان لە وشە و زاراوە بیانییەکان چۆن بووە و وشە ڕەسەنەکانی کورد لەم بوارەدا بناسینەوه. بۆیە من پێم وایە گۆرانی فۆلکلۆری کوردی تەنیا پەیوەندی بە ئەدەب و هونەر و وێژەوە نییە بەڵکوو کەرەستە و سەرچاوەیەکی زۆر بە پیتە بۆ توێژینەوەی مرۆڤناسی چونکە گۆرانی لە ژیانی کۆمەڵایەتی خێزانی کوردستانیدا ڕەگەزێکی بنچینەیی بووە.
ئەگەر لە ڕابردوودا گۆرانی پەیوەندی بەخۆشی و ناخۆشی ژیانەوە هەبووبێت، ئەوا ئەمڕۆ توێژینەوە لەو بابەتە بووە بە پێویستییەکی سەرەکی و بنەڕەتی چونکە پەیوەستە بە مێژووی نەتەوەیی و ساغکردنەوەی بەشێکی گرنگی مێژووی زمان و ژیانی کۆمەڵایەتی کوردستانیان .نەک هەر ئەمە بەڵکوو ئاستی گرنگیی پێدانی، واتە گرنگیی دان بە فۆلکلۆر و پێکهاتەکانی ڕەنگدانەوەی پێشکەوتنی هزری کوردی و هۆشیاربوونەوەی نەتەوەیی دەردەخات چونکە ئەمانە وردبوونەوەن لە بابەتی خۆناسین و زیندووکردنەوەی لایەنە پڕشنگدارەکانی مێژووی نەتەوەیی.
ئەم خۆناسینەش یان ئەم هەوڵدانە بۆ خۆناسین لەناو گەلانی جیهاندا بوونی هەیە و لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی پەرەسەندنیاندا دەردەکەوێت. واتە ئاوڕدانەوەمان لە فۆلکلۆر و کەلەپووری نەتەوەیی هێما و ئاماژەیە بۆ ئاستێکی پێگەیشتنی ئەقڵی و هۆشیاری تاکی کوردستانی.
ئەگەر هۆنراوە و گۆرانی فۆلکلۆری ئەو ڕەهەندە فراوانە بگرێتەوە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا، کەواتە لە توانای کوورتەباسێکی وەک ئەم نووسینەدا نابێت کە شیکردنەوەیەکی قوڵ بۆ چەندین پارچە هۆنراوەی فۆلکلۆری کوردی بکات و بە نموونە چەندین کێش و ئاوازی جیاواز بخاتەڕوو. بۆیه، لەم بابەتەدا هەوڵ دەدەین چوارینەیەک بە نموونە بێنینەوە و ئاماژە بە چوارچێوەی هزری کۆمەڵایەتی لە میانەی ڕەهەندە کۆمەڵایەتی و ئابووری و هزری و زمانەوانییەکانییەوە بکەین. واتە ئەم دێڕانە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە چۆن گوزارشتیان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دەسەڵاتی ڕەگەزیی، دایک یان باوکسالاری، کردووە و لە ڕووی پیشە و دەستکار و نەخشی ئابووری باس لە کوێ کراوە و تێبینیمان لەسەر زمانی ئەو قۆناغە و تێکەڵاوی بە زمانەکانی دیکە چۆنه. بە گشتی ئاستی بیرکردنەوەی تاکی کورد بەپێی ناوەرۆکی چوارینەکە چۆن بووە.
ئەم هۆنراوانە لە سەرچاوە و نووسینی سەر بابەتەکانی فۆلکلۆرەوە وەرنەگیراون، بەڵکوو بە خۆم لە شایی و هەڵپەرکێی کوردیدا یان لە (گەڕەلاوژە) ی کۆڕی شەوانەی لادێ نشینەکاندا بیستووە. ئیدی نازانم ئەگەر لە سەرچاوەیەکیشدا هەبن یان نووسەر و دڵسۆزێکی ئەم گەلە پێشتر ئەمانەی کۆ کردبێتەوە و بڵاو بووبێتەوە بەڵام من نەمبینیوە.
