=KTML_Bold=هێشتا یادی #هەڵەبجە#و ئەنفال نەکراوەتەوە!=KTML_End=
#هۆمەر محەمەد#
ئەفسوس ئەمڕۆ لە یادی هەڵەبجەدا لەبری ئەوەی دەستکەوت و شانازییەکانمان بژمێرین، هاتووین بەدوای جوانییەکان ودەستەکەوتەکانیشدا دەگەڕێین هەتا توڕیان بدەینە خانەی شەرمەزارییەکانمانەوەو توڕیان بدەینە ناو کۆی ئەو دەستکەوتانەشەوە کە لە پێش ڕاپەڕین هەمان بوون و لە دوای ڕاپەڕین دۆڕاندومانن. کوورت و کوردی دەردمان زۆرە و حەکیم کەم لەم دەرمانی و بێحەکیمەشدا نازانم لە کوێوە دەست پێبکەم، با جارێ لە دەردە گوشندەکەوە زارهەڵهێنمەوە، دەردی گرگنی.
بەدرێژایی ئەمڕۆ (16ی ئازار) یادی کیمیابارانی هەڵەبجە، سەرباری سەرقاڵییەکی کوشندەش، لەگەڵ خۆم لە گفتوگۆدا بووم، خۆم و کەسی تر نا، دەبێت چ بڵێم و چ نەڵێم لەم یادەدا، بەداخەوە نەمتوانی شتێک بنووسم شایان بە تراژیدیای هەڵەبجە و گیانی قوربانییەکانی و ئەو شکستە شەرمهێنەرەی کورد بێت کە لە دوای تراژیدیاکە پێیگەیشتین! بەبیری کێدا دەهات لە دوای ئەنفال وکیمیابارانکردنمان، لە دوای دەسەڵاتی #بەعس#، دەسەڵاتداری کورد هێندە بێباک و بێ هەیبەت و بێ توانا بێت بەرانبەر بەو هەموو خوێنەی لەبەر کورد ڕۆیشت؟ بەتایبەتیش خوێنی ئەو هەموو منداڵ و خەڵکە بێچەکەی هیچ دەسەڵاتێکیان نەبوو لەشەڕ و ئاشتی نێوان شەڕەکەرەکاندا، بێباک بەرانبەر تاوانبارانی هەڵەبجە و ئەنفال!
هەمیشە لە خۆم دەپرسم چۆن “شۆڕشگێڕەکان” لەڕوویان هات هەڵەبجە بکەنە مەیدانی شەڕی ناوخۆ؟ ئینجا هەر خۆم وەڵامی خۆم دەدەمەوە: بۆ نا، دڵرەقی و توندڕەفتاری ئەوان گەیشتە ئاستێک لەبێویژدانی دەستیان چووە خوێن و قوتی خەڵکیش .
تۆ واز لە سیاسییەکان بێنە و تەماشایەکی ڕووماڵی میدیاکان و ئەو یادکردنەوە گاڵتەجاڕیانە بکە! میدیاکار و سەماکار بەسەر برینی هەڵەبجەوە خوێ دەکەن بەبریندا، سەما هونەرێکی باڵایە و لەتوانایدایە گوزارشت لەتراژیدیا بکات، کێشەکە هونەرەکە نییە، بەڵکوو بێ هونەرییە، ئەو کیژانەی سەماکارنین و هونەری سەمایان پێسپێردراوە، ئەو میدیاکارانەی لوتیان لە ئاسمانە و خۆیان لێبووەتە فیرعەونی فەزای ڕاگەیاندن و هێشتا نازانن چەمکەکانی “هەڵە” و “تاوان” یاخود “ڕزگاربوون” و “ئازادبوون” لێک جیابکەنەوە، کەچی دەستەواژەی قەبە لەزاریان دێتەدەرێ! ئینجا گوێ لە سیاسییەکان بگرە مرۆڤ نازانێت لە بەرانبەریان بگری یان پێبکەنێ!
لەم یادەشدا دیسان جەخت دەکەمەوە، هێشتا یادی هەڵەبجە و ئەنفال نەکراوەتەوە! بەڵام هیوام هەیە کە ڕۆژێک بێت جوان و بەهادار و شایان بە کورد و قوربانییەکان یادیان بکرێتەوە. ئەو ڕۆژەی کورد بەئاگایە و خەریکی خودنەفرەتی نییە، بەڵکوو خەریکی بەرهەمهێنانی مانایە لە شکست وسەرکەوتندا و خۆی بنیات ناوەتەوە، دەنا حیزبی پاسیف و ڕێکخراوی پاسیف و زۆربڵێی بێ قسە یادی ئەنفال و هەڵەبجەیان پێناکرێتەوە.