یەکێک لەو هۆنراوە فۆلکلۆریانەی بە ئاوازێکی زۆر خۆش گۆرانیبێژانی لادێیی لە شاییەکاندا دەیانوت کە هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە بریتی بوو لەو چوارینەیەی خوارەوە:
هەروا دەڕوا بەناو “دێ” دا
کەوشی “سابڵاخ”ی لە “پێ”دا
“سۆلی” زەردە و “مەحس”ی تێدا
“دایک”ت کوێر بێ تۆی بە “کێ”دا
ئەگەر هەر دێڕێک لەو چوارینەیە شی بکەینەوە ئەوە لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت. جگە لەلایەنە هونەریەکەی، لە ڕووی کێش و سەروا کە لە چ ئاستێکی هونەری بەرزدایە، هۆنەرەکەی یان شاعیرەکەی چ توانایەکی زمانەوانی و هەڵبەست دانانی هەبووە، مرۆڤ سەرسام دەبێت کە لادێییەکی نەخوێندەوار چۆن توانیویەتی هەستی پەنگخواردووی دەروونی بەرانبەر دڵبەرەکەی بەم شێوەیە دەربڕێت، بۆیە ناچار وەکوو “خەجاتۆر ئاپۆڤیان” دەبێت بڵێین لە هەر کوردێکدا هەست و بەهرەی شاعیری بەدی دەکرێت. کورد هەموویان هەر بە زگماک شاعیرن و زمانی کوردی کێش و سەروا و ئاوازێکی هۆنراوەیی تایبەتیی هەیە.
جگە لەم لایەنە هونەرییە بەرزە، هەر دێڕێکی شایەنی لەسەر وەستان و هەڵوەستە کردنە چونکە هەر یەکێکیان پرسیاری گرنگ دەوروژێنن و توێژەری زانستی خۆی دەوێت زانستیانە وەڵامیان بداتەوە. بۆ نموونە، بۆچی دەڵێت “هەروا دەڕوا بە ناو دێ دا؟ ئەوە کچی کێیە ئازاد و سەربەستە و هەروا بێلەمپەڕ و بەربەستێک بە ناو دێ دا دەڕوات؟ ئایا کۆمەڵگەی لادێنشینی کوردی بۆ تێکەڵاوی نێر و مێ و گەڕان و سووڕان و دەرچوونی ئازادانەی ئافرەت بەربەستێکی چینایەتی و ئایینی و کۆمەڵایەتی هەبووە؟ یان ئەم دەرچوونە تایبەت بووە بە چینێکی دیاریکراو کە هەر بە دەرچوونەکەیدا بیناسینەوە ئەم ئافرەتە لە کام چینی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگەی کوردی بووە؟
لە لایەکی دیکەوە ئەگەر هۆنراوەی فۆلکلۆری کوردی لەم ئاستە هونەرییە بەرزەدا گوزارشت لە ئاستێکی دیاریکراوی سەربەستی ئافرەت و دەرچوونی بکات لە لادێدا، ئایا ئەم دەربڕینە لەگەڵ هۆنراوەی شاعیرانی کورددا تەبا و گونجاوە و ئەوانیش بە هەمان شێوە گوزارشتیان لە ئازادی ئافرەت کردووە و لەمپەڕێکیان نەدیوە لە دەرچوونیدا؟ یاخود بە پێچەوانەوە هۆنراوەی فۆلکلۆری باس لە ئازادی دەکات و شاعیرانیش باس لە دیلی و دەست بەسەری و دەرنەچوون و هەبوونی دەرکەوان دەکەن؟ ئەمە بابەتێکی دیکەیە، هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی زانستیانەی ئەو پرسیارانە دەمانباتەوە ناو شیکردنەوەی چینایەتی کۆمەڵگەی کوردی و بەراوردکردنی هۆنراوەی فۆلکلۆری و هۆنراوەی شاعیرانی کوردی. ئەمەش توێژینەوەیەکی تایبەت هەڵدەگرێت. هێمن موکریانی (1921-1986) شاعیر لە وەسفی کچی ئاغا و خان و چینی ئەرستۆکراتی کوردیدا دەڵیت:
دەبوو ژوانگەی لە کن ڕاوکەی کەوان با
نەوەک وا چاو لە دەستی دەرکەوان با
بە ناوەرۆکی ئەو هۆنراوەیەی هێمن کە لە شەست و حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا نووسیویەتی، ئەوە کچی جوتیار و وەرزێر و کاسبکاری کورد بووە بەئازادی گەڕاوە و بە ناو دێدا ڕۆیشتووە، بە پێچەوانەوە کچی چینی باڵای کورد چاو لە دەستی دەرکەوان بووە بۆ دەرچوون.
هۆنراوە فۆلکلۆریەکە لە دێڕی دووەمیدا دەڵێت “کەوشی سابڵاخی لە پێدا”، ئەمە ڕیکلامێکی بازرگانی گرنگە، لە سەردەمێکدا ڕۆژنامە و گۆڤار و تەلەڤزیۆن و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن نەبوون بۆ ڕیکلامی بازرگانی و فرۆشتنی کاڵاکان. ڕەنگە هۆنراوە و گۆرانی و پەند و قسەی نەستەق کە لە شوێنە گشتییەکاندا دەگوترانەوە باشترین ڕیکلام بووبێت بۆ بە دەرخستنی بایەخ و گرنگی هەر کاڵایەک. “کەوشی سابڵاخی” دەبێت جۆرێکی تایبەتیی پێڵا و بووبێت و خەڵکانێکی دیاریکراو لە پێیان کردبێت. ئەمەش بەرەو ئەوەمان ڕادەکێشێت ئەو پرسیارە بکەین ئایا ئەم جۆرە کەوشە هەر وەکوو مۆدێلێک بە “سابلاخی” ناوی دەرکردووە؟ ئیتر مەرج نییە لە کوێ درووستکراوە و دەسکاری هەر جێگەیەکی دیکە بووبێت، یان نەخێر، ئەم جۆرە پێڵاوە لە مەهاباد درووستکراوە و ناوبانگی باشی هەبووە و بە کوردستان دا بڵاو بووەتەوە؟
هاوکات، دەکرێت ئەو قۆناغە مێژووییەش، تا ڕادەیەک، دەستنیشان بکەین کە ئەم هۆنراوەیەی تێدا هاتۆتە بەرهەم. بۆ نموونە، ئەگەر مێژووی گەشەکردنی ئابووری و بازرگانی لە کوردستان دا بخوێنینەوە و بە سەرتاکانی وەرچەرخانی چینایەتی و پەیدابوونی پیشە دەستییەکاندا شۆڕ بینەوە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت لە چ سەردەمێکدا کاڵای درووستکراوی شارە کوردییەکان، لە ناویاندا درووستکردنی پێڵاو، بە تایبەتیی لە مەهاباد دا، کەی ئەو ناوبانگەی هەبووە و بازاڕی شارەکانی دیکەی کوردستانی پڕ کردووە. دواتر کەی پاشەکشەی کردووە لە بەردەم کاڵای بیانی و لە جێگەیدا پێڵاوی ئیتاڵی و ئەڵمانی هتد… ناوبانگیان پەیدا کردووە، هۆکارەکانی ئەم گۆڕانکارییانەش چی بوون دەکرێت قسەی لەسەر بکرێت.