کاتێک مرۆڤ باوەڕی لەدەستدا ئەخلاق و مۆڕاڵی دەکەوێتە مەترسییەوە، کاتێک متمانەی دەمرێ و ئەخلاق لەدەست دەدات، با کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوانیش بێت، ئەگەر نەشبێتە دڕندە، دەبێتە هیچ و پوچترین و قێزەونترین بوونەوەر، پاسیف و ڕووخێنەر، نەڕێز لە خۆی دەگرێت و نە لە شەهید و ئەنفالکراوەکەی. شەڕی ئەو جۆرە کەسانە لە ڕووکاردا وادەردەکەوێت لەگەڵ دەسەڵاتداری کوردە، بەڵام بەپێچەوانە شەڕی ئەوە دەکات کە خۆی نەبووەتە دەسەڵاتدار و پشکێکی لە گەندەڵی و ستەمکاریدا نییە. ئەو کەسانە ڕێک و ڕوون شەڕیان لەگەڵ بەهای ئینسانە. خۆ ڕەنگە زۆر بن لەوانە کە بە پاسەوانییەک یان بە بڕێک پارە زۆر مەمنون و ڕازین، دەنا شەڕی ڕاستەقینە لەگەڵ دەسەڵاتداری کورد، شەڕە لەگەڵ بەعسیزم. هەر هیچ نەبێت دامودەزگاکانیان پڕن لە کۆنەبەعسی. ئیدی خێرە لە دژی ئەوان پەلاماری هەموو جوانییەکی کورد بدەیت و دوعای خێر بۆ سەدام بکەیت؟ لەکاتێکدا مرۆڤی هۆشیار و بوێر ڕێگە بەخۆی نادات لە ڕقی دەسەڵاتدارانی ئێستا سەدام جوان نیشانبدات، بەڵکوو دەسەڵاتداران دەتوانێت بیانخاتە هەمان خانەی سەدام و سەرەنجام هەمان قەفەزی تاوانکاری بەعسییەکانەوە.
لۆژیکی ئەنفال لە ئێراق و کوردستان، هێشتا پابەندییەکی زۆری بە لۆژیک و بیرکرنەوەو ڕەفتاری بەعسەوە هەیە، مرۆڤ پەراوێزە و حیزب و سەرۆک سەنتەرن. ڕاستە بەعس وەک دەسەڵات لەسەر شانۆی ئێراق نەماوە، بەڵام کورد وتەنی لە کەوڵیتر و فۆرمیتر دا ئامادەیە تەنانەت لەناو خانەوادەی قوربانییەکانیشدا، هەر تەنیا بەسوک تەماشاکردنی مرۆڤی ئەنفالکراو ئەخلاقێکی بەعسیانەیە، بەعسییەکان کەسوکاری ئەنفالیان وەک پەراوێزخراوێک فرێدابووە تەنیشت مەرگەوە. ئایا لە جەوهەردا نەک لە ڕووخساردا هیچ گۆڕاوە ؟ بیرکردنەوە و مامەڵەی حیزبە سیاسییە کوردییەکان هەمان بە سوک تەماشاکردن نییە؟.
ئایا ئێراقی دوای بەعس ئێراقی هەمووانە؟ یان هیی بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانە؟ ئایا دەسەڵاتدارانی ئێراق و کوردستان بە کورد و عەرەبەوە بە سوننە و شیعەوە لە بەرانبەر تاوانی ئەنفال و هەڵەبجەدا هەست بە خەجاڵەتی و شەرم دەکەن؟ عەرەبەکان بە زمان و ئاماژەی جیاواز جەخت لە پیرۆزی عەرەب و جەخت لە عەرەبیبوونی ئێراق ناکەنەوە؟ ئەمە هەمان لۆژیکی بەسوک تەماشاکردن و هەمان لۆژیکی ئەنفالە لە فۆرمی جیاوازدا.
لە هەمووان مەترسیدارتر دەسەڵاتداری کوردە، کە سوکتر لە هەر شتێک تەماشای ژیان و مەرگی مرۆڤی کورد دەکات. ئەمەش دەرگای بۆ هەندێک کردووەتەوە هەتا لەکاردانەوەدا دوعای خێر بۆ سەدام بکات! کار گەیشتە ئەوەی ئەمڕۆ لە یادی هەڵەبجە دا لەداخی دەسەڵاتداری کورد دەنگی ناشاز بڵندبووەوە و گەردنی سەدام ئازاد دەکات. ئەمە با کەسوکاری قوربانیش بێت شایانی گوێ لێگرتن نییە بەڵکوو شایانی ڕیسواکردنە، چونکە بەرلەوەی سووکایەتی بەو هەموو خوێنە بکات شەقێک لە بەهای ئینسانی خۆی هەڵدەدات. ئینجا لە ڕۆحی قوربانییەکانی هەڵەبجە.
ڕاستە ئەمانە ئەگەر لەخۆراوابوایەن و دوعایان بۆ هیتلەر بکردایە، بەسەریانەوە نەدەچوو، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکراو لە دادگا سزادەدران، چونکە لەوێ یاسا هەر بۆسزادان نییە، بەڵکوو بۆ خزمەتگوزاریشە. لێرە وەک قانون نییە میدیاش وێرانە، دەنا بە چ لۆژیکێک قسەی ئاوا شایانی سەرشاشەی تیڤی و ناومیدیایە. لەزاری کێ؟ لەزاری کەسی یەکەمی قوربانیانەوە!
دەی وا دەسەڵاتداران و دادگاکان و میدیاکان باکیان بەم نەخۆشکەوتنەی قوربانی و بەم “ڕیسواییە” نەبوو، ئەی چەند چالاکی ڕێکخراوی مەدەنی و چەند کەسوکاری شەهیدەکان و چەند بریندار و چەند ئازادیخواز سەریان ماڵیاندا کردوو چوون بەهانایەوە بۆ دڵنەوایی هەتا باری لاری ڕاست بکەنەوە؟ کێ چوو گفتۆگۆی لەگەڵدا بکات و بەوپەڕی ڕێزەوە، دەرگای پزیشکێکی دەروونی نیشاندا هەتا کەسایەتی بنیاتبنێتەوە و نەهێڵێت لەوە وێرانتر بێت؟ [1]