جگە لەم ئاماژە کۆمەڵایەتی و ئابووریانەی لە میانەی هۆنراوەکەوە دەتوانین سەرنجیان بدەین، لە ڕووی زمان و وشەی هاوبەشی نێوان زمانی کوردی و زمانانی دیکە، دەبینین لە دێڕی سێیەم و لە درێژەی وەسف کردنی کەوشەکەدا دەڵێت:
“سۆلی” زەردە و “مەحس”ی تێدا
سەرەڕای ئەو خوێندەواری و تێکەڵاوی و کرانەوەیەی لە کۆمەڵگەکەماندا هاتووتە کایەوە، ڕەنگە هێشتا زۆربەی کورد ئەمڕۆ نەزانن “سۆلی” چییە و لە ئاخاوتندا هەر بەکاری نەهێنن، کەچی باوباپیرانمان سەرەڕای نەخوێندەواریان، لە هۆنراوە و گۆرانی هەڵپەڕکێدا بەکاریان هێناوە.
سەیر نییە ئەگەر ئەمڕۆ لە بواری ڕاگەیاندن و تەکنۆلۆجی و بازاڕ و ناوی کەرەستە و ئامێرە نوێیەکاندا، سەدان وشەی زمانی بیانی بەکاربێنین و سەدان وشەی زمانە بیانییەکانیش هاتبنە ناو زمانی کوردییەوە بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و لێڕامانە هەبوونی سەدان وشەی زمانێکی وەکوو ئینگلیزییە لە گۆرانی فۆلکلۆری کوردیدا. ئەمە لەکاتێکدایە کە وەک دەزانین لە ڕووی جوگرافییەوە کورد و ئینگلیز هەر یەکە لە لایەکی گۆی زەوی دەژین و هەزاران کیلۆمەتری ڕێگایان لەنێواندایە. بۆیە ئەمە جۆرە ڕاڤەکردنێکی دیکە هەڵدەگرێت تا هۆکارەکانی ئەم هاوبەشیە بزانین. هیوادارم بتوانم لە بەشێکی دیکە ئەم نووسینەدا بێمەوە سەر ئەو باسە .
لێرەدا وشەی “سۆلی” بۆ جۆرە پێڵاوێکی تایبەت وەکوو نەعل یان هەر ژێرکەوشێک بەشی سەرەوەی تەواو نەکرابێت، بەکاردێت. لە زمانی ئینگلیزیشدا (sole) هەمان مانای هەیە و جۆرە پێڵاوێکە لای دوواوەی یان سەرەوەی پاژنەی تەواو نەکراوە و کراوەیە. واپێدەچێت کە کەوشی سابڵاخی وەکوو سۆلی بە پێستەیەکی خۆشەکراوی ڕەنگکراوی زەرد پێشەکەی درووستکرابێت و بە “مەحس” کە پێستەیەکی خۆشەکراوە، بۆیە نەکراوە لای دواوەی گیرابێت، یان وەکوو نەخش و نیگار بۆ پاراستنی لە تەڕبوون لەسەر ژێرکەوشەکە بە “مەحس” ڕیزێک چنرا بێت.
خۆزگە جگە لەوەی کورد مۆزەخانەی کەلەپوور و جلوبەرگ و کەرەستە و ئامێرەکانی دەبوو، لە هەر زانکۆیەکیشدا لە بەشەکانی زانستە کۆمەڵایەتیی ومرۆییەکان وەکوو تاقیگە، مۆزەخانەیەک دەبوو بۆ قوتابییان و خوێندکارانی ئەو بەشانە تاوەکوو توێژینەوەیان لەسەر بکەن .
دێڕی کۆتایی چوارینەکە لە دەرگای بابەتێکی کۆمەڵایەتی زۆر گرنگی داوە و ئاماژە بە سیستەمێکی کۆمەڵایەتی تایبەت دەکات، کە دەڵێت:
“دایک”ت کوێر بێ تۆی بە “کێ”دا
ئەم دێڕە هۆنراوەیە شایانی توێژینەوەی زانستی زۆر قووڵە، پەیوەندی بە دایکسالاری و باوکسالاریەوە هەیە، کە دەبێت دایک لە بەشوودانی کچدا ڕۆڵی زۆر گرنگی هەبووبێت. وەک لە پەروەردەکردنیشدا ڕۆڵی هەبووە و لە پەندی پێشینان و قسەی نەستەقیشدا ئەم ڕۆڵە ڕەنگی داوەتەوە و چەندین نموونە هەیە گوزارشت لە کاریگەریی دایک دەکەن لەسەر کچ. وەکوو ئەو پەندە گەرمیانیەی دەڵێت “دایکە بدوێنە و دوێتە بخوازە”، واتە کچ هەمان شێوەی دایکە و ئەگەر لە بینینی دایکیدا هەموو ڕەفتار و هەڵسوکەوتیت بە دڵ بوو بێ سێ و دوو کچەکەی بخوازە و دوودڵ مەبە لە هاوسەرگیری. هەروەها “گیا لەسەر بنجی خۆی دەڕوێتەوە” یان “ئەوەی بیخۆی بە شیری تەرکی ناکەی بەپیری”. هەموو ئەمانە جەخت لەسەر ڕۆڵی دایک دەکەن، بۆیە لە هۆنراوە و گۆرانی فۆلکلۆریشدا ناڵێت باوکت کوێر بێ یان براکەت کوێر بێ تۆی بە کێ دا، بەڵکوو دایک خاوەن بڕیاری کۆتایی بووە، یان لانی کەم ڕۆڵی هەبووە. جگە لەمەش چەندین هۆنراوەی فۆلکلۆری کوردی دیکە هەیە جەخت لەسەر هەمان ڕۆڵی دایک دەکەنەوە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، بۆ نموونە، “ئەتۆ دایکت ڕازی کە باوکت بۆ من هیچ ناڵی”. واتە ئەوەی ڕێگرە لە بەردەم بە یەک گەیشتنی ئەو دوو خۆشەویستەدا دایکە، نەک باوک، ئەمەش گوزارشت لە دەسەڵاتی دایک دەکات لە خێزانی کوردیدا. لە چەند هۆنراوەیەکی دیکەدا دەگوترێت:
بە پشت ماڵیاندا ڕابردم
دایکی یارێ بانگی کردم
ئەو کیژۆڵەی خەڵات کردم
یان
لەگەڵ تۆمە ئەی حەیاتم
دایکت تۆی کرد بە خەڵاتم
واپێدەچێت دایک ئەو دەسەڵاتەی هەبووبێت کچەکەی پێشکەش بکات نەک باوک، چونکە لەم هۆنراوەیەشدا ڕۆڵی باوک ونە، ئەم بابەتە لە زانستی مرۆڤناسیدا جێگایەکی تایبەتیی هەیە و جێی مشتومڕ و دەماقاڵەی نێوان زاناکان بووە و پەیوەندی بە جۆرەکانی هاوسەرگیری و ژن و مێردایەتی و دەسەڵاتی خێزانییەوە هەیە. بۆ نموونه، زانایەکی مرۆڤناس، “مەردۆک”، توێژینەوەی لەسەر بەراوردکردنی 250 کۆمەڵگە کردووە لە ڕووی جۆری خێزانیەوه، کە لە زۆربەیاندا دەسەڵاتی باوک زاڵە و کۆنتڕۆڵی کار و بڕیارەکانی خێزانی کردووە. ئێمەش لە کۆمەڵگەی کوردیدا کەلەپوورێکی فراوانمان لەم بوارەدا هەیە و پێویستیان بە توێژینەوە و ساغکردنەوەی سەرچاوەی دەسەڵاتە لە خێزاندا.
ئەم بابەتە سەرەتایەکە هیوادارم هەم خۆم هەم توێژەرانی دیکە زیاتر گرنگی پێبدەن و کاری قووڵ و بەرفراوانتر لەم بوارەدا ئەنجام بدەن. [1]